لادانی پاشگری ئیسلامی ھۆکارێکی سەرکەوتن و پێشکەوتنە ؟!

لە لایەن دڵشاد گەرمیانی 20/07/2019


دڵشاد گەرمیانی 

یان کردنەوەی دەرگای لادان و دڕینی پەردەی شەرم و شەرع پشت گوێ خستنە ؟
سەرەتا ڕوی قسەکانم لەبەڕێز م.علی باپیر نیە ، ئەمە بابەتێکی کۆنەو بەڕێزیان وەک شتی عام باسیان لێوە کردوە ، دۆست و دۆژمن ئەو دەناسن ، کەپیاوێکی ئیسلامیەو ، ھیچ شتێکی ئیسلامی لاشەرم و پێ عەیب نیە .


دێمەسەر باسەکەم : 
ئەگەر لادانی ئەو پاشگڕە ئیسلامیە ، لەحەقیقەت و واقعدا ، نەک بەوەھم و خەیاڵ ، ھۆکارێکی سەرکەوتن و ئۆمێدێکی بەھێزتر بێت ، بۆ زوتر گەڕانەوەی حاکمیەتی شەریعەتی خوداو ، بەدیھێنانی ئامانجە شەرعیەکانی تری کۆمەڵ و ، لەئێستاشدا بوبێتە بەربەستێک لەڕێگەی گەورەبون و فراوان بونی کۆمەڵی ئیسلامی ، ئەوە لادانی کارێکی پیرۆزە ، بەمەرجێ داکۆکی کەرانی ئەو بیرە ، بتوانن ڕاستی و دورستی بیردۆزەکەیان بسەلمێنن ؟! 


ئەگەر لادانی پاشگرە ئیسلامیەکەش ، بەرنامەو دەستی ھەندێ لەو خەڵکە فکر نەخۆشە بەناو ئیسلامیە ، بەسەروسیماو بەکردەوە عەلمانیانە بێت ، کەلەناخدا خۆیان ڕوخاون و شتێک لەمێشکیاندا نەماوە ، بەناوی ئامانجە شەرعیە ستراتیجیەکانی ھەر جەماعەیەکی ئیسلامی و کارکردن بۆ جێبەجێ کردنی !؟ تەنھا بیریان لای ئەوەیە ، دەنگەکان لەھەڵبژاردنەکان چۆن زیاد دەکات ؟! وەک گوڵە بەڕۆژەیان لێ ھاتوە ، چۆن ئەو ڕوی لەخۆرەو بەدەوریدا دەسوڕێ ، ئەمانیش لەجیاتی ڕو لەڕەزامەندی خودا ، ڕویان لەدونیاو ، دڵی جەماوەرو دەنگدەرانە ، بەچی و چۆن ڕازی دەکرێن ئەوە ئامانجی سەرەکیانە !؟ سەری زمان و بنی زمانیان باسی گەندەڵکارانە ، کەچی خۆیان گەندەڵی لەپیشاندان و گیاندنی دینی خودا دەکەن ، وەکو خۆی نایگەیەنن و ھەوڵ دەدەن لەگەڵ ویستی زۆرینەدا بیگونجێنن !!! شەرم لەپاشگری ئیسلامی و شانازی بەلەئامێزگرتنی دیمکراسیەوە دەکەن !!! پێیان شەرمە دیدی ئیسلامی لەسەر ھەمو باس و بابەتێک وەکو خۆی باس و بەیان بکرێت !!! بەڵکو دەیانەوێت جارێکیتر بەناوی خۆێندنەوەی نوێ ، بۆ تەفسیرو ماناو مەبەستی ھەندێ لەدەقەکانی قورئان و سونەت ، بەلێکدانەوەو تێگەشتی خۆیان و ھاوبیرەکانیان ، جیاواز لەتێگەیشتنی ھاوەڵان و زانایانی پێشینی ھەرسێ سەدە زێڕینەکە ، ماناو تەفسیر بکەن و لەگەڵ سەردەم و دونیای خۆیاندا بیگونجێنن ؟!


ئەو جۆرە دیدو ئاکارو بیکردنەوانەشیان وای کردوە ، گومانی ئەوەیان پێ ببرێت ، مەبەستیان لەلادانی ئەم پاشگرە ئیسلامیە ، کەم کردنوە یان نەھێشتنی ھەیمەنەی شەرع و لادانی پێوەرە شەرعی و ئیسلامیەکان بێت ، لەکێشانەو پێوانەو ھەڵسەنگاندنی کردارو ھەڵسوکەوت و ھەڵوێستەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و داماڵینی بەرگ و ناسنامە ئیسلامیەکەی !!!


