رەهەندە خراپەکانی تاوانی سپیكردنەوەی پارە لە عێراق

لە لایەن سابیر عەبدوڵڵا کریم27/12/2023

پێشه‌كی
دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ بە په‌تای سه‌رده‌م و به‌ دایكی ئافاته‌كان ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م، به‌ڵكو تاوانێكی رێكخراوه‌و شێوازو میكانیزمی خۆی هه‌یه‌و به‌ یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین تاوانه‌ داراییه‌كان داده‌نرێت به‌هۆی كاریگه‌رێتی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر لایه‌نی ئابوری، فكری، سیاسی و ئه‌خلاقی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌كان و داموده‌زگاكان، هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین گرفته‌ ئابوریه‌ ئاڵۆزه‌كانی جیهان، چونكه‌ هۆكاره‌ بۆ گه‌وره‌كردنی حاڵه‌تی شێواندنی هاوسه‌نگی و سه‌قامگیری، كه‌ به‌ بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی داده‌نرێت بۆ به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خۆشگوزه‌ران و گه‌شه‌كردوو. له‌پێشدا عێراق به‌م دیارده‌یه‌ ئاشنا نه‌بوو، ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێت نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستی دیارده‌یه‌ك كه‌ پێویست به‌ توێژینه‌وه‌و چاودێریكردن بێت، به‌ڵام له‌ دوای داگیركردنی عێراق له‌ ساڵی 2003، سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ بووه‌ دیارده‌ به‌هۆی نه‌بوونی حكومه‌ت و په‌كخستنی داموده‌زگا دارایی و یاسایی و خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌لایه‌ك و گه‌شه‌كردنی بازاڕه‌ داراییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌لایه‌كی تره‌وه‌.
له‌به‌ر گرنگی ئه‌م دیارده‌یه‌و ئه‌و ده‌رئه‌نجامه ئابوری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌‌ نه‌رێنییانه‌ی لێی ده‌گه‌وێته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌لامانه‌وه‌ گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رێتی خراپی له‌سه‌ر ئابوری و دارایی عێراق له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا بۆ هه‌مووان روون بكرێته‌وه‌.
دیاردەی سپیكردنەوەی پارە یەكێكە لەو دیاردە مەترسیدارە نوێیانەی كە لە سایەی عێراقی نوێدا لە دوای ساڵی 2003وە هاتۆتە ئاراوەو هەڕەشە لە توانای ئابوری و دارایی عێراق دەكات. دوای ئەوەی كێشەی بردنە دەرەوەی دراوی بیانی قورس لە عێراق و ئەنجامدانی جۆرێك لە ئاڵوێری نادرووست لە سیستمی دارایی ئەم وڵاتەدا بە ئاگاداری بانكی ناوەندی عێراق و بە هاوكاری چەند بانكێكی ئەهلی سەریهەڵدا، لە ئێستەدا بووەتە جێگەی باسوخواسێكی زۆرو بە زەقی قسەی لەسەر دەكرێت.
بانكی ناوەندی عێراق سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت
ژمارەیەك لە شارەزایانی دارایی و پەرلەمانتارانی عێراق و ناوەندە ئابورییەكان لەمڕوەوە پەنجە بۆ بانكی ناوەندی ڕادەكێشن و بەوە تۆمەتباری دەكەن كە لە رێگەی تێوەگلان و هەوڵدان بۆ داچۆڕاندنی یەدەگی دراوی بیانی قورسەوە كار بۆ وێرانكردنی ئابوری عێراق دەكرێت، ئەوەش لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی چەند كۆمپانیایەكی دیاریكراو بەسەر ئاڵوێرەكانی بانكی ناوەندی عێراق و ئەنجامدانی كڕین و فرۆشتنی دۆلار و دروستكردنی جۆرێك لە پاشاگەردانی دارایی بەهۆی پەیڕەو نەكردنی بنەما و ڕێنماییە دارایی و بانكیەكان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پرۆسەیە كە پێویستە بە شێوەیەكی زانستیانە لە رووی ئابورییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و وەكو ڕەهەندێكی نیشتمانی تەماشای بكرێت.
هەرچی بانكی ناوەندی عێراقە سەرسوڕمانی خۆی لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانە دەردەبڕێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە تێكەڵكردنێك لە نێوان تۆمەتباركردن و كەمتەرخەمی نواندن لە كارەكانی لیژنەی مەزادەكانیدا و نێوان ئامانجە سیاسیە ژێراوژێر و توێكڵدارو بە مەبەستەكاندا هەیە، كە بەهۆیانەوە دەخوازرێت بۆ بەرژەوەندی هەندێك كەس و لایەنی دەستڕۆیشتوو كۆنترۆڵی بانكی ناوەندی بكرێت و كۆتایی بە سەربەخۆیەكەی لەڕووی بڕیاردانەوە بهێنرێت. بەپێی زانیارییەكان (5 تا 6) مافیای ئابوری لە عێراقدا بوونیان هەیە، كە خاوەنی چەندین كۆمپانیاو بانكی ئەهلی و تایبەتین و لە دەرەوەی بنەما و ڕێنماییە كارپێكراوەكانی تایبەت بە فرۆشتنی دراوەكان كاری فرۆشتنی دراوی قورس ئەنجامدەدەن و بە گشتی قازانجی رۆژانەیان دەگاتە سەرووی (280) ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.
لیژنەی ئابوری پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2012دا ئەوەی ئاشكرای كردووە، كە چەند سەودایەكی ناڕوون و گوماناوی لەلایەن چەند كەسایەتیەكی دەستڕۆیشتوو لە ناوەوە و دەرەوەی بانكی ناوەندیدا لە رێگەی دەست تێكەڵكردن لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی دیاریكراودا لە شێوەی مافیای ئابوریدا ئاشكرا كراوە، كە بە شێوەیەكی ڕێكخراوو بەرنامە بۆ داڕێژراو كاردەكەن بۆ داچۆڕاندنی یەدەگی نەختینەی بانكی ناوەندی عێراق و سەرپۆشێكی ناڕەوا و نایاساییان بۆ پارە و سەرمایەی سەرچاوە نادیار درووستكردووە بە نیازی شتنەوەی دراوە بیانییەكان و هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ‌ بەكارهێنانەوەیان بۆ بەدەستهێنانی سوودو بەرژەوەندی چەند لایەنێك كە خێرو خۆشی عێراق و گەلەكەیان ناوێت.
سپیكردنەوەی پارە بریتییە لە ئەنجامدانی كۆمەڵێك پرۆسەی دارایی و حەواڵەكردنی دارایی واتا گۆڕینی (پارەی پیس) یان پارەی بەدەستهێنراوی نایاسایی بۆ پارەی پاك و مەشروع لە چوارچێوەی سیستمی یاساییدا بە ئامانجی شاردنەوەی سەرچاوەی بەدەستهاتنی ئەو پارانە لەلایەن كەسە تاوانبارەكان و مافیا داراییەكانەوە، پاشان گۆڕینیان بۆ پارەیەكی وەبەرهێنراو بە شێوەیەكی یاسایی و ڕەوا.
لە هەندێك وڵاتانی جیهاندا بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانیكردن بە مرۆڤ و ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ و لەشفرۆشی و تاوانكاری و كاری توندوتیژی، ئەمانە هەمووی بە سەرچاوەی پارەی پیس دەدرێنە قەڵەم، چونكە ئەوانەی ئەو كارانە ئەنجامدەدەن هەوڵدەدەن لە رێگەی پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەوە بەرگێكی شەرعی و یاسایی بە بەری ئەو سەرمایانەدا ببڕن و لە پرۆژەی قازانجخوازی دیكەدا بەكارییان بهێننەوە. ئەمە پرۆسەیەكە لە سەرتاسەری جیهاندا بە بەربڵاوی بوونی هەیە و لە گەشەكردنێكی بەردەوامدایە.
