خەڵك هەیە(برا)کەی برای ڕاستەقینەیەتی، پەیوەندی پشت و خوێن پێکەوە ئەیبەستێتەوە.
هەیە(برا)ی شیرییەتی، ئەوەیان کاتی خۆی ئامێز بە ئامێزکراون و تێر شیری دایکی یەکترییان نۆش کردووە، تازە ئەوانیش بران.
سەردەمێك حیزب بوو بوو بە(پشت) و (خوێن) و هەم(شیر)یش بە هەر چوار قوڕنەی دنیادا برای بۆ ساز ئەکردین.
خەریکە هەموو ئەمانە کاڵ ئەبنەوە، لێ ئێستا و وا بۆ پێنج شەش ساڵ ئەچێت لینکی(ڕیفراندۆم) کۆمەڵێك بەنی ئادەمی کوردی پێکەوە شەتەك داوە، بێ ئەندازە بەرگریی لەیەکتر ئەکەن، خەریکە بڵێم هەموو پابەستییەکی پێشوویان تێپەڕاندووە، ئەوە هیچ کە (چاکە)یان بۆ (گشت) نەبووە، بەڵکو بۆ هەموو (خراپە)یەکی یەکدی دێنەوە خەت و ئەڵێی (چەپی چلەکان)ـن سۆز ئەکەنەوە بەبەری شیعارات و هوتافەکانیاندا!
فە حەتمەن گروپچات و هامۆشۆی ئۆنلاین و ئۆفلاینیشیان هەیە، چونکە وەك ئەڵێن موویەك هەڵکزێنە هەموویان خڕۆ ئەبن!
وەك ئەم لێدوانەی هەڤاڵ ئازاد لەبری ئەوەی سەرکۆنەیان کردبا، کەوتنەوە لێدانی قەوانە کۆنەکە و عێراق دەوڵەت نییە و کۆمینێتییەکی بەزۆر پێکەوە لکاوە ...تاد
(برا) ڕیفراندۆمزادەکانی دنیا گەردنیان (ئازاد تۆفیق) و (ئازاد جوندیانی)ـیش بێت، بەڵام ئەوانەی هەڵەبجە حەق بوو بیانووتبا: هەڤاڵی موتەسەڕیف، ئەوە کە هیچ عێراق مقەبا و پووش و هەشیمەن تەذروهو ڕیاحە، بەڵام بۆچی ئەبێت ئەم قسانە لەساتی چوونەژوورەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بکەیت کە مەبەستیانە خوێندنەوە بۆ ڕێکاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکەن؟!
هەر بەجدیی ئەم بەنجی ڕیفراندۆمە ئەوەندە توندە بە شەش ساڵ هێشتا بەرت نەدا؟!
ئەڵێن «باوك مردوو وازی هێناوە، بەڵام چێشتخۆر کۆڵ نادات!»
سەرانی ڕیفراندۆم دار و نەداریان ڕادەست کرد،(برا)یان تازە تێهەڵئەچنەوە، ئەویش لە بەختی شەڕی ئێمە لەم کاتە حەسساسەدا!!
حەفتا ساڵە(مەلایی) ڕوو لە بەغا ئەکات، خێرا(جەلالیی) ڕوو وەرئەگێڕێت و شیعاری(کۆنەپەرست) ئەدەنە لای ئەوان و خۆیان ئەکەن بە(پێشکەوتنخوازـ تەقەدومیی)، لە جووڵەیەکی خێرادا (مەلایی) ڕوو لەئێران و بەرەی زلهێزان و (جەلالیی) بەرەو بەغا!
ئەمان لەملا، ئەوان لەولا....ئەم یارییە بەردەوامە و بازرگانییمان پێوەئەکەن، هەمیشە ماڵوێرانییەکەمان بۆ ماوەتەوە، مەگەر ئەوەی لەو نێوەندەدا کۆمەڵێك سوودی لاوەکیی هەبووبێت.
ئێستا کە(ڕەیان کلدانیی) و (قەیس خەزعەلیی) بووە بە قیبلەی تازەی جەلالیون لجودود و ماڵ لەیەکن، حەفتەیەك ئەمان ئەچن بۆ عاسیمە بۆ لای ئەوان و حەفتەی دادێت ئەوان ڕەدی زیارە تەشریف ئەهێنن بۆ دارلمولکی بابان، ئێ لێگەڕێن با ئەم هەڵەبجە پایەماڵ بووە شتێك ببەنە پێشەوە و وەك طائیر لمەشئووم مەخوێنن!!