ھەنگاونان بەئاراستەی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە ، لەم بارو دۆخە ناسک و ھەستیارەی کۆمەڵ ، شتێک نیە خەڵکی دیندارو دڵسۆزی کۆمەڵ بتوانێ بێ دەنگی لێ بکا ، قبوڵکردنیشی لەقیادەو قەواعدە دڵسۆزەکەی کۆمەڵی ئیسلامی ناوەشێتەوە ، وروژاندنیشی لەم کاتەدا باڵباڵێنێکی نەخوازراو دێنێتە کایەوەو !!! کۆمەڵ ھیچ پێویستی بەوسەرئێشە زیادەیە نیە !؟


ئەگەر ئێوە دڵسۆزی کۆمەڵن و لەخەمی سەرکەوتنی دان ، دەبێ ئاگاداری ئەوە بن ، سەرکەوتن و بردنەوە بەلای خەڵکی مەبدەئیوە : سەرکەوتنی بیروباوەڕو پاراستنیەتی ، نەبەزاندنی سنورەکانی و پابەند بونە پێەوە ، بەردەوام بونە لەسەری و لانەدانە لێی ، مردنە لەپێناو سەرکەوتن و بەرز ڕاگرتنی دروشمەکانی .


بەلای خەڵکی بەرژەوەند پەرستیشەوە سەرکەوتن : سەلامەتی ڕۆح و جەستەو بەئامانج گرتنی سودو قازانج و زیادکردنی کورسی و دەس خستنی ئیمتیازاتە ، لەھەرکوێ بێ و بەھەنرخێ بێ ، بەبێ گوێدانە بیروباوەڕو بەزاندنی سنورو بنەماکانی .


خەڵکی دڵسۆزی کۆمەڵ سەرکەوتنێکی دەوێ دین و بیروباوەڕەکەی تیایدا بەرز ڕاگیرابێ و جێگای شانازێ موسڵمانان بێ نەک پێچەوانەکەی .


لەگەڵ ئەوەشدا کەباسمان کرد بێگومان خەڵکانێکی دڵسۆزیش لەونێوانەدا ھەن ، کە نیەتیان پاکەو مەبەستیانە بەلادانی ئەوپاشگرە ئیسلامیە ، جەماوەرێکی زیاتر ڕو لەکۆمەڵ بکات و ژمارەی کورسەکانی زیاتر ببن ، بەڵام ئەوانە جیاوازن لەوانەی کەئیشیان بەلادانی پاشگرە ئیسلامیەکە ھەیەو ، دەیانەوێت کۆمەڵیش وەک حزبە سیاسیەکانی تر کاربکەن و ، ھیچ قیدو بەربەستێک بەھۆی بونی ناوی ئیسلامی لەسەر کۆمەڵ دەستیان نەگرێت و ، بەداماڵینی ئەو بەرگەو ، بەبیانوی بەجەماوەری کردنی کۆمەڵ و ، بەناوی کرانەوەو ، بەھیوای زیادکردنی دەنگ و کورسیەکانی ، خەڵکی نوێژنەکەرو پیاوی مەشروب خۆرو ئافرەتی بێ حیجاب لەڕیزی ئەندامانی کۆمەڵ جێگەیان ببێتەوە !!! 


بەوەش زیاتر دەرگای ئینحراف و لادان دەکرێتەوەو پەردەی شەرم کردن پاش لادانی ئەو ناوو مۆرکە ئیسلامیە لەگەڵ تێپەڕبونی کات دەدڕێت و ، سەرپێچی و بێ شەرعی و بێ ئیلتزامی وردە وردە زیاد دەکات ، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە دەنگ و کورسیەکان کەئامانجی سەرەکیانە زیاد بکات !!! 


خەڵک و لایەنی تری ئیسلامی ھەبون ، کەسەردەمانێک بەھۆی پابەندی و ئیلتزامی زیاتریان بەدینەوە ، ھەموکەس شەرمی لێ دەکردن و ، سەرمەشقی بانگەواز و نوری ھیدایەتی خاڵک و ، ئومێدی زۆرینەی موسڵمانان بون ، بەڵام بەداخەوە پاش ئەوەی ڤایرۆسی کرانەوە لێیدان و ، دەرگاری بیشەرعیان لەخۆیان کردوەو ،(سمع و گاعە) گوێڕایەڵی بەرپرس و براگەورەکانیان لەئەرکێکی شەرعیەوە کردە ھەوەس بازی و کەوتنە ژێرکاریگەری ئەوخەڵکانەیان (کە ئێستا خەڵکانێکی ئێمە دەیانەوێ چاویان لێ بکەن) ، ھەستان بەمەبستی کۆکردنەوەی دەنگ و سەرکەوتن لەھەڵبژاردنەکان ، ھەڵپەڕکیان لەسەرشاشەی تەلەفزون کردو ، سرودی ئەی ڕەقیب و تێکەڵاوی کوڕو کچیان حەڵاڵ و پیرۆز کردو ؟! بەوەش لەھەیبەتی خۆیان ھێنایە خوارو ڕابردوی خۆیان خستە ژێر پرسیارو ، دەرئەنجام کورسەکانیان کەمیان کردو ، زۆرێک لە خەڵک و جەماوەرە دیندارو دڵسۆزەکانی خۆیان ڕەنجاند .


نەئەی ڕەقیبەکە دەنگی عەلمانیەکی بۆھێنان ، نەھەڵپەڕکێکەشیان ھیچ سودێکی ھەبو !!!