گەورەبوونی دیاردەی شتنەوەی پارە لە عێراقدا لەم چەند ساڵەی دواییدا كۆمەڵێك كێشەو گرفتی ئابوری و كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا هێنانەوە، بە تایبەتی كاریگەری لەسەر گیرفانی بەكاربەرو هێزی كڕینی دیناری عێراقی جێهێشتووە و هۆكارێكە بۆ سەرهەڵدانی گرانی، ئەمە جگە لە تێكدانی شیرازەی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و زەقبوونەوەی جیاوازی چینایەتی لەڕووی خۆشگوزەرانی و ئاستی بژێوی و بەرزبوونەوەی ئاستەكانی هەژاری و گەندەڵی و بەرتیلخۆری و تاوانكاری و ڕفاندن. لەڕووی ئابوریشەوە، شتنەوەی پارە هۆكارێكی ڕاستەوخۆیە بۆ بەتاڵكردنەوەی بانكەكان لە سەرمایە و بردنەدەرەوەی ئامێرو كارگەكان و ئاسەوارە مێژووییەكان بۆ دەرەوە و هێنانە ناوەوەی كاڵاو پێداویستی ماوەبەسەرچوو بۆ بازاڕەكان و ساغكردنەوەیان بەسەر خەڵكی عێراقدا بەبێ‌ رەچاوكردنی هیچ بەهایەكی مرۆڤایەتی و تەندروستی، بەڵكو تەنها ئامانجی بازرگانەكان و ئەوانەی تاوانی شتنەوەی پارە و سەرمایە ئەنجام دەدەن بەدەستهێنانی پارەو زیادكردنی سەرمایەكانیانە. سەرەڕای تازەیی ئەم دیاردەیە لە عێراقدا، بەڵام لەژێر كاریگەری كارلێك كردنی فاكتەرە ژینگەییەكانی ناوخۆی عیراق لەگەڵ ژینگەی دەرەوەدا زۆر بە خێرایی تەشەنەی كردووە.
دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر خێرا له‌ عێراقدا گه‌شه‌یكردو بڵاوبۆوه‌و ده‌رئه‌نجام و كاریگه‌رێتی زۆر نه‌رێنی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌و ئابوری وڵات دروستكردو عێراق بووه‌ته‌ ژینگه‌یه‌كی له‌بارو شیاو بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ سایه‌ی لاوازی لێپێچینه‌وه‌ یاساییه‌كان و نه‌بوونی رێكاره‌ سزاییه‌كان بۆ سنوردانان له‌به‌رده‌میدا، ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ فه‌رانبووندایه‌.
ئامانج له‌م توێژینه‌وه‌یه‌:
- باسكردن له‌ ناڕه‌زایه‌تی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌ گوێره‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی.
- گه‌شه‌سه‌ندنی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌ شێوه‌ی نامه‌شروع (نایاسایی).
- روونكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ له‌ عێراق و كاردانه‌وه‌كانی له‌سه‌ر كایه‌ی ئابوری وڵات.
- جیاكردنه‌وه‌ی پاره‌و دارایی راه‌وا (یاسایی) له‌ ناڕه‌وا (نایاسایی).
- روونكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كان و سروشتی شاراوه‌ی ژینگه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له‌ ئه‌نجامی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌.
- روونكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و قۆناغه‌كانی و فاكته‌ره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی.
- دیاریكردنی رێگه‌و میتۆده‌كانی سنوردانان له‌به‌رده‌م ئه‌م دیارده‌یه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی له‌سه‌ر بازاڕو ئابوری عێراق.
- گه‌یشتن به‌ كۆمه‌ڵێك به‌رئه‌نجامی لۆژیكی و راسپارده‌ی به‌سود.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: چه‌مكی ده‌سته‌واژه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌
هه‌موو پرۆسه‌یه‌ك له‌و پرۆسه‌ فره‌شێوازو به‌رجه‌سته‌بووه‌كانی تایبه‌ت به‌ دیارده‌ی قێزه‌ونی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌، بۆ خۆی یه‌كێكه‌ له‌و سیما تاوانكارییه‌ نوێیانه‌ی كه‌ ره‌هه‌ندێكی ئابوری له‌پشته‌وه‌یه‌، كه‌ ته‌نها له‌ سنوری یه‌ك ده‌وڵه‌تی دیاریكراودا ناوه‌ستێت، به‌ڵكو سنوره‌كانی ده‌به‌زێنێت و ده‌په‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو چه‌ندین ده‌وڵه‌تی تر. سه‌یر له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌موو شێوازه‌كانیه‌وه‌‌ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌ رێگه‌ی نایاسایی به یه‌كێك له‌‌ تاوانه ئابورییه رێكخراوه‌كان له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی داده‌نرێت، به‌ڵكو یه‌كێكیشه‌ له‌ مه‌ترسیدارترین تاوانه‌كان، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ كارو چالاكییه‌ ئابورییه‌ ناڕه‌واو نایاساییه‌كاندا هه‌یه‌و به‌ ئابوری شاراوه‌ (ژێراوژێر) ناسراوه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویشی له‌گه‌ڵ جووڵه‌ی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی و وه‌به‌رهێنانی جیهانیدا هه‌یه‌و په‌یوه‌ندی به‌هێزیشی له‌گه‌ڵ رۆڵ و كولتوری ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ داراییه‌كاندا هه‌یه‌.
با بزانین سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ چیه‌
له‌ فه‌رهه‌نگی فكری ئابوری و یاسایی و دارایی جیهانیدا كۆمه‌ڵێك پێناسه‌ بۆ تاوانی شتنه‌وه‌ یان سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ كراوه، دیاترینیان ئه‌مانه‌ن:
"سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ئاڵوێرو حه‌واڵه‌كردنی پاره‌و پول به‌ رێگه‌یه‌كی پیس و نادروست به‌ مه‌به‌ستی گۆڕینی له‌ دیوێكی ناشه‌رعی بۆ دیوێكی شه‌رعی و یاسایی به‌ ئامانجی شاردنه‌وه‌و دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌كردنی سه‌رچاوه‌كانی پاره‌ی تاوانباران و گۆڕینی بۆ شێوازێكی شیاوی وه‌ك وه‌به‌رهێنانی یاسایی، به‌و شێوه‌یه‌ش چالاكیه‌ تاوانكارییه‌ شاراوه‌كان و بازرگانیكردن به‌ مادد‌ه‌ هۆشبه‌ره‌كان و بازرگانی كۆیله‌و ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ و له‌شفرۆشی و گه‌نده‌ڵی و كاری توندوتیژی، هه‌موویان سه‌رچاوه‌ن بۆ ده‌ستكه‌وتنی پاره‌ی پیس و نادروست، كه‌ خاوه‌نه‌كانیان هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگێكی شه‌رعی و یاسایی به‌به‌ردا بكه‌ن له‌ رێگه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌كانه‌وه‌و به‌كارهێنانیان له‌ چالاكی و پرۆژه‌ی دروست و یاساییدا".
پێناسه‌یه‌كی تری سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌مشێوه‌یه‌ باسی ده‌كات:
"كۆمه‌ڵێك پرۆسه‌ی دارایی پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ناشه‌رعی و نادروستی پاره‌ی پیس و نیشاندانی به‌ شێوه‌ی پاره‌و پولی به‌ده‌ستهاتوو له‌ رێگه‌ی یاسایی و دروسته‌وه‌، یان كارێكه‌ بۆ به‌كارهێنان و شاردنه‌وه‌و ئاڵوێركردنی پاره‌ی به‌ده‌ستهێنراوی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌ رێگه‌ی تاوانێك یان گوناهێكه‌وه‌".
1. تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ خۆی تاوانێكی وابه‌سته‌یه‌و پێویسته‌ پێشتر داهاته‌كه‌ی به‌هۆی ئه‌نجامدانی تاوانێك یان كارێكی ناشه‌رعیه‌وه‌ به‌ده‌ست كه‌وتبێت، پاشان له‌ قۆناغێكی دیكه‌دا پرۆسه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌كان به‌دوایدا دێت به‌ مه‌به‌ستی پاككردنه‌وه‌یان و به‌یاسایی كردنی، ئه‌وه‌ش یارمه‌تی تاوانكاران ده‌دات كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا به‌رهه‌می تاوانه‌كانیان ده‌ست بكه‌وێت و درێژه‌ی پێبده‌ن.
2. ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ تاوانبارانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ داده‌نرێن، هه‌ڵده‌ستن به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ندێك پرۆسه‌ی ئاڵۆزو به‌ناویه‌كداچوو، كه‌ ئامانج لێیان پێدانی به‌رگی یاساییبوون و شه‌رعیبوونه‌ به‌ پاره‌و داراییه‌كانیان له‌ ئه‌نجامی جووڵه‌ی شه‌رعیانه‌ی ئاڵوێركردن به‌ سه‌رمایه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی گونجاندن و دانانی ئه‌و پارانه‌ له‌ناو سیستمی دارایی ده‌وڵه‌ت، به‌ تایبه‌تی ئه‌و ده‌زگا داراییانه‌ی كه‌ ئه‌مجۆره‌ پارانه‌ روویان تێده‌كه‌ن، به‌و شێوه‌یه‌ش په‌رده‌پۆشی سه‌رچاوه‌ نایاسایی و ناشه‌رعیه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، واته‌ له‌ پاره‌یه‌كی پیسه‌وه‌ ده‌كرێته‌ پاره‌یه‌كی پاك.
شاره‌زای ئابوری دكتۆر (محێدین عه‌وه‌ز) به‌مشێوه‌یه‌ پێناسه‌ی ده‌كات: "سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ بریتییه‌ له‌ شاردنه‌وه‌ی راستی و دروستی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاره‌و پولانه‌ی، كه‌ به‌ رێگه‌یه‌كی نایاسایی (ناشه‌رعی) ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی یان دانانی له‌ناو بانكه‌كانی ده‌وڵه‌تانی تردا یان دانان و به‌كارهێنانیان له‌ وه‌به‌رهێنان و چه‌ند كارو چالاكییه‌كی مه‌شروع له‌ پێناو خۆده‌ربازكردنی خاوه‌نه‌كه‌ی له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و راگرتنی، ده‌شكرێت پرۆسه‌ی دانان له‌ بانك یان شاردنه‌وه‌، چاوبه‌ستكردن، حه‌واڵه‌كردن، به‌كارهێنان و وه‌به‌رهێنانیان له‌ ده‌وڵه‌تێكی پێشكه‌وتوو یان ده‌وڵه‌تێكی تازه‌ پێگه‌یشتوو بێت.
ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ی به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ كردووه‌: "گۆڕینی جۆری پاره‌كانه‌ له‌ دۆخێكه‌وه‌ بۆ دۆخێكی ترو به‌كارهێنانیان یان خه‌واڵه‌كردنیان یان گواستنه‌وه‌ی له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر، له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌و پارانه‌ به‌ رێگه‌ی ئه‌نجامدانی كارێكی تاوانكاری یان كارێكی به‌شدار له‌ ئه‌نجامدانی تاواندا چنگ ده‌كه‌وێت، ئامانجیش لێی بریتییه‌ له‌ چاوبه‌ستكردن یان شاردنه‌وه‌ی راستی و دروستی سه‌رچاوه‌ی ناشه‌رعی و نایاسایی ئه‌و پارانه‌ له‌ پێناو خۆده‌ربازكردن له‌و سزاو ده‌رئه‌نجامه‌ یاساییانه‌ی له‌و كارو چالاكییه‌ نایاساییانه‌دا ده‌كه‌وێته‌وه‌.
له‌ یاسای میسری بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ كراوه‌: "بریتییه‌ له‌ رێگه‌و هه‌ڵسوكه‌وتێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی پارهو پول‌ یان به‌كارهێنان، به‌ڕێوه‌بردن، پاراستن، گۆڕین، دانان و هه‌ڵگرتن، گواستنه‌وه‌، شاردنه‌وه‌ یان وه‌به‌رهێنانی له‌ كارو پرۆژه‌ی به‌یاساییكراودا، له‌ كاتێكدا له‌ رێگه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانكاریه‌وه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌". كاتێك سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ ده‌بێته‌ كارێك بۆ شاردنه‌وه‌و چاوبه‌ستكردنی داموده‌زگا داراییه‌كان له‌ ئاست سه‌رچاوه‌كه‌ی یان گۆڕینی راستی و دروستی ده‌ستكه‌وتنی یان خۆشاردنه‌وه‌ له‌ ئاشكراكردنی و په‌كخستنی هه‌وڵه‌كانی گه‌یشتن بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی پاره‌دا. ده‌توانین بڵێین كه‌ خاڵێكی هاوبه‌ش هه‌یه‌ هه‌موو پێناسه‌كان پێكه‌وه‌ گرێده‌دات و له‌ یه‌ك پێناسه‌ی گشتگیردا كۆیانده‌كاته‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌: "سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ پێدانی شه‌رعیه‌تبوون به‌ پاره‌ی حه‌رام به‌ ئامانجی نیشاندانی وه‌كو پاره‌یه‌كی به‌ده‌ستهاتووی حه‌ڵاڵ".
هۆكاری ناولێنان به‌ تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌
توێژه‌ران دیدو بۆچوونی جیاوازییان له‌ باره‌ی په‌تای سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵی توێژه‌ران و لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ هۆكاری ناولێنانی به‌و ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك كه‌ چالاكانی بواری قه‌ڵاچۆكردنی بازرگانانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، كه به‌رده‌وام‌ ئه‌و مادده‌یان به‌ كه‌سانی ئالوده‌بوو ده‌فرۆشت، تێبینییان كرد ئه‌و بازرگانانه له‌ كۆتایی‌ هه‌موو رۆژێكدا بڕێكی زۆر پاره‌یان له‌ جۆری كاغه‌زی و كانزایی بچوك له‌لا كۆده‌بێته‌وه‌ و زۆربه‌ی كات روویان ده‌كرده‌ ئه‌و ده‌ستشۆرانه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو گه‌ڕه‌كێكی نیشته‌جێبووندا هه‌بوون، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پاره‌كانیان له‌ یه‌كه‌ی بچوكه‌وه‌ بگۆڕن به‌ یه‌كه‌ی گه‌وره‌ترو پاشان پاره‌كانیان له‌ بانكێكی نزیك له‌ شوێنی كاركردنیان داده‌نا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كه‌ بچوكه‌كانی پاره‌كان به‌هۆی پاشماوه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ زۆرجار پیس ده‌بوون، به‌ تایبه‌تی كه‌ له‌ نێوان بازرگانانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا ده‌ستاوده‌ستی ده‌كر، بۆیه‌ شوێنه‌كانی ده‌ستشۆردن جێگه‌یه‌كی باش بوو بۆ شۆردنی پاره‌ پیسبووه‌كان به‌ هه‌ڵم و پاككه‌ره‌وه‌ كیمیاوییه‌كان پێشئه‌وه‌ی به‌ ژماره‌ی حسابی خۆیان له‌ناو بانكه‌كاندا دایبنێن. پاشان په‌یوه‌ندی له‌ نێوان بازرگانانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و پرۆسه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌دا دروستبوو، به‌و پێیه‌ی كه‌ چالاكی بازرگانی كردنی نامه‌شروع به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ نزیكه‌ی 70%ی كۆی ئه‌و پارانه‌ی پێكده‌هێنێ، كه‌ به‌ رێگه‌ی ناشه‌رعی (نایاسایی)و له‌ ئه‌نجامی تاوانی رێكخراوه‌و له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌ستده‌كه‌وێت.
هه‌ندێكی تر له‌ توێژه‌ران پێیانوایه ئه‌سڵی ناولێنانه‌كه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1931دا ده‌سته‌واژه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌كارهاتووه‌، له‌ كاتی دادگاییكردنی ئه‌لڤنوس ئالشیر باڵ كابۆنی. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ شیكردنه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌و قۆناغانه‌ی كه‌ پاره‌ی به‌ده‌ستهاتوو له‌لایه‌ن بانده‌ مافیاییه‌كانه‌وه‌ پیایدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته‌ پاره‌یه‌كی شه‌رعی و باسایی، هه‌رچه‌نده‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ رێگه‌ی به‌فیڕۆدان، ده‌ستبڵاوی، دزیكردن، له‌شفرۆشی، قوماركردن و بازرگانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت. ئه‌و پارانه‌ له‌ دوای به‌ده‌ستهێنانیان ده‌خرێنه‌ ناو كارو چالاكی یاساییه‌وه‌ و داهاته‌كه‌یان تێكه‌ڵاوی پاره‌ی نامه‌شروع ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و رێگایانه‌ی كه‌ مافیاكان ده‌توانن بۆ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ په‌یڕه‌وی بكه‌ن. چه‌مكی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ وه‌ك زاراوه‌ به‌ چه‌مكێكی نوێ داده‌نرێت و چاوگی به‌كارهێنانی به‌پێی (ستیل) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاری رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، كاتێك له‌ ساڵی 1973دا راپۆرتێكی له‌ باره‌ی ئابڕوچوونی واته‌ر‌ گێت بڵاوكرده‌وه‌. بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1982دا ئه‌م زاراوه‌یه‌ خرایه‌ ناو چوارچێوه‌ی كاری دادوه‌ری و یاسایی و به‌كارهێنراو له‌و كاته‌شه‌وه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو بووه‌ شتێكی باوو له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌كارهێنرا.
