لەتیف فاتیح فەرەج
ئەگەر لەمەترسیە دەرەکیەکانی تورکیاو ئێران بگەڕێین و هەر لەسەر مەترسیە ناوخۆییەکان قسە بکەین، دەبێت یەکەمین پەنجەی تۆمەت بۆ سەرانی پارتی و یەکێتی و دواتر لایەنەکانی دیکە درێژ بکەین .
لەڕاستیدا بەرپرسانی سەرەوەی پارتی و یەکێتی بەتایبەت نەوەی دوەمی حزب و دەسەڵات، کوردستانیان گەڕاندوەتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ و ململانێی ناشرینی مەلایی و جەلالی .
بەر لەوەی لەسەر ئەم خاڵە بوەستین دەبێ بڵێین دوای نەمانی تاڵەبانی باوک و نەوشیروان مستەفا زەمینەی گەورەی دەستوەردان و لە مەنگەنەدانی بەبەرنامەی سنوری دەسەڵاتی یەکێتی دەستی پێکرد و پڕۆژەی بە دۆزەخکردنی سلێمانی کە دەیان ساڵە کاری بۆ دەکرێت چووە بواری جێبەجێ کردنەوە .
هەموو ڕوپامایی و لەبەر چەمینەوەی بارزانی باوکیش نەدادی یەکێتی و نەدادی لایەنەکانی تری دا، لەڕاستیدا بارزانی باوکیش ئێستا هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەماوەو شمشێر لای کوڕی لەبەر دڵانە.
ئێستا یەکێتی یەک یەکێتی نیە و لە ڕاستیدا سیانە، یەکێتی بافڵ و یەکێتی لاهور و دەوروبەرەکەیی و یەکێتی بەتەمەنەکان کەمەلابەختیار جار جار ئاماژەیپێدەدات.
ئیشکردنی پارتی لەناو ئەم سێ یەکێتیەدا زۆر ئاسانترە لەوەی یەکێتی یەک بێت، کێشە ئەوەیە یەکێتی خۆیشی ناتوانێ خۆی بکاتەوە یەک .
لایەنەکانی دیکەش ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نیە تا جێی باس و خواس بێت و بڕواناکەم بتوانن لەهیچ شتێکا ڕووبەڕووی سیاسەتی پارتی ببنەوە.
ئەم بارو دۆخە ناوخۆییە وای کردووە دەستوەردانی تورکیا و ئێران و تەنانەت عیراقیش زیاتر بێت، سەیر لەوەدایە پارتی و یەکێتی ئامادەن هەرچی دووژمن بیەوێت بۆی بکەن، بەڵام بەمەرجێ لەزیانی ئەوی تر بێت.
شەڕی پۆست لەبەغدا تانزمترین ئاست ڕۆیشتووە یەک بەرپرسی پارتی و یەکێتی نادۆزیتەوە بەگژ ئەم ناشرینیەدا بچێتەوە، نەک هەر شەڕی پۆست، شەڕی ملدان و ملشکاندنیش بەڕێوە دەچێت، بۆ نمونە لایەک ئەگەر خۆی خەریکی ملدان و خۆبچوککردنەوەی بەردەم بەغدا بێت بەنیشتمان پەروەری لەقەڵەم دەدات و ئەوی تر هەرهەنگاوێ بە ئاراستەی بەغدا بنێت بەخیانەت، لەڕۆژانی ڕابردودا مرۆڤی ژیر زۆر بەئاسانی دەیتوانی ئەم دۆخە ببینێ.
ئەزمونی ڕاکردن و خەڵک جێهێشتن و پشتکردنە خەڵک لای پارتی و یەکێتیش ئەزمونێکی دوورو درێژە و، هیچ گوێیان بەوە نیە جاری دیکەش دوو بارەی بکەنەوە، بەڵام لەئێستادا جادەکەیان بۆ تەختەو جارێ کاتی ئەوە نەهاتوە، کەبڕوام وایەبەمجۆرە بڕوات ئەویش دەبینین .
سەرنج و ڕەخنەکانی هاوپەیمانان لەسەر بەڕێوە بردنی وڵات و بارودۆخی پێشمەرگە و وەزارەتە وێرانکراوەکەی ئەو بوارە پێمان دەڵێت هیچ شتێک مەحاڵ نیەو ئەم دوو حیزبەش گوێیان لەهەرەس و شکست و خیانەت نیە .
ئەی خۆیان نەیانگوت شکست و ڕاکردنیش دەبێت ؟!
#ڕوون_میدیا