ناوەرۆکی داوای تاوانی ( کۆمەڵ کوژی) دژی ئیسرائیل لەدادگای دادی نێو دەوڵەتی چیە؟

لە لایەن د. ئاوات صالح14/01/2024

نوسینی : پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئاوات صالح مامۆستای زانکۆ
باشوری ئەفریقیا داوایەکی دژی ئیسرائیل بەرز کردووەتەوە لەبەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی لەلاهای ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەئەنجام دانی تاوانی ( کۆمەڵ کوژی)و دەڵێت ئیسرائیل ڕێکەوتن نامەی قەدەغەکردنی تاوانی کۆمەڵ کوژی پێشێل کردووە.
تەفاسیلی داواکە چیە؟ کاردانەوەکان چین؟ چەند دەخایەنێت؟
باشوری ئەفریقیا داوا (دعوی) یەکی قەزائی دژی ئیسرائیل بەرزکردەوە لەبەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتیداو تۆمەتباری کردووە بە ئەنجامدانی تاوانی ( کۆمەڵ کوژی) (ارتکاب ٳبادة جماعیة).
باشوری ئەفریقیا باوەڕی وایە لەناوەرۆکی داواکەیدا کە کارەکانی ئیسرائیل گوزارشت لە طابيعێکی کۆمەڵ کوژی دەکات لەبەر ئەوەی بە مەبەستێکی دیاری کراو بۆ لەناوبردنی فەلەستینیەکان لەکەرتی غەزە وەک بەشێک لە کۆمەڵێکی نەتەوەیی ڕەگەزی فەلەستینی فراوان دەیکات.
دادگای دادی نێودەوڵەتی چیە؟ تایبەت مەندیە یاساییەکانی چیە؟
هەردوو وڵاتی باشوری ئەفریقیا و ئیسرائیل ئیمزایان کردووە لەسەر ( ڕێکەوتن نامەی قەدەغەکردنی تاوانی کۆمەڵ کوژی) ( اتفاقیة منع جریمة الابادة الجماعیة والمعاقبةعلیها) لەساڵی 1948 کە ئەم ڕێکەوتن نامەیە هەمو ئەو دەوڵەتانەی کەئیمزایان لەسەر کردووە پابەندیان دەکات بە قەدەغەکردنی ڕودانی تاوانی کۆمەڵ کوژی و سزای ئەوانە دەدات کە تێوە گلاون لە ئەنجام دانی تاوانی کۆمەڵ کوژی.
پەیماننامەی کۆمەڵ کوژی پێناسەی کاری کۆمەڵ کوژی کردووە کە بریتیە لە( کارێکی دیاری کراوە ئامانج لێی لەناوبردنی کۆمەڵێک لەنەتەوەیەکی تر یان ڕەگەزێکی تر یان ئاینێکی تر بەشێوەی گشتی یان بەشی)
بەپێی ناوەرۆکی داواکەی باشوری ئەفریقیا دەڵێت: هۆکاری بەرزکردنەوەی داواکە دژی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵسوکەوتانەی ئەم دواییەی ئیسرائیل، وە ئەو هەڕەشانەی کەدژی گەلی فەلەستینی کردی لەدوای 7ی ئۆکتۆبەر 2023.
ئیسرائیل جەنگی ڕاگەیاند لەدوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئۆردوگا جولەکەنشینەکان لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 کەتێیدا نزیکەی 1200 ئیسرائیلی تێدا کوژران و زیاتر لە 200 کەس بە بارمتە گیران، وەئەو جەنگە زیاتر لە 23 هەزار فەلەستینی تێدا کوژراوە لە کەرتی غەزە بەپێی وتەی وەزارەتی تەندروستی لەغەزە، و زیاتر لە 100 هەزار ماڵی هاوڵاتیان وێران بووە لەئەنجامی بۆردومانی ئیسرائیلەوە ،ئەمەجگە لەوەی کە باری مرۆیی لە غەزە داڕماوەو زیاتر لەدوو ملیۆن هاوڵاتی بێ ماڵ و حاڵن و ئاوارە بوون و پەنا بۆ هەر شوێنێک دەبەن ئەشوێنەش بۆردومان دەکرێت.
جیاوازی نێوان دادگای دادی نێودوڵەتی لەگەڵ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی؟
باشوری ئەفریقیا ڕێکاری یاسایی گرتەبەر بۆ داواکەی لەبەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی کەبارەگاکەی لە لاهایە لە 29 دیسمبر؍ کانونی یەکەمی 2023، دادگای دادی نێودەوڵەتی پێی دەوەرێت (دادگای جیهانی) و ئەژمار دەکرێت بەبەرزترین دەستەی یاسایی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان کەلە ساڵی 1945 دامەزراوە.
دادگای دادی نێو دەوڵەتی مامەڵەدەکات لەگەڵ ئەو کێشانەدا (النزاعات) کەلەنێوان دەوڵەتەکاندا دروست دەبێت بەجیاواز لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە دەڕوانێته ئەو تۆمەت وبەرپرسیارێتیە تاوانیانەی کە ڕوبەڕوی تاک ( الفرد) دەکرێتەوه، وەک ئەوەی میلۆسۆڤیچ.
بۆچی باشوری ئەفریقیا ئەم قەزیەی جوڵاند؟
لەناوەرۆکی ئەوداوایەی (الدعوی) کە لە 84 لاپەڕە پێکهاتووە باشوری ئەفریقیا ئاماژەی بەوەکردووە بە پابەندیان بەپێی ئەوەی کە دەوڵەتێکن ئیمزایان لەسەر ڕێکەوتن نامەی کۆمەڵ کوژی کردووە لەقەدەغەکردنی ڕودانی کۆمەڵکوژی.
باشوری ئەفریقیا دائەنرێت بەتوندترین ڕەخنەگرانی ئیسرائیل هەر بۆیە چەندساڵێکە حیزبی فەرمان ڕەوای باشوری ئەفریقیا سیاسەتەکانی ڕژێمی ئیسرائیلی لە کەرتی غەزەو کەنار خۆر ئاوا چواندووە وبەراورد کردووە بە سیستەمی ڕەگەز پەرستی پێشتری باشوری ئەفریقیا کە سەرۆکی وڵاتەکە سیریل ڕامافوزا چەند جارێک ئەمەی دوو بارە کردووەتەوە.
بۆیە داواکەی باشوری ئەفریقیا بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی ئاماژە بەو بیرکردنەوەیە دەدات و قسەلەسەر پاشماوەی جیاکاری ڕەگەزی دەکات ( خلفیة تميز عنصري) ئەوەی کەپەیوەستە بە مامەڵەی ئیسرائیل لەگەڵ فەلەستینیەکاندا.
باشوری ئەفریقیا لە داواکەیدا بۆ دادگای دادی نێو دەوڵەتی دەڵێت: ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر فەلەستینی کوشتووە لەکەرتی غەزەو سەدان خێزان بەتەواوی لەناو چوون و یەک کەسیان ڕزگاریان نەبووە، وەبووەتە هۆکاری ئازارو ئەزیەتی جەستەیی و دەرونی ترسناک، وە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتوەتە بەرکەئامانج لێی قەدەغەکردنی لەدایک بوونی فەلەستینیەکانە، بارێکی گوزەرانی خراپی دروست کردووە کە ئامانج لێی لەناوبردنی فەلەستینیەکانە بەکۆمەڵ.
باشوری ئەفریقیا بەڵگەی هێناوەتەوە بە پرۆسەی دەرکردن و کۆچ پێکردنی بەزۆر، بێبەشکردنی فەلەستینیەکان لە خواردن و خواردنەوەو چاودێری پزیشکی و نەبونی شوێنی حەوانەوە نەبونی پۆشاک و پاکو خاوێنی و نەبونی چاودێری تەندروستی لەشارەکەدا کەوای لێهاتووە ژیانی فەلەستینیەکان لەغەزە تەواو وێران بووە، ئەمەجگە لەبۆردومانی کوێرانەی بەردەوام.
باشوری ئەفریقیا لەداواکەیدا تەئیکدی کردوەتەوە کە کاری ( کۆمەڵ کوژی ) پێویستە دابنرێت لە سیاقێکی فراوانتردا بۆ هەڵسوکەوتەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینیەکان لە ماوەی سیستەمی ڕەگەز پەرستی لە 75 ساڵی ڕابردوودا.