خشته‌ی (1) - قه‌باره‌ی ساڵانه‌ی پاره‌ سپیكراوه‌كان له‌ هه‌ندێك ده‌وڵه‌تی بژارده
ناوی ده‌وڵه‌ت بڕی پاره‌/به‌ ملیار دۆلار
سویسرا 345
ناوچه‌ی كاریبی 342
لۆكسه‌مبۆرگ 327
ئه‌مه‌ریكا 300
دورگه‌كانی به‌هاما 155
كۆی گشتی 1469
سه‌رچاوه‌: زوهێر سه‌عید روبه‌یعی – سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌، ئیماراتی عه‌ره‌بی 2005
كۆڕبه‌ندی ناوه‌ندی (الخلیج) بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیژی، كه‌ له‌ ساڵی 2000 له‌ قاهیره‌ به‌ڕێوه‌چوو، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ قه‌باره‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌ شێوه‌ی ساڵانه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌رامبه‌ره‌ به‌ رێژه‌ی 25% له‌ كۆی ئاڵوێره‌ داراییه‌كان له‌ناو بازاڕه‌ داراییه‌كانی جیهان، به‌ تایبه‌تی ئه‌و بازاڕانه‌ی كه‌ سپیكه‌ره‌وانی پاره‌ ده‌رفه‌تی خۆیانی تیادا ده‌بیننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ پاره‌و پوله‌كانیان بكه‌نه‌ پاره‌ی مه‌شروع (یاسایی) به‌بێ گرنگیدان به‌ به‌كارهێنانی ئه‌و پارانه‌ له‌ كاری باش، ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆكاری تێكچوونی هاوسه‌نگی له‌ بازاڕه‌ داراییه‌كاندا.
توێژینه‌وه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كه‌ن، كه‌ رێژه‌ی 70%ی قه‌باره‌ی پاره‌ سپیكراوه‌كان له‌ رێگه‌ی بازرگانی به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و چه‌ند كارێكی تری وه‌ك بازرگانی چه‌ك و جیوه‌ی سپی و ساخته‌كردنی دراوه‌كانه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت. شاری نیویۆرك له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی جیهانی بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ داده‌نرێت، به‌ڵام شاری له‌نده‌ن به‌ ركاربه‌رێكی به‌هێزی نیویۆرك ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م و له‌ ئێستادا زیاتر له‌نده‌ن بۆ ئه‌و كاره‌ په‌سه‌نده‌ به‌هۆی نائاڵۆزی سیستمه‌كه‌و زیادبوونی توانای له‌نده‌ن بۆ ئه‌نجامدانی سه‌وداو ئاڵوێره‌ قه‌به‌و گه‌وره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌. داتاو ئاماره‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ قه‌باره‌ی پاره‌ی پیس له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ جیهاندا بووه‌ته‌ كارێكی زۆر قه‌به‌، به‌ جۆرێك كه‌ سنورو قه‌باره‌ی بازرگانی پترۆلی له‌سه‌ر ئاستی جیهان تێپه‌ڕاندووه‌ و بازرگانی چه‌كی نێوده‌وڵه‌تیش به‌ پله‌ی دووه‌م دێت.
تاوانه‌كانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ (Money Laundering) به‌ یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین تاوانه‌كانی‌ ئابوری ژماره‌یی داده‌نرێت، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌و گرفتی راسته‌قینه‌ی به‌رده‌م داموده‌زگاكانی كارو داراییه‌ له‌ جیهانداو تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورسی توانای بنه‌ما یاساییه‌كانه‌ له‌ به‌دیهێنانی كاریگه‌رێتیان بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هه‌موو كارو چالاكیه‌ تاوانكارییه‌كان و قه‌ڵاچۆكردنی جۆرو شێوازه‌كانی. هه‌روه‌ها سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌جیاواز له‌گه‌ڵ ئه‌و تاوانه‌ ئابورییانه‌دا، كه‌ له‌لایه‌ن شاره‌زایان و پیشه‌گه‌رانی تاوانكارییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، تاوانێكه بناوان سپیه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌موو ئه‌م تاوانانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێوه‌رو بنه‌مایانه‌دا ناگونجێن، كه‌ تیۆره كلاسیكییه‌‌كانی زانستی تاوان و سزا ئاماژه‌یان پێكردووه‌، جگه‌ له‌مه‌ش سپیكردنه‌وه‌ پاره‌ تاوانێكی دوای كارو چالاكییه‌كانی پشت تاوانێكه‌، كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ بڕێكی زۆر دارایی نامه‌شروع و نایاسایی به‌ده‌ستهێنراوه‌. ‌
ته‌وه‌ری دووه‌م: هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌
ده‌كرێت قۆناغه‌كانی پرۆسه‌ی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ (3) قۆناغی سه‌ره‌كی دابه‌ش بكرێت:
1. قۆناغی دانان و به‌كارهێنان:
له‌م قۆناغه‌دا خاوه‌نه‌كان خۆیان له‌و بڕه‌ پاره‌ پیسانه‌ به‌ شێوه‌ی كاش ده‌رباز ده‌كه‌ن، له‌ رێگه‌ی دانانی به‌ شێوه‌ی به‌شبه‌ش له‌ ئه‌كاونتێكی بانكی یان له‌ رێگه‌ی كڕینی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی گه‌شتوگوزاری و كڕینی كاغه‌زه‌ داراییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی پاشان راده‌ستی بانكه‌كانی ده‌وڵه‌تانی تر بكرێت. ئه‌مه‌یان یه‌كێكه‌ به‌ قورسترین قۆناغه‌كانی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌گه‌ری ئاشكرابوونی سه‌رچاوه‌ی راسته‌قینه‌ی پاره‌ پیسه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنی بڕه‌ پاره‌كان له‌ سیستمی بانكیدا وه‌كو پاره‌ی دانراو به‌ شێوه‌ی كاش یان به‌ شێوه‌ی چه‌ك، ئیتر ته‌واوكردن و تێپه‌ڕین به‌ قۆناغه‌كانی تری پرۆسه‌كه‌دا كارێكی ئاسانه‌.
2. قۆناغی روماڵكردن و چاوبه‌ستكردن:
ئه‌م قۆناغه‌ له‌ قۆناغی پێشخۆی مه‌ترسی كه‌متره‌، چونكه‌ تیایدا پرۆسه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی به‌ئه‌نقه‌ستی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ پیس و نایاساییانه‌و گواستنه‌وه‌ی به‌ شێوازێكی ئه‌لیكترۆنی بۆ جیهان ئه‌نجام ده‌درێت له‌ رێگه‌ی زنجیره‌یه‌كی به‌رده‌وامی حه‌واڵه‌كردنی بروسكه‌یی و ئه‌لیكترۆنی، كه‌ تێیدا كه‌ناڵه‌ بانكییه‌ جیهانیه‌ به‌رده‌سته‌كان به‌كارده‌هێنرێت، سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی ئه‌و ئه‌كاونته‌ بانكییه‌ وه‌همییانه‌ی، كه هیچ چالاكییه‌كی ئابوری راسته‌قینه‌‌ پراكتیزه‌ ناكه‌ن جگه‌ له‌ وه‌رگرتنی حه‌واڵه‌ داراییه‌كان، پاشان نادنی بۆ لایه‌نێكی تر، به‌ زۆریش له‌م پرۆسه‌یه‌دا ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌ڵده‌بژێرن، كه‌ له‌ بواری له‌گژداچوونه‌وه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌دا یاسای توندو كاریگه‌ر جێبه‌جێ ناكه‌ن.
