پاشا سومەرییە داگیرکارەکەی چیاکانی قەرەداغ و شەهیدەکانی ئەم ئێوارەیە

لە لایەن د. دلشاد زاموا10/08/2024

پاشا سومەرییە داگیرکارەکەی چیاکانی قەرەداغ
و شەهیدەکانی ئەم ئێوارەیە  
مێژووی پەیکەر و نەخشی دەربەندی گاور
کێ لەپشت بازرگانانی شوێنەوارەوەیە؟
پەیکەری دەربەندی گاور، مێژووەکەی بۆ چوار هەزار و سەد ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. پاشا شولگی سومەری لە هێرشێکی داگیرکاری و کاولکاریدا بۆ سەر خاکی لوللوییەکان ئەم نەخشەی تۆمارکرد. دیمەنی خۆی وەک پاشایەکی جەنگاوەری سەرکەوتوو، و جەنگاوەرانی لوللوییەکان بەقەبارەیەکی بچووک لە ژێر پێیدا بە کوژراوی وێناکردووە.
 سومەرییەکان ڕقێکی زۆیان لە گوتییەکان بوو، بە تایبەت دوای ئەوەی گوتییەکان توانییان هەموو وڵاتی سومەر و ئەکەد و بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، دوای سەدەیەک لە دەسەڵاتی فراوانی گوتی بەسەر خاکی سومەردا لە باشوری مێسۆپۆتامیا، سومەرییەکان توانییان جەنگ دژی زاگرۆسییەکان بەرپا بکەن، بۆ ئەوان باشترین بەرگری هێرش بردن بوو، یەکەم لوتکەی بەرزی چیای سەختیش، چیاکانی قەرەداغ بوو. ئورنەمموی پاشای سومەری لە هێرشێکیدا لە پێدەشتەکانی قەرەداغ لەدیوی گەرمیان کوژرا و لاشەکەی لە مەیدانی شەڕدا کەوتە دەستی گەلی ڕەسەنی سیموڕڕومی دەسەڵاتداری گەرمیان.
شولگی کوڕی ئورنەممو بۆ تۆڵە سەندنەوەی باوکی، چەندین لەشکرکێشی کردە سەر ناوچەکانی زاگرۆس، لە شەڕێکدا لە دەربەندی گاور توانی بەسەر لوللوییەکاندا سەرکەوێ، پەیکەرێکی هەڵکەند، بۆ یادگاری سەرکەوتنەکەی، چونکە کاتی خۆی پاشا داگیرکارەکان بچوونایەتە سەر هەر ناوچەیەک و سەربکەوتنایە، لەوێ پەیکەرێکی یادگاری سەرکەوتنەکانیان تۆمار دەکرد.
ئەم نەخشە گەورەیە، سەدەیەک لەمەوبەر لەلایەن ئەفسەری ئینگلیز و قایمقامی ئینگلیز لە سلێمانی میستەر ئەدمۆنزەوە پشکنرا، ئەو بە هەڵە ناوی نا نەڕامسین، بەداخەوە تا ئێستاش ئەو هەڵەیە دووبارە ئەکرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی چەندین شوێنەوارناسی بیانی و عێراقی و ئێمەش حەڤدە ساڵ لەمەوبەر بەوردی ڕونمانکردۆتەوە کە ئەم نەخشە نەڕامسین نییە.
بەداخەوە ئەم ئێوارەیە باندەکانی قاچاخچی شوێنەوار بۆ تێکدان و بردنی ئەم پەیکەرە تەقەیان لە برادەرانی ئاسایش کردووە، و سێ کارمەندیان شەهید کردوون، بازرگانی بە شوێنەوارەوە دەستی وڵاتانی داگیرکەری دراوسێی لەپشتە، لەگەڵ پاڵپشتی هەندێ بەرپرسی نابەرپرس کە بیر لە بازرگانی کردن بە هەموو شتێکی ئەم نیشتیمانەوە ئەکەنەوە.
ئەبێت ئەوەش بڵیین کە دوژمنانی ئەم خاکە هانی خەڵکی دەدەن بۆ ئەوەی هەموو شوێنەوارەکان تێکبدەن، بەناوی شیکاری هێماکانەوە دەیان گەنجیان لەخشتە بردووە، بەحساب پاشاکان لەپشت ئەم پەیکەرانەوە گنجینەیان شاردۆتەوە، بۆ ئەوەی بە دەستی ناوخۆ شوێنەوارەکانمان تێکبدرێت. 
لەپشت هەر باندێکی قاچاخچی شوێنەوارەوە بەرپرسێکی ناوخۆ یان بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە هەیە.

وتاری زیاتر