وەداگیر کاری جەنگی لەسەر زەوی فەلەستینیەکان کە 56 ساڵە بەردەوامە، وەگەمارۆی بەردەوامی سەر غەزە کە 16 ساڵە بەردەوامە.
باشوری ئەفریقیا باوەڕی وایەکە لێدوان وهەڕەشەکانی چەندین جارەی بەرپرسە سیاسی وسەربازیەکانی ئیسرائیل بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە نیەتێکی ڕوون هەبووە بۆ لەناوبردنی فەلەستینیەکان بەکۆمەڵ لەغەزە، هەروەها بەڵگە دەهێننەوە بە هەڵسوکەوتەکانی سوپای ئیسرائیل لەسەر زەوی، هەروەها باشوری ئەفریقیا چەندین لێدوانی شارەزایانی نێو نەتەوەیی بەبەڵگە دەخاتە ڕوو لەسەر بونی (کوشتنی بەکۆمەڵ ) لەغەزە.
هەروەها باشوری ئەفریقیا چەند ڕێو شوێنێکی کاتی و بەپەلەی خستووەتە ڕوو لەداواکەیدا بۆ دادگای دادی نێو دەوڵەتی کەبەزوویی بڕیاریان لێ بدرێت و چاوەڕوان دەکرێت لەم مانگەدا دادگا بڕیاری لێ بدات لەوانە:
* گەشتنی هاوکاریە مرۆییەکان بەغەزە
* ڕاگرتنی پرۆسەسەربازیەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەزەو کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانە.
* گرتنە بەری ڕێوشوێنێ پێویست بۆقەدەغەکردنی تێکدانی هەر بەڵگەیەک کەپەیوەستە بە قەزیە ئەساسیەکەوە و پارێزگاری لێبکرێت کە ئەنجامدانی تاوانی ( کۆمەڵ کوژیە).
* ناردنی نێردەی خستنەڕووی ڕاستیەکان ( بعثات تقصي الحقائق) وە ئەو دەستانەی کە ڕێگەپێدراوی نێو دەوڵەتین تا تاوانی کومەڵکوژی تۆمار بکەن وەگ بەڵگە ( توثيق)
* پابەند کردنی ئیسرائیل بە بەپێشکەش کردنی ڕاپۆرتێک لەسەر ئەو هەنگاوانەی کەدەیگرێتە بەر بۆ دادگا بۆ ڕێکارە کاتیەکان لەماوەی یەک هەفتەدا.
#کاردانەوەکان:
پشتگیری کەران:
فەلەستینیەکان لەسەر ئاستی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین جەماوەری و سیاسی پێشوازیان لە داواکەی باشوری ئەفریقیا کرددژی ئیسرائیل.
لەسەر ئاستی هەێمی و نێو دەوڵەتی هەر یەک لە کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی ئوردون و پاکستان و بەنگلادیش و پۆلیڤیاو تورکیاو جزر المالدیف و فەنزوێلا و مالیزیا نامبیاونیکاراگوا پێشوازیان لەداواکەیباشوری ئەفریقیا کرد و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بەیاننامەی پشتگیری بۆ داواکەی باشوری ئەفریقیاو قەزیەکە دەرکرد
باڵوێزی فەرەنسا لەنەتەوەیەکگرتوەکان وتی فەرەنسا پشتگیری کارێکی بەهێزە لە دادگای دادی نێو دەوڵەتی و پشتگیری بڕیارەکانی دەکات، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆچ ڕایگەیاندکە لەسەر حکوماتەکان پێویستە ڕای بگەیەنن کە پشتگیری گرتنە بەری ڕێوشوێنەکانی دادگای دادی نێو دەوڵەتی دەکەن و ڕایبگەیەنن کە پابەندی بڕیارەکانین.
#دژەکان:
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە داواکەی باشوری ئەفریقیا هیچ بنەمایەکی نیەو سەردەکێشێ بۆ ئەنجامی پێچەوانەوهیچ بنەمایەکی واقعی تێدا نیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ماثيو میلر ڕایگەیاند کە واشنتن تائەم ساتەهیچ کارێکی نەبینیوە کە کۆمەڵ کوژی بێت، هەنگاونان بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی لەم کاتەدا هیچ بەرهەمێکی نابێت.