3. قۆناغی تێكه‌ڵكردن یان ئاوێته‌كردن:
ئه‌م قۆناغه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی تری سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ مه‌ترسی كه‌متره‌، كه‌ تێیدا پاره‌كان ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌و دووباره‌ وه‌ك پاره‌ی حه‌ڵاڵ (مه‌شروع) ده‌خرێته‌وه‌ ناو بۆته‌ی ئابوری ناوخۆیی و جیهانی، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی كڕینی خانووبه‌ره‌ و ده‌فره جۆراوجۆره‌كانی وه‌به‌رهێنان. به‌مشێوه‌یه‌ ئه‌و روخسارانه‌ی تاوانه‌كه، كه‌ ده‌بنه‌ رێگه‌یه‌ك بۆ زانین و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و پارانه به‌ ته‌واوه‌تی‌ ونده‌بێت، به‌و شێوه‌یه‌ش تاوانباران و تۆڕه‌كانی تاوانی رێكخراو ده‌توانن سود له‌ پاره‌كانیان وه‌ربگرن و دووباره‌ بیخه‌نه‌وه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و درێژه‌ به‌ كارو تاوانه‌كانیان بده‌ن.
فاكته‌ره‌ یارمه‌تیده‌ره‌كانی فراوانبوونی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌
- فاكته‌ره‌كانی خراپبوونی ژینگه‌ی ناوخۆیی.
- فاكته‌ره‌كانی ژینگه‌ی ده‌ره‌كی، كه‌ یارمه‌تیده‌رن بۆ گه‌شه‌كردنی ئه‌م دیارده‌یه‌.
سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پاره‌ی پیس (نایاسایی)
1. بازرگانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان
2. بازرگانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی.
3. تاوانه‌كانی به‌رتیلخۆری، ده‌ستپیسی و زیانگه‌یاندن به‌ سامانی گشتی و زێده‌ڕۆییكردن
4. تاوانه‌كانی زیانگه‌یاندن به‌ ژینگه‌ (پاشه‌رۆ ژه‌هراوییه‌كان، پاشه‌رۆ ئه‌تۆمییه‌كان).
5. گه‌نده‌ڵی ئیداری و دارایی و سیاسی.
6. تاوانه‌كانی تیرۆرو چه‌ته‌گه‌ریی و رفاندنی فڕۆكه‌و به‌بامته‌گرتنی قوربانییان
به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی پاره‌.
7. تاوانه‌كانی فێڵكردن و ده‌ستبڕین و پرۆسه‌كانی ساخته‌كاری و فێڵی بازرگانی.
8. خۆدزینه‌وه‌ له‌ پێدانی باج به‌ ده‌وڵه‌ت.
9. هه‌موو جۆره‌كانی دزیكردن وه‌ك (دزینی شوێنه‌وار، دزینی مافی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و زانستی و سێدی.
10. تاوانه‌كانی ده‌ستبڵاوی و به‌فیڕۆدان.
11. تاوانی ده‌ستدرێژیكردن و تاڵان و بڕۆیی.
12. تاوانی ساخته‌كردن به‌ هه‌موو جۆرو شێوازه‌كانی.
13. ئاودیوكردن و مامه‌ڵه‌كردن به‌ كاڵا رێگه‌پێنه‌دراوه‌كانی بازاڕی ره‌ش.
14. ئاڵوێری ژێربه‌ژێری بازاڕی دراوه‌ بیانییه‌كان.
15. بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ (له‌شفرۆشی، منداڵان، ژنان به‌ گشتی).
16. بازرگانیكردن به‌ ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی مرۆڤ‌.
كاریگه‌ریه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌
گه‌شه‌سه‌ندن و فراوانبوونی قه‌باره‌و جۆره‌كانی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ مانای زیادبوونی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی له‌سه‌ر بواری ئابوری و ره‌وشی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گه‌یه‌نێت. سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێیوایه‌ كه‌ قه‌باره‌ی دارایی ئه‌و قازانجی ساڵانه‌ی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ ده‌ستده‌كه‌وێت له‌ نێوان (600 تا 1500) ملیار دۆلاردایه‌، ئه‌مه‌ش بڕێكی مه‌ترسیداره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ قه‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنی و خراپه‌كانی زۆر گه‌وره‌یه‌، كه‌ به‌ گشتی ده‌توانین له‌م خاڵانه‌دا ده‌ستنیشانیان بكه‌ین:
كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنی و خراپه‌كانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره
ژ جۆرو شێوازی كاریگه‌رییه خراپه‌كان
1 به‌رزكردنه‌وه‌ی تێكڕای ئاسته‌كانی هه‌ڵئاوسان و به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخه‌كان و هه‌ژاركردنی زیاتری هه‌ژاره‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندتركردنی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان
2 لاوازكردنی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی و داچۆڕاندنی تواناكانی ئابوری نیشتمانی.
3 لاوازكردنی سێكته‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆ به‌هۆی لاوازبوونی پاشه‌كه‌وتكردن و وه‌به‌رهێنان.
4 كۆنترۆڵكردنی بازاڕه‌كانی ناوخۆ له‌لایه‌ن به‌رهه‌م و كاڵاكانی ده‌وڵه‌تانی بیانییه‌وه‌.
5 بردنی دارایی و سامانی وڵات بۆ ده‌ره‌وه‌و تێكچوونی هاوسه‌نگی نێوان پاشكه‌وتكردن و به‌كاربردن.
6 ناسه‌قامگیربوونی بازاڕی دارایی و نه‌ختینه‌و لاوازبوونی به‌های دراوی نیشتمانی و زیادبوونی كڕینی دراوه‌ بیانییه‌كان و پاشه‌وتكردنیان له‌ بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌.
7 خۆدزینه‌وه‌ له‌ پێدانی باج، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و زیادبوونی ئاستی ناهاوسه‌نگی نێوان داهاته‌كان و خه‌رجییه‌كان.
8 به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئه‌و تێچوونانه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی حكومه‌ت به‌هۆی زیادبوونی رێژه‌ی تاوان و له‌ده‌ستدانی ئارامی و ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌.
9 په‌ككه‌وتنی كاروانی گه‌شه‌پێدان و دابه‌زینی ئاسته‌كانی خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌.
10 بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بێئه‌ندازو بانده‌كان و تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

كۆی ئه‌و خه‌رجییانه‌ی حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ پاره‌وه‌ ده‌یانخاته‌ ئه‌ستۆ
ژ جۆری رێكاره‌كانی حكومه‌ت خه‌رجییه‌كان به‌ ملیار دۆلار
1 به‌گژداچوونه‌وه‌ی تاوانه‌كانی بازاڕی كار 120
2 قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كاڵاو كه‌لوپه‌له‌ دزراوه‌كان 60
3 به‌گژداچوونه‌وه‌ی بازرگانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان 40
4 روداوه‌كانی ئوتومبێل به‌هۆی مه‌ی خواردنه‌وه‌وه‌ 110
5 پارێزگاریكردنی تاكه‌كه‌سیی 64
6 سیستمی دادپه‌روه‌ری جینایی (تاوانیی) 78
كۆی گشتی خه‌رجییه‌كان: 472 ملیار دۆلار
سه‌رچاوه‌: زوهێر سه‌عید روبه‌یعی – سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌، ئیماراتی عه‌ره‌بی 2005
كاریگه‌رییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌
ژ جۆری كاریگه‌ریه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌‌كان
1 بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك زۆربوونی باندو چه‌ته‌كان
2 سه‌رهه‌ڵدانی دیمه‌نه‌كانی رفاندن و گلدانه‌وه‌و راگرتنی مرۆڤ به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی پاره‌
3 لاوازبوونی ئاستی پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ هاوڵاتیانی عێراق
4 پیسبوونی ژینگه‌و سه‌رهه‌ڵدانی كه‌مته‌رخه‌می و بێموبالاتی
5 خراپبوونی ده‌زگای به‌ڕێوه‌بردن له‌ رێگه‌ی كڕینی ویژدانی به‌رپرسان و كه‌سانی ئیداری
6 زاڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا
7 زیادبوونی ئاستی كێشه‌ی هه‌ژاری و دابه‌زینی ئاستی ژیانگوزه‌راندنی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌
تێكدانی ره‌وشی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و هۆیه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌
ته‌وه‌ری سێیه‌م: تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ عێراق
1. فاكته‌ره‌كانی ده‌ركه‌وتنی تاوانه‌كه:‌
ده‌توانین بڵێین كه‌ دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ عێراق شتێكی ناسراوو باو نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێت ته‌نها چه‌ند حاڵه‌تێكی تاكه‌كه‌سیی بووه‌، كه‌ ناكرێت وه‌كو دیارده‌ لێی بڕوانرێت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كه‌ دیارده‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌و ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام له‌ كۆتایی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كان و سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه‌ زۆر بوو، ئگه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی سنورداریش بێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی لاوازی توانای كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ بوو له‌ دابینكردنی كاڵاو خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئه‌وه‌ش هۆكارێك بوو بۆ دروستبوونی ئه‌وه‌ی به‌ بازاڕی ره‌ش ناوده‌برێت له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی كاری به‌قاچاغبردنی نه‌وت و كاڵاكان له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ به‌هۆی كاریگه‌ری ئابڵۆقه‌ی ئابورییه‌وه‌. به‌ڵام له‌ دوای داگیركردنی عێراق له‌ ساڵی 2003و ئه‌و روداوانه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، هاوكات له‌گه‌ڵ په‌ككه‌وتنی حكومه‌ت و هه‌موو داموده‌زگاكانی و تێكدانی ژێرخان و واڵابوونی بازاڕه‌كانی عێراق، هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی عێراق ببێته‌ ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ زۆربوونی رێژه‌ی تاوان له‌لایه‌ك و سه‌رهه‌ڵدانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره، له‌ لایه‌كیتره‌وه‌‌.
