غەزه جیهان تاقەتی جدییەتی نەماوه

لە لایەن گۆران ئیبراهیم ئەحمەد11/07/2024

غەزه جیهان تاقەتی جدییەتی نەماوه!
بەشێوەیەکی گشتیی، لێرەو لەوێ نەبێت، جیهان سەبارەت بەو ستەمەی لەسەر غ.ە.ز.ە هەیە، بێدەنگ و دەستەوەستانە.. وەک ئەوەی تاقەتی هەڵوێستی جدیی مرۆیی نەمابێت!
لەسەر ئاستی ئەکادیمیی
چەند مامۆستایەکی کەم کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و دەنگ لە جیهاندا دەبیسترێت، هەڵوێستیان هەبووە، لەبەرامبەردا هەرەشەی جۆراوجۆریی مادیی و مەعنەوییان لێکراوە.. ناوەندە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان لەوانە زانکۆ، نەک هەڵوێستی نەبووە، هەر ئاگای لەو دۆخە نییە وەک ئەوەی رووداوێکی لەو جۆرە پەیوەندیی بە زانکۆوە نییە!!
لەسەر ئاستی سیاسیی
هەڵوێستی کۆنکرێتیی و بەردەوام وجودی نییە و بەراورد بە سەرەتای رووداوەکان، ئەگەرچى لەئێستادا ستەمی سەر غەززززە سنوورەکانی تاوانکاریی تێپەڕاندووە، بەڵام وڵاتان بەگشتیی بێدەنگن و رۆڵی بینەر دەبینن بەتایبەت جیهانی برا (واتە وڵاتانی عەرەبیی ئیسلامیی و وڵاتانی تری بەناسنامە ئیسلام).. پەیوەندییە ئابوورییەکان بەگشتیی بەردەوامییان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ وڵاتێک لەپێناوی غەزززەدا باجی نەدا..
لەسەر ئاستی فەلسەفیی
جڵەوی فەلسەفە ئەمڕۆ بەدەست جیهانی غەربەوەیە، لێرە و لەوێ دەنگ هەبووە و هەیە، بەڵام بەشی زۆری فەیلەسوفان و ناوەندە فەلسەفییەکان بەهۆی غەزززەوە کەوتنە بەردەم ئیختیبارێکی فەلسەفیی و تیایدا دەرنەچوون.. ئەگەر پێشتر رووداوەکان دەخرانە سەر خوانی فەلسەفە و تاووتوێ دەکران، ئەوا غەزززە هەمان مانای نەبوو بۆ فەیلەسوفانی خاوەن تیۆر و درێژدادڕییە تیۆرییەکان، بەڵکو بەگشتیی هەستی دەمارگیرییان تێدا زیندوو بووەوە و زاڵبوو بەسەر چەمک و شعورە مرۆییەکان و روانگە جیهانییەکانیاندا.. واتە فەیلەسوف لەبری ئەوەی داکۆکی لە چەمکێکی گەردوونیی بکات، چەکی لەگەڵ سەربازی ئیسرائیلدا چەکی هەڵگرت!!
لەسەر ئاستی گشتیی
ئاستی گشتیی زیاتر بە عاتیفەوە خەریکین, وەک ناتوانین مەیدانییەن هاوکارییەک بکەین، هاوکات ناشتوانین لەرووی فکریی و تیۆرییەوە مامەڵەیەکی جدیی لەگەڵ ئەم دۆزەدا بکەین، بۆیە تەنها گریان و بڵاوکردنەوەی وێنەکانمان بۆ ماوەتەوە (ئەوەش کەمترینی ئیمانە). 
غەزە ئەنجامە
ئەوەی دەمێنێتەوە، گرنگە بزانین کە ئەو ستەمەی ئەمڕۆ لەسەر غەززززە هەیە، ئەنجامی دەیان فکر و فەلسەفەیە کە لە مێژووی دوورەوە تا سەردەمی (مۆدێرن و پاش مۆدێرن و ...)، وەک بەدیلی ئیمان بەشێوەیەکی گشتیی، خۆیان نمایش کردووە, لەرابردوودا وێرانکاریی بەرچاویان لێکەوتەوە و بەردەوامیشە...
تاقەتی جدییەت چییە؟
مرۆڤ لە جیهاندایە، وەک بەشێک لە ژیان و بەردەوامیی، هەڵوێستی بەرامبەر بە رووداوەکان دەبێت.. لە رێگەی هەڵوێستەوە بوونی خۆی دەسەلمێنێت، بەڵام وا دیارە جیهانی نوێ، هێزی لەهەمووی بڕیوە و کەس تاقەتی جدییەتی نەماوە بەتایبەت ئەوانەی دەنگیان دەڕوات (با کڵاوەکەم با نەیبات)..

وتاری زیاتر