غەززەییەکان براوەن؟

لە لایەن هاوژین فوئاد18/01/2025

هەر بەڕاست
 غەززەییەکان براوەن؟
بە چ پێوەرێك؟

پێش هەر هۆکارێك؛ بە بۆچوونی من تەنها دڵخۆشی و ئاهەنگ و شادیی فەلەستینییەکان بۆ کۆتایی شەڕ و بڕوایان بەوەی کە ئەوان براوەن، بەسە بۆ ئەوەی ئێمە دڵخۆش و پیرۆزباییکار بین.

بەڵام بۆ ئەوەی بزانین ئایا بەڕاستی براوەن یاننا، ئەمەیان ئەبێ لە دڵخۆشی و هەڵسەنگاندنی سۆزداری دەربچین و لێکدانەوەیەکی واقعی بکەین بۆ دۆخەکە و دەرەنجامەکانی شەڕەکە…

بە بڕوای من لەبەر ئەم چەند هۆکارە دەتوانین لەم شەڕەدا جیاواز لە زۆرینەی ململانێکانی ١٠٠ ساڵی رابردوو؛ غ ز ز ە و فەلەستینییەکان بە براوەی سەرەکی بزانین، سەرەڕای زیان و ئازار و قوربانییەکان.
1. پێوەری بردنەوەو سەرکەوتن بەنیسبەت غ-ز-ز-ە زۆر جیاوازە لەوەی ئیسرائیل، ناکرێت هەمان پێوەرمان هەبێت بۆ هەردووکیان، ئەگەر منداڵێك لەگەڵ یاریزانێکی جیهانیی بۆکسێن شەڕبکات، هەر ئەوەندەی منداڵەکە تا کۆتایی جەولەکان لەناو زۆنی یارییەکەدا بمێنێتەوە و تسلیم نەبێت و نەمرێت؛ ئەوە گەورەترین بردنەوەیە بۆی، چجای ئەوەی لەکۆتایی جەولەکاندا یاریزانەکە داوا لە منداڵەکە بکات کە رێککەتن بکەن و بەبێ دیاریکردنی براوە؛ شەڕەکە بوەستێنن! بە هەموو پێوەرەکان ئەمە بە بردنەوەی منداڵەکە حسابە، جا ئەگەر چەندین ئازار و شکانی قاچ و سەریشی تێکەوتبێت.
2. ئامانجی شەڕەکە لەلای هەردوو لایەنەکە زۆر جیاوازە، هەر بۆیە ئەگەر ئامانجەکان بکەین بەپێوەر بێگومان ئیسرائیل دۆڕاوە، دوای ١٥ مانگ تەنها یەك ئامانجیش لەو ئامانجانەی نەپێکا کە داینابوو. لەهەمان کاتدا زۆرینەی ئەو ئامانجانەی کە ح/ما/س داینابوو پێیگەیشت، لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەشێکی باسدەکەم بەخێرایی.
3. پێچەوانەبوونەوەی تەواوی وێنەکان لەجیهاندا کە نزیکەی نیو سەدەیە ئیسرائیل کاری بۆدەکات، کە ئەویش نیشاندانی وێنەی خۆیەتی وەك وڵاتێکی دیموکراسی و ستەملێکراو، وە نیشاندنانی فەلەستینییەکان وەك تیرۆریست و هەمەجی!
4. ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر گەورە لەو زیندانییانەی کە لە سجنەکانی ئیسرائیلدا بەندکراون، لەڕێگەی ئەم رێککەتنەوە، کە ئەمە خاڵێکە لە رۆژی یەکەمی جەنگەکەوە ح/ما/س وەك ئامانج رایگەیاندبوو، وا خەریکە پێیدەگات.
5. زیندووکردنەوەی دۆسیەی قودس و فەلەستین و هێنانەوەی بۆسەر مێزی گفتوگۆ و دانیشتن و ناو ماڵەکانی موسوڵمانان و هەموو خەڵکی لەجیهاندا، چونکە ئەمە دۆسیەیەکی هەمیشەیی و گرنگمانە و خەریکبوو نەوەی نوێی ئەم سەردەمە هیچ ئاشنایەتییەکی نەبێت لەگەڵی، لەم شەڕەدا زۆر جوان هاتەوە ناو باس.
6. گواستنەوەی ململانێکان لەنێوان دوو هێزی ناوچەیی (حم/س و ئیسرائیل) بۆ ململانێیەکی جیهانی و دروستکردنەوەی پاڵپشت و پشتیوان لەهەموو جیهاندا بۆ ئەم هێزە، سەدان هەزار کەس لەجیهاندا لەئاستی خۆیەوە بە نزایەك یان هاوکاری ماددی یان بایکۆتی کاڵایەك یان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خۆی بە بەشێك لەو ململانێیە دەزانێت.
7. ئاشکراکردن و فەزحکردنی راگەیاندن و سیاسەتمەدارانی بەشێك لە دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان کە لافی مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسیەت لێدەدەن! وە نیشاندانی ئەو نیفاقەی کە هەیانە لە هەڵسەنگاندن و پاڵپشتیکردنی شتەکاندا.
8. بەڕەسمی و سیاسی داننان بە بزوتنەوەی ح/ما/سدا وەك هێزێکی سیاسی دانپێدانراو لەسەر خاکی غ-ز-ز-ە و خاوەن دەسەڵات لەو هەرێمەدا، بەو پێیەی سێ دەوڵەتی گەورەی جیهانی (قەتەر و ئەمریکا و مصر) بوون بە نێوەندگیر بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لەنێوان ئەوان و ئیسرائیلدا، ئەمە لەڕووی سیاسییەوە بریتییە لە دانپێدانان، ئەگەر وانەبێت رێککەوتن لەگەڵ لایەنێکدا ئەنجام نادرێت کە مافی بوونی نەبێت و بە تیرۆریست و تاوانبار لەقەڵەم بدرێت.
9. پیشاندانی وێنەیەکی ئیجابی و زۆر جوان لەسەر بزوتنەوەکە و ئەخلاقی ئیسلامی لەمامەڵە لەگەڵ دیلەکاندا، وە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو پڕوپاگەندە و درۆیانەی کە دەربارەیان دەکرا، شایەتییدانی دیلە ئازادبووەکان زۆر بەجوانی ئەمەی نیشانی جیهان دا.
10. دروستکردنی روحی ململانێ و تێکۆشان لەلای نەوەی نوێی ئیسلامی، وە گۆڕینی قودوە و پێشەنگەکان لە کەسانی هەرزە و بێبایەخ و بێ بەرنامەوە بۆ کەسانی تێکۆشەر و خاوەن بەرنامە و مبدأ وەك (أبو عبیدة و إسماعیل هنیة و سنوار و محمد ضیف و هتد.) کە ئەمانە بەهیچ جۆرێك لەسەر شاشە و ژیانی جیلی ئێستەدا نەمابوون، بەڵکو واماندەزانی تێکۆشەر و پاڵەوانەکان تەنها موڵکی مێژوون و چیتر دروست نابنەوە!!
11. لەوانەیە هەر یەك لە ئێمە چەندین سود و وانەی تر و خاڵی گرنگ بژمێرین کە خۆمان یان چواردەورمان لێوەی فێربووین و وەك دەستکەوتی ئەم شەڕە بۆ ح/ما/س هەژمار دەکرێت، لە نمونەی گۆڕینی بیروباوەڕ و دیدگا و پێوەر و بڕیارەکانمان دەربارەی روداوەکان و لایەنەکان و پەروەردەی خۆمان و منداڵەکانمان و چەندین بواری تر.

وتاری زیاتر