16/4 ڕۆژی ژیــنگــەی کوردستان و بەردەوامی گرفتە ژینگەیەکان!

لە لایەن سبحان حسێن-پسپۆری ژینگە15/04/2023

16/4 ڕۆژی ژیــنگــەی کوردستان و بەردەوامی گرفتە ژینگەیەکان!

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2008 ڕۆژی ژینگەی کوردستانی دیاری کرد کە هاوکات بووە لەگەڵ یەکەم کیمیابارانی ناوچەی سێوسێنان، لەو ڕۆژە ساڵانە لە کوردستاندا چەندین چالاکی ژینگەیی ئەنجام دەدرێن بەڵام تائێستاش گرفتە ژینگەیەکان بەردەوامن کە چەند هۆکارێکی هەیە، لێرەدا هۆکارەکان و کێشە بەردەوامەکانی ژینگە دەخەینە ڕوو. یەکەم/نەبوونی عەقڵیەتی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ژینگە لەسەر ئاستی گشتی. دووەم/نەبوونی سیاسەتی ژینگەیی بۆ کێشە ژینگەیەکان بەتایبەت ئەو کێشە ژینگەییانەی پەیوەستن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. سێیەم، نەبوونی کەسانی پسپۆڕو شارەزا لە کایەکانی بەڕێوەبردنی ژینگە لە سەرئاستی و حکومەت و دامودەزگاکانی حکومەت. چوارەم، گرنگی نەدان بە لایەنی هۆشیاری ژینگەیی لەسەر هەموو ئاستەکان کە کرۆکی پاراستنی ژینگەیە. پێنجەم، بە ئامانجگرتنی ژینگە وەک کەرەستەیەکی خۆ گەورەکردن و پەیداکردنی پارە لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەخەمخۆری ژینگە بەرپرسیارەتییان هەیە. لە کێشە ژینگەیەکانیش: - نەبوونی چارەسەر بۆ پاشماوە و خۆڵ و خاشاک بەگشتی . -نەبوونی سیستەمی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاویەکان و پاراستنی لە پیس بوون و بەفیڕۆدان. -نەبوونی پلانی زانستی سەوزکردن و پاراستنی سەوزایەکان. -دەستدرێژی کردنە سەر دارستانەکان و زەویە کشتوکاڵیەکان و کردنیان بە پڕۆژەی وەبەرهێنان. -نەبوونی پلانی جێگرەوی وزە نوێبووەکان بۆ دەستخستنی کارەبا. -نەبوونی پلانی جوانکاری یا ژینگەی بینین لەناو شاردا. -نەبوونی پلانی پاراستنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و چارەسەری ڕاوی نایاسایی. -نەبوونی چاودێری ورد بەسەر پڕۆژەکان و کارگە گەورەکان و پابەندکردنیان بە تەواوی ڕێنمایەکان. -بوونی کەمو کورتی لە یاسا و ڕێنمایە ژینگەیەکان و بەڕێوەبردنیان و ئاستی جێبەجێکردنیان. -نەبوونی پلانی پەروەردەیی ژینگەیی بەردەوام لەسەر هەموو ئاستەکان. -نەبوونی پلانی جێگرەوەی گواستنەوەی گشتی کەمکردنەەی هۆکارەکانی پیسبونی ژینگە. -نەبوونی پلانی کەمکردنەوە لە درووستکردنی پاشماوەکان بەگشتی و هەوڵدان بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەو پارێزگاری لە سامانی سرووشتی. چەندین کێشە و گرفتی تری ژینگەی کە هۆکارن بۆ گۆڕانکاریەکانی ئاو هەوا. سبحان حسێن پسپۆڕی ژینگەیی

وتاری زیاتر