تکایە بگەڕێنەوە ناو پارتی و رزگارمان بکەن!!!

لە لایەن کامەران مەنتک12/07/2019

 

جیاوازی نێوان ئەو حزبانەی حکومەتیان پێکھێنا، ھێندە کەم بۆتەوە بەشی ئەوە ناکات وەک حیزبی جیاواز کاربکەن!. بۆیە زۆرباشترە، ھەموو حزبەکانی تر لەجیاتی ئەوەی لەرێگای باڵ و کەسەکانیانەوە بە نھینی بچنە ناو پارتی و یاری بە ویژدانی خەلک بکەن، راستەوخۆ ببنە پارتی. خۆ ئەگەر وەک بانگەشەتان بۆ کردووە ئەگەربە ئاشکرا پارتی بوون عەیبێکی گەورە بێت، ئەوا بە نھێنی پارتی بوون ریسواییە!. بۆیە پەژیوان ببنەوەو بڕۆنەوە ناو پارتی با ھەر عەیبەکەتان بێتە سەر نەک ریسواییەکە.

دڵنیابن ئەو ھەنگاوەتان لە ھەموو روێکەوە خزمەت بە خۆتان و بە کورد دەکات و رەنگ بێت زیانیش بە پارتی بگەیەنێت، خزمەت بە خۆتان دەکات لەبەرئەوەی لەو شەرمەزاریە دەروونیە رزگار دەبن، کە لەسەرەوە ئۆپۆزسیۆن یاخود رکابەری پارتی بن، لە ژێرەوەش سیخورو پیاوی ئەوبن، کە رەنگ بێت ئەوە بارێکی زۆر زۆر گران بێت ئێجگار ماندووتان بکات!!! لە جیاتی ئەوەی رووی راستەقینەتان وردە وردە ئاشکرا بێت، کە ئێستا بە تەواوی پەردەتان لە روو ھەلمالدراوە!، لە جیاتی ئەوەی بە نیو نیگاو بە دزیەوە دڵداری لەگەڵ پارتی بکەن!، خۆتان جورئەتتان ھەبێت ئەو پەردەیە بە یەکجاری لەسەر رووتان ھەڵمالن، راستەوخۆ بەرامبەر مەعشوقەتان بووەستن.

دڵنیابن بەر لە ھەموو کەسێک خۆتان دەحەسێنەوە، ئاخر ھیچ شتێک لە نیفاق و دوو روویی زیاتر ئازاری مرۆڤ نادات!. بوێر بن، چۆن بەشەو پارتینەو لەناو دەسەڵاتن، واز لەوە بێنن بە رۆژ ببنە ئۆپۆزسیۆن و خەلک فریو بدەن، بە رۆژیش ھەرپارتیە حەیاتەکە بن باشترە، لەبەرەئەوەی حزب ھەرچەندە ناشرین بوو بێت، ئەگەر مرۆڤ بە پیاوانەو وەک خاوەن پڕەنسیپێک کاری بۆ بکات، تۆزێک بواری ریزگرتن بۆ خۆی دێڵێتەوە!. واز لەو گەمە قیزەونە بێنن و پیاوی چابن بە رۆژیش ببنەوە پارتی. ئاخر ئەگەر لە رێگای پارتیەوە ببنە وەزیرو پۆست ‌و پلەو پایە وەربگرن، زۆر پیاوانەترە لەوەی بە زمانە ماتماتکیکە بە خستنەبەری پارتی ئەو پۆستانە وەربگرن!. ئێوە ھەر خۆتان بشارنەوە، باوەڕبکەن رەنگی پارتیەتیتان بە ئاشکرا پێوە دیارەو رەنگی پارتیتان گرتووە!.

ئەمڕۆ لەناو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمدا تەنیا پارتیم دەبینی، جا پارتیە راشکاوانەکان، یاخود دەمامکدارەکان!. بوونتان بە پارتی سەرباری ئەوەی لەو ریسوابوونەتان رزگار دەکات، سوودی بۆ خەڵکی کوردستانیش دەبێت، لەبەرئەوەی لە رووی ئابوریەوە پارەیەکی زۆر دەگەڕیتەوە بۆجەی ھەرێم، کە ئێستا بە ناوی بۆجەی حیزب و کڕین و فرۆشتنی ئەندامەکانی یەکتر بە ھەدەری دەدەن!. دڵنیابن بە ئاشکرا پارتی بوونتان زیانێکی زۆر گەورە بە پارتی دەگەیەنێت، ئەگەر ئێوە رقتان لەو حیزبەیەو شەڕی دەکەن، وەک بانگەشەی بۆ دەکەن.

لەبەر‌ئەوەی ئەو کاتە پارتی راشکاوانە حکومەتیکی تاک حزبی پێکدەھێنیت و بواری ئەوەی لێدەسەنرێتەوە، کە باس لە فرە حزبی و دیموکراسیەت بکات. ھەرچەندە من پێم وایە رەنگ بیت ئەو خاڵە لای ئێوە لە ھەموو خالەکانی تر گرنگتر بێت ھەرگیز نەتانەوێت پارتی ئەو جلە ئالو واڵایەی دیموکراسی لەسەر ھەلماڵرێ. چونکە بێشکەو لانەی راستەقینەی خۆتانەو نان و کاسبیەکەی ئێوە لەسەر ئەم خاڵەیانە ‌!!!. بەڵام ئەگەر بە زەیشتان بە پارتی دێتەوە ناتانەوێ بیخەنە ئەو ھەڵوێستەوە، ئەوە ھەر لەبەرخاتری دوو خالەکەی تر ببنە پارتی. خەڵکیش رزگار دەکەن لە گەڕەلاوژەی رەخنەگرتن لە بنەمالەی بارزانی.

شەرمی ناوێ ئێوە خۆتان لە ھەموو خەڵکێک زیاتر دڵبەندن پێیان و ھەموو شەڕەکانی ئێوە لەسەر نۆرەگرتن بووە بۆ بە خزمەت گەیشتنیان و زیارەت کردن و دەست ماچکردنیان، شەڕ کردنتان لەگەڵ ئەو بنەمالەیە شەڕی نێوان خۆشەویستانە!. ھەموو ئەو گەڕەلاوژانەی لە ماوەی رابردوودا سەری خەڵکتان پێھێشاندو ماڵی خەلکتان پێ وێران و نانبڕاو کرد، ھەر لەسەر ئەوە بوو نۆرەکەتان کەمیک بچێتە پێشەوە. بۆیە تکا دەکەم ئەگەر ھەمووتان ببنەوە یەک حزب، ئەوە لە ھەموو ئەو نۆرە بڕین و شەڕکردنە رزگارتان دەبێت، ھیوادارم گوێ لەم پەیامەی من بگرن و بە راشکاوی و بە رۆژی رووناک بگەڕێنەوە ماڵە گەورەکەتان!.

وتاری زیاتر