ده‌كرێت سیماكانی سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ عێرقدا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ پۆلێن بكه‌ین:
1. ژینگه‌ی ناوخۆیی:
بارودۆخی‌ هه‌ڵكه‌وتووی دوای داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌هۆی په‌ككه‌وتنی حكومه‌ت و داموده‌زگاكانیه‌وه‌ كه‌شێكی له‌بار بوو بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیارده‌ نامۆیه‌ به‌ عێراق. نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی یاساو داموده‌زگا چاودێرییه‌كان و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی خنكاندنی بازاڕه‌كان و دروستبوونی بازاڕی ره‌ش و واڵابوونی ده‌رگای بازاڕه‌كانی عێراق له‌به‌رده‌م بازاڕه‌ جیهانییه‌كانداو هێنانی كاڵاو شمه‌كی خراپی بیانی به‌لێشاو به‌بێ هه‌بوونی هیچ مه‌رج و پێوه‌رێك بۆ رێگه‌گرتنی وایكرد به‌ ئاسانی ئاڵوێری دارایی ئه‌نجام بدرێت و بگوازرێته‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ لاوازیی كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی له‌ دابینكردنی كاڵاو شمه‌ك و خزمه‌تگوزاری پێویست و وه‌ستانی زۆرێك له‌ چالاكییه‌ ئابورییه‌كان به‌هۆی وێرانكاری و تێكدان و نه‌بوونی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌تایی و پچڕانی به‌رده‌وامی ته‌زووی كاره‌باوه‌، هه‌مووی هۆكاری راسته‌وخۆ بوو بۆ سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و بردنی سه‌رمایه‌كانی عێراق بۆ ده‌ره‌وه، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بازرگانیكردن به‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان و كاڵای رێگه‌پێنه‌دراوو له‌ده‌ستدانی لێپێچینه‌وه‌و چاودێری و زۆربوونی رێژه‌كانی تاوانكاری به‌ هه‌موو شێوازه‌كانی و تێكچوونی ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌قامگیری له‌ عێراق.
2. ژینگه‌ی ده‌ره‌كی:
فاكته‌رو پێكهێنه‌ره‌كانی ژینگه‌ی ناوخۆیی و له‌گه‌ڵ فاكته‌رو پێكهێنه‌ره‌كانی ژینگه‌ی ده‌ره‌كی كارلێك بوون بۆ سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و دروستبوونی كه‌شێكی له‌بار بۆ گه‌شه‌كردنی له‌ عێراق. پرۆسه‌ی سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی عێراق به‌ رووی ئابوری جیهانیدا له‌ دوای ئاوه‌ڵه‌بوونی بازاڕه‌كانی عێراق بوه‌ هۆی دروستبوونی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی دیارده‌كه، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌موو جیهاندا تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ گه‌شه‌ ده‌كات، بۆیه‌ له‌ پاڵ هه‌ڵكه‌وتنی ژینگه‌ی ناوخۆ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی، عێراق بووه‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و پول له‌لایه‌ن مافیا جیهانییه‌كانه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و بازاڕه‌ تازانه‌ی كه‌ له‌ سایه‌ی گڵۆبالیزمدا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا گه‌شه‌یان كردووه‌و هیچ پانتاییه‌كی جوگرافییان نییه‌، كه‌ بتوانرێت به‌ ئاسانی كۆنترۆڵ بكرێت، به‌ هۆیه‌شه‌وه‌ رێژه‌و قه‌باره‌ی تاوانی ئابوری له‌ جیهاندا زیادیكردووه‌ و هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت دانیان به‌ هه‌بوونی پاره‌ی نامه‌شروع و پیسدا ناوه‌و له‌ به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستهێنانی سودو قازانجی زۆردا كارسانی بۆ ئه‌نجامده‌رانی ده‌كه‌ن به‌بێ به‌كارهێنانی چاودێریكردن و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی.
سه‌رچاوه‌كانی پاره‌ی پیس (نامه‌شروع) له‌ عێراق
ژ سه‌رچاوه‌كانی پاره‌ی پیس(نامه‌شروع)
1 دزیكردن له‌ناو بانكه‌كان، كه‌ رێژه‌یه‌كی به‌رزی ده‌فری سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ پێكده‌هێنێت
2 ئه‌و پارانه‌ی كه‌ له‌ دزین و فرۆشتن شوێنه‌واره‌ گرانبه‌هاكان له‌
بازاڕه‌ جیهانییه‌كاندا ده‌ستده‌كه‌وێت
3 ئاودیوكردنی ده‌زگاكان و ئامێره‌كان و كارگه‌كانی عێراق بۆ ده‌ره‌وه‌
4 فێڵكردنی پیشه‌سازی و بازرگانی له‌ سایه‌ی نه‌بوونی رۆڵی ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگاكانی
5 كاره‌كانی دزی و رفاندنی خه‌ڵك بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ له‌لایه‌ن بانده‌كانه‌وه‌
6 بردنی پاره‌ ته‌رخانكراوه‌‌كان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان
7 بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان
8 وه‌رگرتنی به‌رتیل و گه‌نده‌ڵی و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانج له‌ وه‌زیفه‌ گشتییه‌كاندا
9 ئه‌و پارانه‌ی له‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسانی دارایی هه‌ندێك داموده‌زگای ده‌وڵه‌تدا بووه
‌ له‌ كاتی روودانی شه‌ڕی ئه‌مدواییه‌دا‌
10 دروستكردنی چه‌ندین كۆمپانیای وه‌همی و ساخته‌
‌ ‌
كاریگه‌رییه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ عێراق
1 تێكچوونی سیستمی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هه‌ڵوه‌شاننه‌ووه‌ی ته‌ونی ئاكاریی كۆمه‌ڵگه‌
2 سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی رفاندن و ده‌ستدرێژیكردن و تیرۆركردنی خه‌ڵك به‌ پاره‌
3 تێكچوونی هاوسه‌نگیی په‌یكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی زۆربوونی كێشه‌كانی هه‌ژاری و دابه‌زینی ئاسته‌كانی گوزه‌ران و ژیانی هاوڵاتیانی عێراق
4 زۆربوونی گه‌نده‌ڵی و تاوانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رتیلخۆری
5 هاتنی به‌لێشاوی كاڵاو خزمه‌تگوزاریی ساخته‌و خراپ و فرۆشتنیان به‌ هاوڵاتیان
6 تێكدانی ره‌وشی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ رێگه‌ی بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان
7 زۆربوونی رێژه‌كانی تاوان و له‌ده‌ستدانی ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان
8 سه‌رهه‌ڵدانی پاشاگه‌ردانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری
9 له‌ده‌ستدانی هه‌موو جۆره‌كانی لێپرسینه‌وه‌و چاودێریكردن و ته‌نگه‌تاوكردنی یاسایی
10 لاوازبوونی داهاتی ناوخۆیی و تێكچوونی سیستمی دارایی
11 داچۆڕاندنی سه‌رمایه‌ له‌ رێگه‌ی دزینی (دراوی قورس) له‌ بانكه‌كان و گۆڕینی بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات
12 په‌كخستنی پرۆژه‌ پیشه‌سازییه‌كانی عێراق و له‌باربردنی توانای به‌رهه‌مهێنان
13 قه‌رزداركردنی عێراق به‌هۆی بردنی بڕێكی زۆری سه‌رمایه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی تێكدانی هاوسه‌نگی نێوان پاشه‌كه‌وتكردن و به‌كاربردن
14 ناسه‌قامگیری نه‌ختینه‌یی (دارایی) و دابه‌زینی هێزی كڕینی دراوی نیشتمانی
15 خراپی دابه‌شكردنی داهات و كۆبوونه‌وه‌ی له‌ده‌ست چینێكی مشه‌خۆردا
15 هێنانه‌ناوه‌وه‌ی كاڵاو شمه‌كی ساخته‌ بۆناو بازاڕه‌كانی عێراق و كوشتنی پیشه‌سازی نیشتمانی، به‌پێی بنه‌مای ئیبن خه‌لدون: "كاڵای خراپ جێگه‌ی كاڵای چاك ده‌گرێته‌وه‌"
