"تەخوین" ی ئیسلامیەکان دەچێتە خانەی خزمەتکردن بەدەسەڵات !
لە ماوەکانی ڕابردوودا هەریەک لە "کۆمەڵی دەدگەری و یەکگرتوی ئیسلامیی" بەجیا هەوڵیان بۆئەوەبوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرەیەکی بەرفراوان پێکبهێنرێت لەدەرەوەی لایەنەکانی دەسەڵات کە( پارتی سیاسی و رێکخراوەکان و کەسایەتیەکان لەخۆ بگرێت) .
بۆئەو مەبەستە هەندێک کۆبونەوە و دیدار ئەنجام دراون، یەکێک لەو لایەنانەی گفتوگۆی لەگەڵ کراوە نوێنەرانی "دەزگای ستاندەر" بووە و دیدگای هاوبەشیش هەبوە بۆ لەیەک گەیشتن .
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو نوسینێکی سەرۆکی دەزگای ستاندەر بوو لە چەند ڕۆژی ڕابردو کە ئیسلامییەکان وەک بێدەسەڵات وێنا دەکات لەبەرامبەر هەژموونی لایەنەکانی دەسەڵات .
بەداخەوە نەدەبوو کاک مەسعود عەبدولخالق بکەوێتە ناو ململانێ و تۆمەتبارکردنی ئیسلامییەکانەوە، کە بابەت و قەناعەت و گۆڕەپانی ئەو نەبوو !
سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم، کاتێک ئێمە پێکەوە کۆبونەوەو دیدارمان کردوە و خاڵی هاوبەشمان هەبوە و هیوایەک هەبوە بۆڕێکەوتن، ئەو نوسینە خزمەت بەکێ دەکات کاتێک ببێتە هۆی دورکەوتنەوەمان و نەگەیشتن بەخاڵی هاوبەش ؟!
تۆ بڵێی لایەنێک هەبێ "سەرۆکی دەزگای ستاندەر"ـی ناچار کردبێت بۆئەوەی ئیسلامییەکان توڕەبکات و کۆتایی بە گفتوگۆ بهێنن ؟!
بۆ وەبیرهێنانەوەی هەمولایەک ئێمەلەسەرکردایەتی کۆمەڵ بڕیارمان دا بۆئەوەی دەنگی کورد لەکەرکوک بەهەدەرنەچێ هەوڵی ڕێکخستنی لایەنەکان بدەین و داوابکەین لای سەرۆکی کۆمەڵ کۆبونەوەیەکی حیزب ولایەنەسیاسیە کوردیەکان بکرێت بۆپێک هێنانی لیستێکی هاوبەش بۆهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڵام ناتەباییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ڕێگربون لەگرێ دانی کۆبونەوەکەو ئەودەرگایەیان داخست و هیچ هیوایەک نەما بۆئەوەی کوردبەیەک لیست ولەهاوپەیمانیەکی گشتگیردا کۆببێتەوە،
تایبەت بەوبڕگەیەی بەڕێزیان باسی دەکات لایەنێک هەبوە ئامادەبوە هەریەکەی کورسیەکیان پێ بدات، ئەگەر مەبەستی نەوەی نوێ بوبێ کەئێمە گفتوگۆمان کرد بۆ پێک هێنانی لیستێکی هاوبەش لەنێوان (یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ)بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەڵام لەبەر مەرجەکانی ئەوان لەپاش دوو کۆبونەوەنەگەشتبینە ڕێکەوتن و هەرلە کۆبونەوەکەدا بە ئەوپەڕی ڕازیبونەوە ماڵ ئاوایمان لەیەک کردبێت، بەکام بەڵگە ڕای دەگەیەنێت لەژێر فشاری لایەنێک ئێمە ڕێک نەکەوتبین ؟!
ئاخر ئەوە کەی لە قسەی سیاسییەک دەچێت بڵێت "سەرو کورسیان پێداون و قبوڵیان نەکرد" مەگەر ئەولایەنە خۆی چەند کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی هێناوەتاسەرو کورسی بەئێمە بدات و ئێمە قبوڵمان نەکردبێ ؟!
