بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ڕۆژی 13/1/2023 پەیجی باسنیوزی پارتی وەک هەنگوینی لەکلۆرەداردا دۆزیبێتەوە کتێبێکی ژیاننامەی بەندەیان هێناوەو بەناونیشانێکی هەڵەو پڕ لەپەلەپەل لەناو سیاقی کۆمەڵێک ڕستەدا کە دایڕشتووەو بڵاوبکرێتەوە، بەڵام تەواو پێچەوانە بە زانیارییەکانی ناوکتێبەکەم پاش و پێشی ڕستەو پەرەگرافەکانی قرتاندووەو تەقەڵدروویکردووەو بەجێیهێشتووە.
لێرەدا من وەک مەلا مەحموودی ئازادی بەپێویستی دەزانم وەڵامی نووسەرەکەشی و خاوەن بیرۆکەکانی ئەو ڕاپۆرتەو پەیجی بەکارهاتووش لەم باسەدا بەمشێوەیە بدەمەوە
یەکەم : ئەو گەشتەی من لەساڵی 1990 کردوومە بۆ وڵاتی سعودیەو کۆمەڵێک کەسایەتی ئیسلامی و بانگخوازو ئیداریی ئەو وڵاتەمان بینیوە لەوکاتەدا بەسەرۆکایەتی مامۆستامەلاعەلی عەبدولعەزیزی ڕەحمەتی بوو نەک مامۆستاعەلی باپیر، بۆیە ئەو لاپەڕەیەی کە باسکراوە دووروونزیک ناوی مامۆستاعەلی باپیری تێدانەهاتووە.
دووەم: لەوقۆناغەدا هەموو ئەوناوانەی باسکراون و ترش و خوێیان پێوەکراوە کەلەسعودیە بینراون کەسانی مەدەنی و خاوەن کۆمپانیای بازرگانی و بانگخوازو ئیسڵاحخوازبوون و زۆربەشیان ڕێپێدراوو پشتیوانی حکومەتی سعودیەبوون، کاتێک مامۆستا مەلاعەلی عەبدولعەزیزو ئێمەش چووینەلایان مامۆستا مەلاعەلی باسی مەزڵومیەتی کوردو چەوساندنەوەی بەدەستی حزبی بەعس بۆکردوون و دەنگی ستەمدیدەیی گەیاند بەڕای گشتی و خۆمی لەگەڵ بووم، و ئاگاداربووم نەک بۆکاری شەخسی و حزبی ڕۆیشتبین و بەتەنها چاویان پێمانکەوتبێت، بۆیە ئەوە سەرلەبەری ناڕاستەو من ڕەتیدەکەمەوە.
سێیەم: بەشێک لەوناوانەی بڵاوکراونەتەوە بەتایبەتی کەسێکی وەک ئوسامە بن لادن کە بینراوە لەلایەن وەفدەکەوە، لەوکاتەدا بەبەڵگەوە میدیا ناوخۆییەکانی سعودیەو ناوچەکەو خۆرئاواو ئەوروپاش وەک تێکۆشەرو قارەمانی ڕێگای ئازادی دەیناساندن دژی ڕژێمی سۆڤیەت نەک ئەوەی ئێستا باسنیوز و نووسەری هەواڵەکەش کە دەیانەوێت کۆمەڵ و کەسانی تر بگلێنن لە ناووناوبانگێکەوە کەبەسەرچووەو مەحاڵە بەم هەموو قەیرانەوە ئێستا هەیە لەهەرێمی کوردستان بەوان گەرم بکرێتەوە.
چوارەم: دەربارەی ئەوەی کە دەڵێت لە لاپەڕە 156 دا هاتووە"مامۆستاعەلی باپیر لەسەفەرەکەی سعودیەدا دەچوو خەڵکی بەتەنیا دەبینی، واتە ئێمەی لەگەڵ خۆی نەدەبرد، هەوڵی پەیوەندی دووقۆڵی دەدا".
بۆ ڕاستکردنەوەی ئەوەش من هەر لەهەمان لاپەڕەدا (پەرەگرافی یەکەم) وتوومە "مامۆستاعەلی باپیر مرۆڤێکی خواناس و بەتەقواو بەغیرەتە،هەرچەندە من ئەمیربووم، بەڵام من زۆر گوێم نەدەدایە ئەمیریەکە، بۆ هەمووشتێک مامۆستاعەلی باپیرمان پێشی خۆمان دەدا".
ئەمە نیشانەی ئەوەیە من ئەم پیاوەم بەبراگەورەو لێهاتوو زانیوەو لەدین و ئەخلاقی ڕازیبووم، بۆیە ئەمیریەکەی خۆیشم پێداوەو پێشی خۆیشم خستووە، پاشان ئەوسەفەرەمان لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر لەساڵی 1991 بوو وە بەهیچ شێوەیەک ئوسامە بن لادنمان نەبینیوەو مەبەستەکەشمان فەریزەی حەج بوو زیاتر.
ماوەتەوە بڵێم ئومێدەوارم ئەوکەسانەی چەندجارێکە بەدوای دۆزینەوەی ڕەخنەو کەموکورتی مندا دەگەڕێن و لەدەستی دووەوە دەیانەوێت لەلایەک من و لەلایەکی تر کۆمەڵی دادگەریی و مامۆستاعەلی باپیر تووشی کێشەوگرفت بکەن بەهەڵەداچوون، و بەخۆیاندابچنەوە چونکە بەمشێوەیەخۆیان دەکەونە هەڵەوەو هەرخۆیشیان شپرزدەبن و نازانن چۆن لێی دەربچن، بۆ ئەوان و هاندەرو دەستەکانی پشتیشیان واباشە بڕۆن خەمێک لەخۆیان بخۆن، لەبری ئەوەی بەدوای کەموکورتی و عەیبی ئەوانیترەوەن تۆزێک خۆیان ڕۆشنبیربکەن و لەژیانی شەخسی خۆیانەوە دەستپێبکەن کەپڕە لەکەمووکورتی و لاوازیی و بێ ئیرادەیی.
مامۆستا مەحموودی ئازادی
17/1/2024