لە ھەر شوێنێک سکاڵا دژی ھەرێم جوڵێندرا ئێوە دۆڕاندتان

لە لایەن د. یوسف موحه‌ممه‌د26/03/2023

لە ھەر شوێنێک سکاڵا دژی ھەرێم جوڵێندرا ئێوە دۆڕاندتان
چاوەڕێین بەیاننامەیەکیش لەسەر دەستەی ناوبژیوانیی پاریس بە ھەمان ئاواز دەربکات!"



بۆچی بەیاننامەیەک لەسەر دەستەی ناوبژیوانیی پاریسیش دەرناکەن!؟
یوسف محه‌مه‌د- سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان 
مەلەفی نەوت و گازی ھەرێمتان ئەوەندە خراپ و ناشییانە ئیدارە دا، لە ھەر شوێنێک سکاڵا دژی ھەرێم جوڵێندرا ئێوە دۆڕاندتان و باجەکەشتان خستە سەر ھاونیشتیمانیانی ھەرێم، ھەر لە سکاڵاکەی ئەمریکاوە بیگرە تا سکاڵای دانەگاز لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەندەن و ئینجا دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و وا بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی سەر بە ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریسیشی ھاتە سەر!
بزانن چۆن بە نەزانی و گەندەڵی کارتی وزەی ھەرێم و سامانی ژێر زەویی خەڵکی کوردستانتان کردە کارتێکی سوتاو و، لەبری ئەوەی بیکەنە ھۆی بەھێز کردنی ھەرێم، کردتانە سەرچاوەی لاواز کردنی زیاتری ھەرێم!؟
زۆرمان وت کە پێش ئەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی و بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی پاریس دەرچێ، لەگەڵ بەغدا رێکبکەون، بەڵام بێ ئەنجام بو. ئێستا ئیتر باشترین بژاردە بۆ خەڵکی کوردستان جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییە.
دەسەڵاتدارانی ھەرێم نەوت و گازیان کردۆتە بارمتەی خۆیان بۆ ئەوەی وەک میر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و زامنی مانەوەی دەسەڵاتیان بکەن، بەڵام وادیارە ئیتر ئەوەش دادیان نادا.
کە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ ھەرێم دەرچو، بارزانی بەیاننامەیەکی دەرکردو چواندی بە «دادگای سەورە»، چاوەڕێین بەیاننامەیەکیش لەسەر دەستەی ناوبژیوانیی پاریسیش بە ھەمان ئاواز دەربکات!

وتاری زیاتر