ته‌واوى چیڕۆكی هێرشه‌كه‌ى یه‌كێتیى بۆ سه‌ر گردى زه‌رگه‌ته‌

لە لایەن سەرتیپ وەیسی کەریم20/07/2019

 

سێ ڕۆژ به‌ر له‌ مه‌ڕاسیمى سوێند خواردنى یاسایى نێچیرڤان بارزانى، وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم، كه‌ ده‌كاته‌ 10ى حوزه‌یرانى مانگى ڕابردوو، شاندێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى له‌ سلێمانیه‌وه‌ دێنه‌ هه‌ولێر، باڤڵ تاڵه‌بانیش له‌گه‌ڵیاندا ده‌بێت، ئامانجى ئه‌و شانده‌ گفتووگۆكردنه‌ له‌گه‌ڵ پارتى له‌سه‌ر پرسى كه‌ركوك، به‌رله‌وه‌ى مه‌ڕاسیمى سوێندخواردنه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى به‌ڕێوه‌بچێت.


له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ ڕۆژه‌دا پارتى ئاماده‌یى دانیشتنى نابێت له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ى یه‌كێتیى، به‌ڵام له‌ كۆتا خوله‌كه‌كان شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رێكى پارتى داده‌نیشن، به‌ڵام هیچ شتێكى لێ شین نابێت، ئه‌و دانیشتنه‌ ته‌نها بۆ ڕێزگرتنى باڤڵ و شانده‌كه‌یه‌، كه‌ له‌ سلێمانیه‌وه‌ هاتبوونه‌ هه‌ولێر، ئه‌م حساب بۆنه‌كردنه‌ى پارتى بۆ شانده‌كه‌ى یه‌كێتیى، دواتر توڕه‌یى باڵێكى یه‌كێتیى و باڤل تاڵه‌بانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.


چوونى كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ بۆ مه‌ڕاسیمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى و دانیشتنیان له‌ سوچێكى هۆڵه‌كه‌و پێشكه‌شنه‌كردنى وتار له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌، كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و شانده‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى توڕه‌ ده‌كات.


سه‌ڕه‌ڕاى تێبینیان له‌سه‌ر شێوازى به‌ڕێوه‌چوونى مه‌ڕاسیمى سوێند خواردنه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ (كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح و قوباد تاڵه‌بانى) ، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بڕیاریاندا، مادام كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بۆ ناولێنانى مه‌سرور بارزانى له‌ 11ى حوزه‌یران، په‌یوه‌ندى به‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانیه‌وه‌ هه‌یه‌ و دانیشتنه‌كه‌ دواخراوه‌و به‌كراوه‌یى هێڵدراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ فراكسیۆنى سه‌وز به‌شدارى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بكه‌ن.


پارتى له‌ رێگه‌ى دلشاد شه‌هاب به‌ داوه‌تنامه‌ى فه‌رمى " باڤڵ تاڵه‌بانى" بۆ مه‌راسیمه‌كه‌ بانگهێشتكردبوو، شوێنه‌كه‌شى وا دانرابوو ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ئاماده‌نه‌بێت له‌ شوێنه‌كه‌ى ئه‌و دابنیشێت، ئه‌گه‌ر نا له‌ ته‌نیشت فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمارى پێشووى عێراق.


باڤڵ تاڵه‌بانیش له‌ دواى داوه‌تنامه‌كه‌ى پارتى، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ڕۆژى 9ى حوزه‌یرانى مه‌كته‌بى سیاسى، سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى یه‌كێتى به‌شدارى مه‌ڕاسیمه‌كه‌ بكات، داواشى كردبوو به‌ر له‌وه‌ى بچێته‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پارتى قسه‌ بكات، بۆئه‌مه‌ش داوا ده‌كات له‌گه‌ڵ خودى نێچیرڤان بارزانى په‌یوه‌ندى بكات، ئه‌و شه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆى و دۆستایه‌تى له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكى پارتى و ئیدریس نێچیرڤان، له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى قسه‌ى كردو دڵنیابۆته‌ له‌ حساب بۆكردنى و دانانى له‌ شوێنێكى گونجا.


باڤڵ تاڵه‌بانى، به‌ چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له‌ هاتنى بۆ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ په‌شیمانبۆته‌وه‌، ویستى به‌ نه‌هاتنى بۆ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ دڵى قاعیده‌ى یه‌كێتیى بۆ لاى خۆى ڕابكێشێت و جگه‌ له‌وه‌ش باڤڵ تاڵه‌بانى نه‌یده‌ویست به‌ هاتنى بۆ هه‌ولێر، دڵى گروپى كه‌ركووكییه‌كانى ناو مه‌كتى سیاسى و لاهور شێخ جه‌نگى له‌ خۆى بڕه‌نجێنێت، چونكه‌ ئه‌وان له‌و مه‌سه‌له‌دا توندبوون پێیانوابوو: به‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنى كێشه‌ى كه‌ركوك چوون بۆ ئه‌و شوێنه‌ خزمه‌تى پارتى ده‌كات و په‌شیمانبوونه‌وه‌شه‌ له‌ بڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى سه‌كردایه‌تى ئه‌و حزبه‌.