#دانیشتنی دادگا:
لەڕێکەوتی 11 و 12 ی ینایر؍ کانوونی دووەمی 2024 دادگا دانیشتنی گوێبیستی ( جلسة استماعیة)ی ئەنجام دا لەدانیشتنە کەداسەرۆکی دادگا دادوەری ئەمریکی جوان دۆنۆگۆ لیستێکی خوێندەوە کەباسی لەو ڕێکارانە کرد کە دادگا دەیان گرێتەبەر بۆ سەیرکردنی داواکە بەبەشداری پێکردنی دوو دادوەر یەکیان لەباشوری ئەفریقیا و دووەمیان لەئیسرائیل ئەوەش وەک گرەنتی بۆ شەفافیەتی دادگاییەکە بەوتەی خۆی.
پاشان دادگا گوێبیستی تیمی یاسایی باشوری ئەفریقیا بوو کەتێیدا ناوەرۆکی داواکەیان خستە ڕوو کە خۆی لە ئەنجامدانی تاوانی کومەڵ کوژی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەبینیەوەو ئیسرائیل ڕێکەوتن نامەی قەدەغەکردنی کۆمەڵ کوژی پێشێل کردووە کە ئیمزای لەسەر کردووە، لەگەڵ داواکردنی ڕێوشوێنە کاتیەکان بگیرێتە بەر و چاوەڕان دەکرێت لەم مانگەدا دادگای دادی نێو دەوڵەتی بڕیار لە گرتنەبەری ڕێوشوێنە کاتیەکان بدات،
بەڵام بۆ بڕیاری ئەنجام دانی کاری کۆمەڵ کوژی و جینۆساید دژ بە ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینیەکان ئەوا وازوو دادگاکە بڕیاری تێدا نادات و چاوەڕوان دەکرێت چەند ساڵێک بخایەنێت تا دادگای دادی نێو دەوڵەتی بڕیاری تێدادەدات.
ڕۆژی دووەم دادگا گوێ بیستی وتەی تیمی یاسایی ئیسرائیلی بوو کە تۆمەتەکانی ڕەد کردەوەو بەسەخیف ناوی بردن.....!!
دادگای دادی نێو دەوڵەتی لە 15 ئەندام پێکهاتووە کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵیان دەبژێرێت بۆ ماوەی 9 ساڵ.
دادگای دادی نێو دەوڵەتی ماف بە هەردوو دوڵەت دەدات کە هەر لایەکیان دادوەرێک دابنێن
باشوری ئەفریقیا جێگری پێشوی سەرۆکی دادگای باڵای باشوری ئەفریقیا دادوەر دیکغانغ مۆسینیکی دیاری کرد وەک نوێنەری خۆی لەدەستەی دادوەرانی دادگاکە کە ناوبراو 10 ساڵی لەکاتی لاوێتیدا لە دورگەی ڕۆبن بەسەر بردووە کە تێیدا نیلسۆن ماندێلای بینیوە.
ئیسرائیل سەرۆکی دادگای باڵای پێشوتری ئیسرائیلی دادوەری خانەنشین کراو ئەهارون باراکی دەست نیشان کردووە وەک نوێنەری خۆی لە دەستەی دادوەرانی دادگاکە کە داواکە (دعوی) دەبینن، دادوەرە ئیسرائیلیەکە یەکێکە لەوانەی کە لە هۆلۆکۆست ڕزگاری بووە.
بۆیە تائێستا یەک دانیشتن بۆگوێبیستن (جلسة استماعیة) لە داواکە کراوە تێیدا تیمی یاسایی باشوری ئەفریقیا و ئیسرائیل وتەی خۆیان پێشکەشی دادگا کرد.
چاوەڕوان دەکرێت دادگای دادی نێو دەوڵەتی لەم مانگەدا بڕیار لەسەر ڕێوشوێنە کاتیەکان بدات، بەڵام بۆ بڕیاردان لە ناوەرۆکی داواکەو یەکلایی کردنەوەی داواو تۆمەت بارکردنی ئیسرائیل بەئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵ کوژی ئەوا چەند ساڵێک دەخایەنێت.
بڕیارەکانی دادگای دادی نێو دەوڵەتی پابەند کار (ملزمة) بەڵام دادگا خاوەنی جێبەجێکردن نیە.

وتاری زیاتر