دەوام لە رێبەندان و پشوو لە بەهاردا
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان*
هەموو ساڵێک گرفتێک دووبارە دەبێتەوە و چارەسەریش ناکرێت و چارەسەریش کارێکی ئەستەم نییە، لە گۆڕینی سیستمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستاندا کات و رێکەوتی تاقیکردنەوە و پشووەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا هات، بەتایبەتی پشووەکانی (نیوەی ساڵ) ئێستا پێی دەوترێت کۆتایی وەرزی یەکەم، بەپێی سیستمی پێشووی عیراق و تائێستاش لە ناوەڕاست و خوارووی عیراقدا هەمان شێوەیە پشووی نیوەی ساڵ لە سەرەتای مانگی شوبات دەستپێدەکات تا نیوەی مانگی شوبات بەردەوام دەبێت.
بێگومان لە دانان و بڕیاردان لە پشووەکان بەتایبەت ئەو پشوانەی تایبەتن بە پەروەردەوە گرنگە دۆخی کەشوهەواو ئەو بارودۆخەی وەرزەکانی پێدا تێپەڕدەبێت لەبەرچاو بگیرێت لە سەرانسەری شوێنە جوگرافییەکاندا بەجۆرێک هاوسەنگییەک لە هەلومەرجەکانی چۆنییەتی دەوامکردن بڕەخسێنێت و هیچ شوێنێک دووچاری ئاستەنگ نەبێت، لە کاتێکدا کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە مانگی رێبەندان ئەستەمی و ئاستەنگییەکی گەورە بۆ شوێنە شاخاوییەکان و سنوورەکان و کوێستانەکان دروست دەبێت، بەڵام بەداخەوە لە گۆڕانکاری پشووەکاندا هیچ ئەم دۆخە لەبەرچاو نەگیراوە و لەوکاتە سەختەدا دەوامدەکرێت.
ئەو واقیعە جۆرێک لە ناجێگیری و بڕیاری بەپەلە و ناوەختە و تایبەت بەهەندێ شوێن و جێگە دێنێتە کایەوە و شەو نییە پەروەردەی شوێنێک نەیکاتە پشوو، قوتابخانەی شوێنێک نیگەران نەبێت، ناوچەیەک لە دوودڵی راڕایی دەوام هەبێت و نەبێتدا رۆژ نەکاتەوە، ئەم حاڵەتە نە پەروەردەییەو نە تەندروستە و نە واقیعیشە، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا لە ناوەڕاستی مانگی (رەشەمێ)وە دەکرێتە پشووی بەهارە تاسەرەتای مانگی نەورۆز، لەکاتێکدا کەشوهەوا دڵگیر و هاوسەنگ و خاوێن دەبێتەوە و هەلومەرجێکی زۆر لەبارە بۆ دەوام و خوێندن و بووژاندنەوەی هەست و کەشی خوێندن و پەرەدان بە جووڵە و وەگەڕخستنی تواناکانی خوێندن.
ئەو پشووە لەوکاتە هەستیارەدا کاریگەری زۆر نەرێنی دەکاتە سەر گوڕوتینی خوێندکاران و پاشەکشەیان پێدەدات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو شوێنانەی چەندین رۆژیان کردووە بە پشوو لەپێشتردا لە پلان و خوێندن و تەواکردنی کتێبەکانیان دوادەکەون و ناچار لەمانگی چواردا بە پەلەپەل و خێرایی دەبێت تێیپەڕێنن، ئەمە بۆچی؟ بەڕاستی جێی سەرنجە چۆن دەبێت لە مانگی رێبەندان، بە بەستەڵەک و بەفر و باران و رێگیران و ئەو هەموو ئاستەنگانەی کەشوهەوا و دۆخی فیزیکی لە نەبوونی رووناکی و گەرمی و سووتەمەنی دەوام هەبێت، بەڵام لە وەرزی بەهار دەوام نەبێت، ئایا ئەو هەموو پشوانە پێویستن بۆ پێشوازی لە بەهار و خۆشی دەربڕین؟ ئەو پشوانە لەکوێی قازانجی پەروەردەدان؟ ئێمە ئەم نووسینە لە خەمی پەروەردەدا دەنووسین، نەک لەڕووی ئەوەی خواستی گەشت و سەیران و چوونە دەرەوە زیاتر و پێویست بێت لەو پشوانە، هەر وەک چۆن وای دەبینین لە کاتی ئاستەنگی کەشوهەوادا نابێت دەوام هەبێت، رێکخستنەوەی ئەم پشوانە بە گونجاندن لەگەڵ دۆخی جوگرافی و سروشتی شوێنەکان کارێکی پێویستە بۆ ئەوەی مانگەکانی بەفرانبار و رێبەندان نەبێت بە هەواڵی بەپەلەی فڵان پەروەردە کردی بە پشوو یان لە کاتی دەوامدا پەروەردەیەکی تر پشوو رابگەیەنێت.
*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی