چەند شکۆکێکی دارایی
دوای نائومێدی و برسیکردنێکی زۆر، تروسکەی ئومێدو خەندە گەڕایەوە بۆ روخساری فەرمانبەران، دوای چەندین ساڵ برسیکردنیان شتێکی باوەڕپێنەکراوە کە فەرمانبەر لە یەك مانگدا چەند جارێك خۆی لەسەرەی مووچە وەرگرتندا ببینێتەوە، لە هەمان کاتدا بە سەرنجدانی بەندە لە بابەتەکە چەند پرسێکی دارایی شۆکهێنەر دەبن بۆ دەستەڵاتی هەرێم و فەرمانبەران لەوانە:
یەکەم: حکومەتی ناوەند چاوی لەسەر داهاتی هەرێمەو لە ماوەیەکی کورت مەودادا دەکەوێتە قسەکردن لەسەر داهاتی گومرک و باجی داهات و کۆی قەرزە کەڵەکە بووەکان و فرۆشی نەوت و زۆر پرسی تری دارایی، بە کورتی و بە پوختی دەبێت هەرێم کۆی داهاتی ناوخۆ تەسلیم بکات بە بەغداد.
دووەم: بۆ هەندێك فەرمانبەر زۆر ناخۆش دەبێت دوای ئەو هەموو چاوەڕوانییە لە ماوەیەکی کورت مەودادا رووبەڕووی خانەنشینی دەبێتەوە بە سێ ساڵ لە پێش تەمەنی خانەنشینی هەرێمەوە، ئەمە سەبارەت بە مامۆستایانی ئاینی ناخۆشترە، چونکە تەمەنی خانەنشینی بۆ مامۆستایانی ئاینی حەفتا ساڵە لە هەرێم.
سێیەم: سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم بە بەغداد، لەو سەربەندەشدا زۆرینە سوودمەند دەبن بە زیادکردنی بڕە پارەیەك کە دەچێتە سەر مووچەکانیان، لە بەرانبەردا کەمینەیەك زیان دەکەن بە کەمکردنەوەی مووچەکانیان.
چوارەم: لە پرسی (توطین) دا ئەگەر حکومەتی ناوەند بە دەستی خۆی و بە بڕیاری خۆی پارەی مووچەی فەرمانبەران نەخاتە سەر حساب بانکی مووچە خۆران ئەوە ترسی سزای دارایی و ترسی سزای سیاسی مووچە خۆری هەرێم بەردەوام دەبێت لە لایەن دەستەڵاتی هەرێمەوە، بەو چەشنەی کە لە دە ساڵی رابردوودا بوونی هەبووە.
پێنجەم: خزمەتگوزارییە بانکییەکانی حکومەتی ناوەند پەیوەندیدارە بە خودی بانکەکانی رەشیدو رافیدەین، لەبەر ئەوە راستەخۆ ئیجرائاتی بڕینی قیستەکان خۆیان دەیکەن، بۆیە ئەگەر مووچەی فەرمانبەران لای ئەوان نەبێت شانسی ئەوە زۆر کەمە ئەو خزمەتگوزارییە داراییانە فەرمانبەرانی هەرێم بگرێتەوە - بە چاوپۆشی لە پرسی حەرام و حەڵاڵ -.
شەشەم: ئەگەر (توطین) حکومەتی بەغداد بیکات پرسی مووچە دزراو و خوراوەکان دەبێتە ئەرکی حکومەتی بەغدادو دەبێت بە جدی بەدواداچوونی بۆ بکات و مووچە خۆرانیش دەرفەتی ئەوەیان دەبێت کە دەعوای یاسایی لە بارەوە تۆمار بکەن لەسەر دوو بنەما: أ- لەبەر ئەوەی پێدانی مووچە لە ئەستۆی هەرێمدا نەماوە. ب- لەبەر ئەوەی کۆی داهاتەکات دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەند. پێدانەوەی ئەو مووچە دزراوەنەش ئاهێك دەهێنتەوە بە بەر مووچەخۆراندا.
لە کۆتاییدا ئەو دەنگە نەشازەی بانگەشە بۆ بانکی بازرگانی عێراق دەکات بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی مووچە خۆرانی هەرێم، چەواشەکارییەکی بەمەبەستەو خزمەت بە (هەژمار من) دەکات، بۆیە دەبێت فەرمانبەران بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن...