پەندێك هەیە دەڵێت: بەحوشتریان وت پشتت خوارە!!
حوشتریش وتی: جا كوێم ڕاستە تا پشتم خواربێت
ئەمە ڕێك بۆ ئەم مەملەكەتە حوشتر ئاسایەی ئێمە ڕاستە، مەملەكەتێك نە كارێكی ڕاستی تیادا ماوە، نە كەسیش هەوڵی ڕاستكردنەوەی دەداتو خەریكە وەك حوشتر هەموو كایەكانی خوار دەبێت.
مەملەكەتێك:
- بازرگانی بەژیانی خەڵكەوە دەكرێتو خەڵك كراوە بەكاڵا، دەرمانی خراپو خواردنی ئێكسپایەری دەرخوارد دەدرێت.
- مەملەكەتێك سروشتێكی جوان، كەچی هەناری لەمیسرو سێوی لەئێرانو گوێزی لەئۆكرانیاو سەوزەی لەدەرەوە بۆ دێت.
- مەملەكەتێك ژێری نەوتە، كەچی نەوت شك نابەین بۆ خۆ گەرمكردنەوە، كەسانیش هەن بەتەنكەر دەیخۆن.
حسێن پاپولی لەیاداشتەكانی بەناوی (شازادەی حەمام دەڵێت) دراوسێیەكمان جامێ: نەوتی خواردەوە نیوە مەرگ بوو كەچی دەیانوت خەڵك هەیە بەبەرمیل دەیخوات، ئێستاش تێنەگەیشتم چۆن ئەوان ناكوژێت تا گەورە بومو تێگەیشتم لێە بەتەنكەریش تێرناخۆنو ناشیانكوژێت.
- لەم مەملەكەتە، چەتەكان وەك سەردارو فریشتە خۆیان دەنوێننو ڕقمان لێیانە، كەچی كە دەیانبینین سێڵفی بەرناكەوێت.
- عەوامەكان ڕۆژ تا ئێوارە شەڕیانە، ئەمیان دەڵێت سەرۆكی من ڕاستەو فریادڕەسەو ئەوی تریش دەڵێ سەرۆكی من باشو هی تۆ جاشە، لەكاتێكدا باشەكەیان تورێك نایێژێ..
ئەوانەشی ناچنە ناو ئەو لیخنیەوە بەر نەفرەت دەكەون.
- ئێستاش باسی فیرعەونو حەجاجەی سەقەفیە كە زاڵم بون، تۆ ببینە لەم مەملەكەتی حوشترە سەدان فیرعەونو حەجاج مێشكی خەڵك دەپژێنن، خەڵك دەكوژنو بێ نانی دەكەنو بەڕەفتارەكانیان نەك كەعبە، بەڵكو عەرشی خوایشیان هەژاندوە.
- باسی مەكتەبو نەخۆشخانەو زانكۆو دامەزراوەكانیش ناكەم ئەوە هێند خواربون بونەتە وێنەیەك كە حوشتر خۆیشی نایناسێتەوە چ بونەوەرێكە.
- لەم مەملەكەتی حوشترە، ئاییندار لەبری بانگهێشتكردن بۆ هیدایەت، جنێو دەدات، مەشروبخۆر جنێو دەدات، باوكیو دایك جنێو دەدات، ڕۆشنبیرو جاهیل جنێودەدات.. حوشترخانەیەكە ئەوپەڕی دیارنییە.
تۆ بڵێی كەی ئەم مەملەكەتی حوشترە تەفروتونا ببێت یان تۆزێك ڕاست ببێتەوە،
بێگومان خۆیشمان هەموو بەشێكین لەو بەحوشتركردنەی مەملەكەتەكەمان.
#ڕوون_میدیا