ململانێكان له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ له‌ نێوان كه‌سانی خاوه‌ن پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئابوری و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ نێوان گه‌وره‌ فه‌رمانبه‌رانی داموده‌زگاكانی عێراق، له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا بووه‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ یاخود (شتنه‌وه‌ی پاره‌)، پاشان گۆڕا بۆ تاوانێكی رێكخراو كه‌ چه‌ندین باند به‌رگری لێده‌كه‌ن و بووه‌ته‌ خاوه‌نی پێكهاته‌و په‌یكه‌ری خۆی، ئه‌وه‌ش پاڵی به‌ حكومه‌ته‌وه‌ ناوه‌ چه‌ند رێوشوێنێك بگرێته‌به‌ر له‌ دژی ته‌شه‌نه‌كردنی تاوانه‌كانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ وڵاتێكی نه‌وتداری وه‌ك عێراق، كه‌ گه‌نده‌ڵی زۆربه‌ی داموده‌زگاكانی بنكۆڵ كردووه‌. لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ مانگی نیسانی 2015دا له‌ده‌ستچوونی نزیكه‌ی (360) ملیار دۆلاری راگه‌یاند، به‌هۆی زۆربوونی گه‌نده‌ڵی و دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌، كه‌ به‌ گشتی له‌ نێوان ساڵانی 2006-2014دا روویداوه‌.
حكومه‌تی عێراق بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و بابه‌ته‌ بانكی ناوه‌ندی عێراق یاسایه‌كی ده‌ركردن بۆ نه‌هێشتن و به‌گژداچوونه‌وه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و رێگرتن له‌ شاردنه‌وه‌و دیزه‌به‌ده‌رخۆنه ‌كردنی له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌. به‌ وته‌ی سه‌عد حه‌دیسی، وته‌بێژ به‌ناوی (حه‌یده‌ر عه‌بادی) سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای به‌گژداچوونه‌وه‌ی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆر. ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌، كه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌ وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی تیرۆرو به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی بانگه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌م بواره‌دا. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تیمێكی حكومیی عێراق كارده‌كات له‌سه‌ر به‌دواداچوون و چاودێریكردن و داڕشتنی سیاسه‌تی تایبه‌ت بۆ چاودێریكردنی جووڵه‌ی دارایی عێراق له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌ دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌ گوێره‌ی بڕگه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ ده‌رچووه.‌
كۆتایی
ده‌سته‌واژه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ كارێكی نادروست و بێبنه‌مایه‌و واتای سپیكردنه‌وه‌ی شه‌رعی و دروستی پاره‌ ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو واتای ئه‌نجامدانی تاوانێكی پێكهاتوو له‌ كۆمه‌ڵێك تاوانی تر ده‌به‌خشێت، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ سپیكردنه‌وه‌ یان شتنه‌وه‌ی پاره‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كه‌ تیایدا پیسی و پۆخڵیه‌كی روون و ئاشكرا ئه‌نجامده‌درێت و پێویسته‌ ئه‌نجامده‌ران و خاوه‌نی ئه‌و پاره‌و پولانه‌ ئه‌و سزایانه‌ بدرێن كه‌ شایه‌نیانه‌. ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسكردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌كانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ جیهاندا له‌ رێگه‌ی چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی دارایی وه‌ك بانكه‌كان و پشكه‌ داراییه‌كانه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجدانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ عێراقدا رێگه‌ی خۆی دۆزیوه‌ته‌وه‌ له‌ رێگه‌ی پرۆسه‌ی فێڵكردنی پیشه‌یازی و بازرگانیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كانی ده‌كاته‌ دووسه‌ره‌، یه‌كه‌میان له‌ خودی ئه‌و تاوانانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، كه‌ له‌ رێگه‌ی فێڵكردنی پیشه‌سازی و بازرگانی و هێنانه‌ناوه‌وه‌ی كاڵاو شمه‌كی ساخته‌ بۆ بازاڕه‌كانی عێراق ئه‌نجام ده‌درێت، له‌ به‌رامبه‌ریشدا كه‌سی تاوانكار دوو جار قازانج ده‌كات، یه‌كه‌میان له‌ كاتی رودانی تاوانه‌كه‌ و دووه‌م له‌ رێگه‌ی ئه‌و قازانجانه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی پرۆسه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌وه‌ چنگی ده‌كه‌وێت به‌ رێگه‌ی هاورده‌كردنی كاڵای ساخته‌ به‌ نرخێكی زۆر هه‌رزان و فرۆشتنی به‌ نرخێكی به‌رز.
ده‌رئه‌نجامه‌كان:
1. دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ عێراق شتێكی تازه‌یه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی خێرا گه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌هۆی له‌باری و گونجاوی ژینگه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بۆ گه‌شه‌كردنی.
2. نه‌بوونی ئه‌و یاساو رێسایانه‌ی كه‌ سنورێك بۆ گه‌شه‌كردنی ئه‌م دیارده‌یه‌ داده‌نێت له‌ عێراق.
3. نه‌بوونی داموده‌زگای تایبه‌تمه‌ندی پێویست بۆ رێگه‌گرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌.
4. له‌ جیهاندا بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان پله‌ی یه‌كه‌می گرتووه‌، به‌ڵام له‌ عێراقدا دزینی پاره‌ی بانكه‌كان پله‌ی یه‌كه‌می گرتووه‌.
5. ئاوه‌ڵابوونی بازاڕی عێراق فاكته‌رێكی یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و، له‌ پاڵ كرانه‌وه‌ی سنوره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاته‌ دراوسێكانی به‌بێ هیچ رێگرییه‌كی ئه‌منی یان دارایی و ئیداری و یاسایی.
6. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ ده‌ریده‌خات، كه‌ هه‌ندێك له‌ پێكهاته‌كانی ده‌فری دارایی پیس و نایاسایی بریتییه‌ له‌ دزینی پاره‌ی بانكه‌كان و ئاودیوكردنی ئامێرو كارگه‌كان و شوێنه‌واره‌كانی عێراق له‌ دوای پرۆسه‌ی داگیركردنی عێراق له‌ ساڵی 2003.
7. له‌ جیهانداو له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك گرنگیپێدان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دیارده‌یه‌و سنورداركردنی له‌ رێگه‌ی ده‌ركردنی یاساو سیستم و رێنماییه‌كان و چالاككردنی ده‌زگا چاودێرییه‌كان، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوانه‌ له‌ عێراقدا بوونی نییه‌.
8. ده‌سته‌واژه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ وه‌ك ده‌ردێكی كوشنده‌و به‌ دایكی تاوانه‌كان به‌كارهێنراوه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی زۆری كاریگه‌ریه‌ نه‌رێنییه‌ ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیه‌وه‌، كه‌ پێویستده‌كات هه‌وڵه‌كانی پێكه‌وه‌ بخرێنه‌گه‌ڕ له‌ پێناو ده‌ربازبوون له‌و ئافاته‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر ئابوری وڵاته‌كان و ره‌وشی كۆمه‌ڵگه‌كان.
9. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ گه‌شه‌كردنی ناهاوسه‌نگی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ی روونكردۆته‌وه‌، كه‌ به‌ تێكڕا به‌ (600 - 1500) ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت‌، كه‌ ده‌كاته‌ كۆی ئه‌و داهاته‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهان له‌ بازرگانی نه‌وت ده‌ستیان ده‌كه‌وێت.
10. توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌ریخستووه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێشه‌نگی ده‌وڵه‌تانی جیهان ده‌كات له‌ رووی مامه‌ڵه‌كردن و هه‌بوونی پاره‌ی پیس و نایاسایی، كه‌ ساڵانه‌ سپی ده‌كرێته‌وه‌و به‌ گشتی بڕه‌كه‌ی به‌ 300 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.
11. لاوازی داموده‌زگا دارایی و نه‌ختینه‌ییه‌كان له‌ رووی كه‌می ستافی ته‌كنیكی و شاره‌زاو ئیدارییه‌وه‌، له‌ پاڵ لاوازی یاساو رێساكاندا یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی تاوانه‌كانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ عێراق.
12. تاكه‌كان و كۆمپانیا وه‌همی و ساخته‌كان ده‌توانن ئه‌وه‌نده‌ی بیانه‌وێت دراوو پاره‌ له‌ عێراقه‌وه‌ حه‌واڵه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی چه‌ند ده‌زگایه‌كی ئاڵوگۆڕكردنی دراوه‌وه‌، كه‌ هیچ چاودێری و لێپێچینه‌وه‌كیان له‌گه‌ڵدا ناكرێت و رێگه‌ له‌ كاره‌كانیان ناگیرێت.
13. دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ ده‌بێته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی تازان و له‌ده‌ستدانی ئاسایش و سه‌قامگیری، ئه‌وه‌ش بارگرانییه‌كی دارایی گه‌وره‌ ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی حكومه‌ت له‌ ئه‌نجامی هه‌وڵدانی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتن داده‌نرێت.
راسپارده‌كان:
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی كه‌ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ پێیگه‌یشتووه‌، ئه‌م راسپاردانه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردن و نه‌هێشتنی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ عێراق:
1. چاككردنی ئاستی رێكخستنی سیستم و یاساكانی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و كاراكردنی رۆڵی ده‌زگا دادوه‌رییه‌كان و پێدانی ده‌سه‌ڵاتی قه‌ده‌غه‌كردن و سزادانی داموده‌زگا داراییه‌ تێوه‌گلاوه‌كان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی پاره‌و سه‌رمایه‌كان و سزادانی تاوانباران و په‌ره‌پێدانی ئه‌و رێوشوێنه‌ یاساییانه‌ی، كه‌ كاروباری بانكه‌كان و دامه‌زراوه‌ داراییه‌كان و كۆمپانیاكان رێكده‌خات.
2. چاككردنی باری دارایی و چاودێری بانكه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی په‌ره‌پێدانی چاودێری دارایی له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی و ده‌زگا تایبه‌تمه‌نده‌كانی تر، كه‌ سه‌رپه‌رشتی كارو چالاكییه‌كانی بانكه‌كان و كۆمپانیاكان ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌ چاودێریكردنی هه‌موو ئه‌و بڕه‌ داراییانه‌ی دێنه‌ عێراق و لێوه‌ی ده‌نێردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ تایبه‌تی چاودێریكردنی پاره‌ی نامه‌شروع له‌ رێگه‌ی دامه‌زراندنی ده‌زگاو میكانیزمی تایبه‌تمه‌ندی تازه‌وه‌، كه‌ شه‌فافیه‌ت له‌ سه‌رچاوه‌كانی سه‌رمایه‌دا به‌رجه‌سته‌ بكات.
3. سودوه‌رگرتن له‌ خزمه‌تگوزاریه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی كۆنترۆلكردنی حه‌واڵه‌و ئاڵوێره‌ داراییه‌كان و جووڵه‌ی دارایی و ژماره‌ حسابییه‌كان له‌ بانكه‌كان و داموده‌زگا داراییه‌كانی عێراقدا.
4. په‌یڕه‌وكردنی راسپارده‌كانی (FATF ) سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌، كه‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێك به‌بێ هیچ دواكه‌وتنێك هه‌نگاوی گونجاوو خێرا هه‌ڵده‌نێن بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی بنه‌ماكانی رێككه‌وتننامه‌ی ڤیه‌نناو په‌سه‌ندكردنیان به‌ خێرایی.
5. پێویسته‌ یاسا نهێنییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ دامه‌زراوه‌ داراییه‌كان نه‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌م راسپاردانه‌، به‌ڵكو ده‌بێت سیستمێكی كاریگه‌ر بگرنه‌خۆ بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌ هاوكاری له‌ نێوان ده‌زگاو لایه‌نی یاسایی جۆراوجۆری تایبه‌ت به‌ پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و دادگاییكردنی تۆمه‌تباره‌كان و راده‌ستكردنیان به‌ حكومه‌ته‌كانیان.
6. كۆنترۆڵكردنی ده‌روازه‌و رێگه‌ سنورییه‌كان و رێگرتن له‌ پرۆسه‌كانی به‌قاچاغبردنی كاڵاو شمه‌كه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی وه‌ك مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و شمه‌كه‌ ساخته‌كان.
7. پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند به‌ بابه‌تی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی به‌ ستامی زانستی و ته‌كنیكی و ئیداری شاره‌زاو لێهاتوو، به‌ مه‌رجێك ده‌سه‌ڵاتی ره‌هایان هه‌بێت بۆ كاركردن له‌سه‌ر نه‌هێشتنی تاوانی دارایی له‌لایه‌ك و ئاشكراكردنی ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌كان له‌لایه‌كی تره‌وه‌. گرنگه‌ ئه‌و ستافانه‌ تایبه‌تمه‌ندو شاره‌زا بن به‌ سیاسه‌تی نه‌ختینه‌و سیاسه‌تی دارایی و بازرگانی و پیشه‌سازی و دادوه‌ری و مافه‌كانی مرۆڤ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی.
8. پێویسته‌ رێگه‌ بگیرێت له‌و ده‌سته‌و تاقمه‌ سه‌رلێشێواوه‌ی كه‌ خێرو خۆشی عێراقیان ناوێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست نه‌گرن به‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن (ته‌له‌فزیۆنه‌كان، رادیۆكان، رۆژنامه‌كان)، كه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ تێكدانی بیری به‌كاربه‌ران.
9. كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونه‌ جیهانییه‌كان له‌ بواری به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌ مه‌ترسیداره‌، له‌ پاڵ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندێتی عێراق.
10. پێویسته‌ كاربكرێت له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی كولتوری نیشتمانی له‌لای به‌كاربه‌ران له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌.
11. كاركردنی جددی به‌ هه‌موو رێگه‌و شێوازه‌ به‌رده‌سته‌كانی بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی ئیداری له‌ داموده‌زگاكانی عێراقدا، چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین فاكته‌ره‌كای گه‌شه‌كردنی دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌.
12. ده‌بێت هاریكاری و هه‌مئاهه‌نگی له‌ نێوان ده‌وڵه‌تانی دراوسێدا هه‌بێت بۆ دانانی سنورێك له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی ئه‌م دیارده‌یه‌.
13. دروستكردنی ده‌زگای كاراو ئه‌كتیڤ بۆ سه‌رپه‌رشتی كردن و جێبه‌جێكردنی راست و دروستی هه‌موو ئه‌و سیستم و یاساو رێنماییانه‌ی تایبه‌ت به‌ دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ ده‌رده‌چن.
* د. به‌لاسم جه‌میل خه‌ڵه‌ف – كۆلیژی كارگێڕی و ئابوری زانكۆی به‌غداد
دیارده‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ عێراق، چه‌مك و كاریگه‌رێتی و په‌یوه‌ندجی به‌ فێڵكردنی بازرگانی و پیشه‌سازی.
سه‌رچاوه‌كان:
ماڵپه‌ڕی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق، سایتی (كتابات)

وتاری زیاتر