ئیسلام و ئیسلامییەکان لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی عەلمانی و دەسەڵاتی عەلمانیدا

لە لایەن د. کەریم ئەحمەد12/01/2024

ئیسلام و ئیسلامییەکان لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی عەلمانی و دەسەڵاتی عەلمانیدا :
ئەگەر بمانەوێت هەڵوێستی عەلمانییەت لە ئیسلام و ئیسلامییەکان کورتبکەینەوە دەڵێین عەلمانییت بە چەپ ڕاستییانەوە لەکاتی ئۆپۆزسیۆن بوونیاندا بەڕاشکاوی دژایەتی ئیسلامیش و ئیسلامییەکانیشیان دەکرد بەڵام لەکاتی دەسەڵاتدا بە ناڕاستەوخۆ دژایەتی ئیسلام دەکەن و بەڕاشکاوی دژایەتی حزبە ئسلامییەکان دەکەن بەڵام هەوڵیش ئەدەن ئیسلام لەڕێگەی پیاوانی ئاینی یان هەندێک لە ڕەوتە ئیسلامییەکان بەکاربێنن بۆ بەنج کردن و چەواشەکردنی خەڵکی !
ئەوان لەکاتی ئۆپۆزسیۆن بوونیاندا ڕەخنەی ئەوەیان لە ئیسلام و ئیسلامی ڕەسمی یان تەقلیدی دەگرت بەوەی کە داردەستی دەسەڵاتن بۆ بەنجکردن و دەسەمۆکردنی خەڵکی و شەرعییەتدان بە مومارەساتی دەسەڵات بەڵام کە دەسەڵات دەگرنە دەست هەوڵ ئەدەن لەهەمان ڕێگاوە و بۆ هەمان مەبەست سوود لەدین وەرگرن !!
لەوناوەندەشدا بەردەوام کۆمەڵێک هەن ئەوئامانجەیانە بۆ دێننە دی هەندێکیان لەنەزانی و غەفڵەتەوە هەندێکیشان بەفرۆشتنی دین بۆ بەدەستهێنانی دونیا.
ئەوانەی تەمەنێکیان هەیە ئاگادارن کە کوردە ناسیۆنالیستەکان و چەپەکان ئیسلامیان بەهۆکاری دواکەوتوویی و ژێر دەستەیی کورد و دواکەوتنی میللەتانی ناوچەکە دەزانی و تۆمەتباریان دەکرد بەوەی کە ئاین لەخزمەتی دەسەڵاتی ستەمکاردا بووەو قەناعەتی تەواویان بەو قسەیەی مارکس هەبوو کە دەڵێ ئاین ئەفیونی گەلانە ، هەڕەشەشیان دەکرد بەوەی کە ئەگەر دەسەڵاتیان پەیدا کرد ئاینی ئیسلام لەناو کورددا هەڵتەکێنن و بیکەن بەودیوی سنوردا. بەڵام ئێستا کە لەدەسەڵاتدان پێچەوانەکەی دەکەن ؛ ئامادەن لەگەڵ توندترین ڕەوتی دینداریدا مامەڵە بکەن ! لەگەڵ ئەو ڕەوتەی کە مۆسیقاو گۆرانی و هونەرو وێنەگرتن بەحەرام دەزانێت ، ئەو ڕەوتەی کە لەئەدەبییاتیدا چەمکی بیدعە پانتاییەکی گەورەی هەیە، تەتبیقاتی ئەم چەمکەش زۆرجار بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیش دەگرێتەوە ،ئەویش تەنها لەبەرئەوەی ئەو ڕەوتە هەموو جۆرە بەگژاچوونێکی دەسەڵات و دروستکردنی حزبی ئیسلامی و ڕێپێوان وهەموو جۆرە ناڕەزایی دەربڕینێک بەبیدعەو حەرام دەزانن !! بەکورتی هەردولا خیانەت لە ئیسلام دەکەن و ڕووە ڕاستقینەکەی وئامانجە ڕاستەقینەکەی دەشێوێنن.
ئیسلام وا وێنا بکرێت کەلەخزمەتی دەسەڵاتدایە بە دەسەمۆکردنی خەڵک بۆی و شەرعییەتدان بە مومارەساتی دەسەڵات گەورەترین خیانەتە لە ئیسلام.
عەلمانییەکان لەکاتی ئۆپۆزسیۆن بوونیاندا مەبدەئین بەڵام لەکاتی دەسەڵاتدا میکیاڤیللین .
چەپەکان و ناسیۆنایستەکان لەکاتی ئۆپۆزسیۆن بوونیاندا گاڵتەیان بە تەصەوف و شێخایەتی و دەروێشایەتی دەکرد و هەنێک لەمومارەساتی ئەوانیان ئەکردە بەڵگە لەسەر خورافیبوون و نازانستی بوونی دین بەڵام کەدەگەنە دەسەڵات هەوڵ ئەدەن سوودیان لێوەرگرن و برەویان پێبدەن و بەکاریان بێنن بۆ لێدانی حزب و تاقمە ئیسلامییەکان ، دونیا ویستەکانی ناو تەصەوفیش زۆرجار ئامادەن ئەو ڕۆڵە ببینن!

وتاری زیاتر