قبوڵکردنی مەرجی ئەو لایەنە بۆ ئێمە زەحمەت بوو، نەک لەبەر هەڕەشەی خەڵکی تر، کاک مەسعود دەبو ئەو مافەی بەخۆی نەدایە ئێمە بە "ترسنۆک" تۆمەتبار بکات کە بۆخۆشی ئەستەمە باوەڕ بەو قسەیە بکات !
ئەی كێ هەڕەشەی لێمان کردوە کاتێک لەگەڵ هەرکام لەپارتی و یەکێتی ڕێک نەکەوتین، ئەی مەگەر لەگەڵ ئەوان ڕێک بکەوتینایە کورسیمان مسۆگەر تر نەدەبوو،
ئەوەی سەرکردەکانی کۆمەڵ بە ڕاشکاوی نەک لەپاشملە بەڵکو ڕاستەوخۆ ڕەخنەیان لەدەسەڵات گرتوەکێی تر توانیویەتی ئەوەبکات ؟!
ئەوەی میدیای کۆمەڵ و لێدوانی سەرکردەکانی ئەنجامیان داوە لەڕوبەڕوبونەوەی ستەم و نادادپەروەری و پشتیوانی ستەملێکراوان بەس نیە بۆئەوەی کۆمەڵ تەخوین نەکرێ،
هەموان دەزانن ئەوەئێمەبوین بەردەوام لەبەرەی خەڵکەڕەش و ڕووتەکە ماوینەتەوەوگۆڕەپانەکەمان چۆڵ نەکردوە ئەگەرچی هاوخەباتەکانمان بەتەنها جێیان هێشتبین، ئێمە ئەمە دروشمی بەردەواممانە نەهەرەشە دەمان ترسێنێ نەپارەهەڵمان دەخلیسکێنێ.
بەدڵنیاییەوە ئێمە کار و خەبات و هەوڵمان بۆئەوەیە دەسەڵات بگرینەدەست، بەشداریشمان لە هەڵبژاردنەکان هەر بۆئەو مەبەستەیە .
ئەوە ئامانجێکە و هەوڵی بۆدەدەین و شەرم ناکەین لەوتنی، بەڵام چی بکەین لەوانەی هەرجارێک بەشێوازی جیاواز دەبنە زوڕناژەنی لایەنێک و بوهتان بۆ ئیسلامییەکان دەکەن و هەوڵی ناشیرنیکردنیان دەدەن؟!
هیوادارم "سەرۆکی دەزگای ستاندەر" بە بۆچونەکانیدا بچێتەوە، چونکە ئەو جۆرە ڕەخنانە، بوهتانن و دەچنە خزمەتی دەسەڵاتەوە، پێچەوانەی ئەو گوتارانەیە کە بانگەشەی بۆ دەکات کە دژی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەو هەوڵی پێک هێنانی بەرەی فراوان وگوڕین و گۆڕانکاریی دەدات !
بۆئەوانەشی لەنوسینەکەی کاک مەسعود واتێگەیشتون کەڕەخنەیەو دەبو ئیسلامیەکان بەسنگی فراوانەوە قبوڵیان بکردایە،
بەدڵنیاییەوە ڕەخنەی دڵسۆزانەجێگەی قبوڵەو خاوەنەکەشی شایانی ستایشە بەڵام ئەونوسینە تەشهیرو بوهتان و تەخوینە.
بۆخوشم هەرگیزحەزم بەوەنەبوە بکەومەچەلەحانێ لەگەڵ کەسانێک کە بانگەشەی ڕوبەڕوبونەوەی ستەم و گەندەڵی و دژی پاوان خوازین، بەڵام وەک وەفدی دانوستان کاری کۆمەل بەئەرکی سەرشانم زانی ئەم وەڵامەم هەبێ چونکە نوسینەکەی کاک مەسعود شکاندن بوو نەک ڕەخنە.......