لە ژانری ئەدەبیاتی تەنزی روسیەوە

لە لایەن د. بەرهەم خالید30/07/2024

لە ژانری ئەدەبیاتی تەنزی روسیەوە

لە پیاوێکی بەساڵاچووی روسیان پرسی: بۆچی حکومەت سێجار دەستگیری کردیت؟
پیرەپیاوەکە لە وەڵامدا وتی: گەنج بووم ئەوکاتەی چومە ناوکاری حزبییەوە بومە ئەندامی حزب، لەگەڵ بەرپرسێکی حزبیدا پیاسەمان ئەکرد و ئەویش مێژووی حزب و بنەماکانی حزبی بۆ باس ئەکردم، لە کاتی تێپەڕبوومان بە لای کۆشکی کرملیندا، بەرپرسەکە وتی: تەماشاکە دیواری کرملین زۆر بەرزە.
لێم پرسی: بۆچی وا بەرزە؟
لە وەڵامدا وتی: بۆ ئەوەی هیچ گوێدرێژێک نەتوانێت بەسەریدا بازبدات.
منیش وتم: لە دەرەوە بۆ ناوەوە یان لە ناوەوە بۆ دەرەوە؟
لەسەر ئەو قسەیە دەستگیرکرام و هەتا ستالین نەمرد ئازادیان نەکردم.
کاتێک ئازاد بووم زۆر دڵخۆش بووم، لە ماڵەکەم وێنەیەکی خرۆشۆفم بە تەنیشت وێنەکەی ستالین هەڵواسی، بەرپرسەکەی حزب سەردانی کردم و پرسی: ئەوە هەتا ئێستاش وێنەی ئەو کەرەت هەڵواسیوە؟
پرسیم: مەبەستت کامیانە؟
دووبارە دەستگیرکرامەوە و هەتا مردنی خرۆشۆف ئازاد نەبووم.
دوای ئازادبوونم لە ماڵەوە لەگەڵ خێزانەکەم ئاهەنگی لەدایکبوونی یەكێک لە نەوەکانم ئەگێڕا. بەرپرسێکی حزب پەیوەندیکرد و وتی بۆچی نەهاتی بۆ دوایین کۆبونەوەی حزب؟
منیش وتم: بمزانیایە دوایین کۆبونەوەیە، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەم ئەهاتین و لەوێ ئاهەنگمان ئەگێڕا، لەسەر ئەم قسەیە، بۆ جاری سێیەم دەستگیرکرامەوە.

وتاری زیاتر