دۆخەکە زۆر لە ئەیلولی ساڵی 2017 دەچێت.

لە لایەن بەدران محێدین10/09/2024

دۆخەکە زۆر لە ئەیلولی ساڵی 2017 دەچێت.

زانستی سیاسی هاوچەرخ پڕە لە تیۆر و لێکۆلینەوەی گرنگ، بەشی مێژووی سیاسی کە بەشێکی گرنگی مۆدێرنە لە زانستی سیاسی، ناوەندە ئەکادیمیەکان کاری لەسەر دەکەن.
ئەو رووداوانەی لە رابردوو روویانداوە، مەرج نیە هەموو جارێک وەک خۆیان دوبارە ببنەوە، زۆرجار جیاوازترە هەم لە رووی ئەرێنی و هەم لە رووی نەرێنی، بە هەردوو رووەکەی کەسانی پسپۆر و شارەزا کاری لەسەر دەکەن و ئەزمونی لێوەردەگرن، بۆ هەر ئەگەرێک کە بێتە پێشەوە.

رۆژانەی مسعود بارزانی...

چەند رۆژێکە بەوردی سەیردەکەم و دەبینم، بارزانی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی کە ناوی ناوە بارەگای بارزانی، بە لێشاو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەبینینت، کە دۆخەکە بەوشێوە دەبینم هەست دەکەم زۆربەی ڕوداوەکان دووبارەن و پێشتر بیندراون و بێتاقەتی و بێهیواییەکی زۆر بە بارزانیەوە دیارە، جگە لەوەش قسە و باسەکانی ناو کۆڕ و کۆبونەوەکان دزە دەکەن، هیچیان بۆ پارتیەکان جێگای دڵخۆشی نین و لە پێشهاتە هەرێمی و ناوخۆیەکانیش تێگەیشتوون کە بە دڵ و خواستی ئەوان نابێت.

ئەیلولی ساڵی 2017، مەسعود بارزانی رۆژانە وەک ئێستا خەڵکە دەستبژێرەکەی کۆمەڵگای دەبینی و داوای دەکرد پشتگیری بکەن بۆ سەرکەوتنی ریفراندۆم، گوایا دوای ریفراندۆم دەوڵەتان بۆ دروست دەکات، ئەوانەی دەچوونە لای و یان خۆی دەچووە لایان، هیچیان بوێری ئەوەیان نەبوو پێی بڵێن؛ کە جگە لەوەی دونیا دژی ریفراندۆمەکەیەتی و کەسیان لەگەڵ نیە و لە ناوخۆی هەرێمیش دار و بەرد بووە بە دژیان، کەچی هەر چەپڵەلێدان و فیکە و هەرایان بوو، تا پارتی و کورسیەکەی بارزانی و سەدا 51ی خاکیان بە رۆژێک گەیاند کە بارزانیان تێگەیاند سیاسەت و کوردایەتی بە سەرسەختی و پێداگریی لەسەر هەنگاوی خوار ناکرێ.

مەسعود بارزانی گەیشتۆتە بەو بڕوایەی، کە دۆستەکانی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە ملیاندرا، ئیتر نۆرەی پارتەکەی ئەوە، ئەو ساختەکاریە زۆر و بۆرەی ٣٠ ساڵە دەیکات و بۆی چۆتەسەر ئیتر ئەوە نەما. بارزانی بەهەموو هێزی هاتۆتە سەرخەت، پێیوایە زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە و  بەدڵینیاییەوە ئەگەر تروسکاییەک هیوای هەبووایە دۆخەکەی بەسوودی خۆی و حزبەکەیدا دەگۆڕی، تەنانەت ئەگەر بەلەناوچوونی هەموو کوردیش بێ، هەمیشە لای ئەوان بنەماڵە لەسەرووی حزب و حزبیش لەسەرووی میللەتەوەبووە، بەڵام بۆخۆشیان تەواو گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە کە دەبێت لەوە بچووکتر ببنەوە کە هەنە و بچنەوە قەبارە بچووکەکەی خۆیان، هەموو کارێکیش دەکەن بۆ ئەوەیانە کە زەرەری ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 کەمتر بێت لە ئەیلولی ساڵی 2017.

وتاری زیاتر