پاشان ئەم پاشکۆ ئیسلامیە لەئێستادا نەبارێکی گرانە ھەڵگرتنی پشتی ئێشاندبن !!! نەعەیب و شورەییەکە لەکەداری کردبن !!


نەشتێکی نامۆیە تەنھا بەناوی کۆمەڵەوە لکابێ !! لەسەرتاسەری جیھاندا ، حزابەکان بەشانازیەوە نسبەتی خۆیان دەدەنە لای جۆری سیستەمی حوکم ڕانی و فکرو بیروباوەڕە جیاوازەکانیان ، چ قەومی بن ، یان دیمکراسی و شوسیالییتی و ھەر فکرو بیروباوەڕێکی تر ، لەبەرانبەر ئەوانیشدا ئیسلامیەکان نسبەتی ئیسلامیان داوەتە لای خۆیان ، ھەروەک چۆن زانایانی ئیسلام کاتی خۆی زاراوەی ئەھلی سونەو جەماعەیان لەبەرانبەر ئەھلی بدع و فیرقە گومڕاکان دانا ؟!


پەلەپەلیشی ناوێ ، جارێ با دو چوار ساڵی تر چاوەڕوان بین بزانین ، بەرھەمی بیردۆزەکە ، لای خاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆی کەکاک (ئارام قادر)ە ، چ بەرھەمێکی کرداری دەبێ و؟؟


تا چ ڕادەیەک لەھەنگاوە ترسناک و ، موجازەفە خەتەرناکە سەرسوڕھێنەرەکەی سەرکەوتو دەبێ و ، دەتوانێ ئاگربڕی خەرمانی کارو خزمەتی چەندەھا ساڵەی ڕابردوی لەکاروانی دینداری و باگەوازو خواپەرستی ، لەسوتان و پوچەڵ بونەوە بپارێزێ !!!


ئەوکات ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی نزیک و زیندوتان ، لەپێش چاوو لەبەردەست دەبێ . 


موسڵمانی ڕاستەقینە دەتوانێ سەدان جار موجازەفە بەڕوح و گیان و ماڵ و منداڵی خۆیەوە بکات ، لەپێناو دینەکەی و سەرخستنی بیروباوەڕەکەی ، بەڵام ناتوانێ و جورئەتی نیە موجازەفە بەدینەکەیەوە بکات بۆ ھیچ شتێکیتر ... 


لەکۆتایدا ئەوە دەڵێم : گریمان ئێمە ھەڵەین و ، ئەو بۆچونە تەواوەو ، کۆمەڵ بەو ھۆیەو بۆ ئەو مەبەستە ، لەسەرقسەی ئەوبرایانەی ، کەبەویستی خۆیان ڕیشی خۆیان تاشی و ، ئێستاش دەیانەوێت بەگوێزانە کولەکەی خۆیان پاشگرە ئیسلامیەکەی کۆمەڵیش کەموڵکی ھەموانە بتاشن و ، چەند کورسیەک بەحسابی خۆیان بۆ کۆمەڵ زیادکەن...


دەپرسین : نەک چەند کورسی ئەگەر کۆی ھەمو کوسیەکانی پەرلەمان بەدەس بێنن؟؟؟
چ گرنتیەک ھەیە کۆمەڵ دەسەڵاتی ڕادەس دەکرێت ؟!!
چ بەڵگەو نیشانەو دڵنیاییەک ھەیە وەکو ئیسلامیە سەرکەوتوەکانی میسرو جەزائریان بەسەرنایەت ؟!!
ئەگەر ڕادەستیشیان کردن ،
ئایا ڕێگەدەدەن قورئان و شەریعەتەکەی خودا سەروەر بێ و ؟! دەستی دزو گەندەڵکاران ببڕن و دادگەری بچەسپێنن بەسەر خاڵکانێکدا ، کەبەرپرسەکانیان خاونی ھێزی تایبەت بەخۆیانن و حزبەکانیان خاوەنی ھێزی سەربازین ؟!


کەواتە لەکاتێکدا کەھیچ چەمان و گرنتیەک نەبێت بۆ پاش سەرکەوتن ، کەخودا دەزانێ ، بەچەند چوار ساڵی تر دەبنە زۆرینە ، ئەگەر ھەرچوارساڵەو دو تا سێ کورسیەک زیادکەن و شکستی تێدا نەبێ !! باشە ئەم سەرابی دیمکراسیە ئەوە دەھێنێ ھەمو جوھدو ڕەنج و توانای ئیسلامیەکان لەو تورەکە دڕاوەی دیمکراسی بکەن و ، بەھەمو ھێزی خۆیانەوە بەئاراستەی کۆڵانە بن بەستەکەی دیمکراسی ھەنگاو بنێن و ، ھەرڕۆژەو دیاردەیەکی ئیسلامی لەخۆیان داماڵن و ، تەمەنی خۆیان و ئەندامانیان لەخزمەت دیمکراسی و لەناو جستەی گەنیودا بەسەربەرن و ، ھەموشتێکی بەقوربان کەن ؟! لەکۆتایشدا سەریان لەھیچەوە دەرچێ ؟!

وتاری زیاتر