هه‌ربۆیه‌ باڤڵ تاڵه‌بانى بڕیاریدا نه‌یه‌ته‌ ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌ ، نه‌بوونى كات و پێڕانه‌گه‌یشتنى بۆ مه‌راسیمه‌كه‌ى لاى پارتى كرده‌ بیانو بۆ به‌شدارینه‌كردن ( هه‌رچه‌نده‌ پارتى ویستى ئه‌و بیانوه‌ ببڕێت به‌ ناردنى كۆپته‌رى سه‌ربازى تایبه‌ت)، دواى ئه‌وه‌ى ناوبراو نه‌هات بۆ هه‌ولێر، ده‌ستیكرد به‌ دروستكردنى سیناریۆیه‌ك، كه‌ گوایه‌ هاتۆته‌ هه‌ولێرو به‌ڵام شوێنه‌كه‌ى به‌دڵ نه‌بوو، بۆیه‌ ناچار گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌م بابه‌ته‌شى له‌ رێگه‌ى دوو ده‌زگایى میدیایى نزیك له‌ یه‌كێتیه‌وه‌ ورووژاند.


كه‌ڵه‌بوونى كۆمه‌ڵێك بابه‌ت له‌وانه‌: مانه‌وه‌ى ناوبراو سێ ڕۆژ له‌ هه‌ولێرو حاسب بۆ نه‌كردنى له‌ لایه‌ن پارتى، وته‌كانى به‌رهه‌م ساڵح له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى پارتى بوو، به‌شداری پێنه‌كردنى له‌ بڕیارى ( كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح و قوباد تاڵه‌بانى) بۆ به‌شداریكردنى فراكسیۆنى یه‌كێتیى له‌ دانیشتنى ناولێنانى مه‌سرور بارزانى ، په‌راوێزخستنى یه‌كێتیى له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا، ناونه‌هێنانى مام جه‌لال له‌م مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا، به‌ یه‌كجارى ناوبراوى توڕه‌كرد، بۆیه‌ بڕیاریدا فه‌شه‌ل به‌ كۆبوونه‌وه‌ى 11ى حوزه‌یرانى په‌رله‌مانى كوردستان تایبه‌ت به‌ ناولێنانى مه‌سرور بهێنێت، فشاریش بخاته‌ سه‌ر هه‌ردووك فراكسیۆنى گۆڕان و یه‌كێتیى بۆ به‌شدارینه‌كردن.


سه‌ربارى هه‌بوونى كۆمه‌ڵێك هۆكار كه‌ ناوبراویان توڕه‌كرد، هه‌واڵى به‌شدارینه‌كردنى باڤڵ تاڵه‌بانى له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى خێرا له‌ میدیاكان بڵاو ده‌بوویه‌وه‌ ( كه‌له‌سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر داواى خۆى بوو)، به‌تایبه‌ت له‌ لایه‌ن كه‌ناڵى "كه‌ى ئێن ئێن " و پۆڕتاڵى" ڕووداو"، ئه‌مه‌ش وایكرد ناوبراو زیاتر گڕ بگرێت، به‌ تایبه‌تریش له‌و كاته‌ى سایتى ڕووداو جگه‌ له‌وه‌ى هه‌واڵێكیان له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتدا خه‌ریكى به‌دواداچوون بوون، تاوه‌كو بزانن هۆكارى نه‌هاتنه‌كه‌ى شوێنه‌كه‌ى بووه‌ له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا، یان هۆكارى دیكه‌ى له‌ پشته‌وه‌ بوو، بۆ ئه‌مه‌ش ڕووداو په‌یوه‌ندیان به‌ نوسینگه‌ى ناوبراوه‌وه‌ كردبوو، ئه‌مه‌ش گومانى لاى باڤڵ دروستكرد، كه‌ ڕووداو ده‌یه‌وێ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ لاڕێدا ببات و ئه‌سڵى بابه‌ته‌كه‌ بخاته‌ڕوو. له‌به‌رئه‌وه‌ى باڤڵ تاڵه‌بانى هێشتا كێشه‌ى به‌شداریكردنى فراكسیۆنى یه‌كێتیى له‌ دانیشتنى په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر نه‌كردبوو، له‌ولاوه‌ هۆكارى به‌شدارینه‌كردنه‌ى له‌ میدیاكانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى سه‌یر قسه‌ى زۆرى له‌سه‌رده‌كرا، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م به‌ دواداچوون و هه‌واڵه‌ى هه‌مان شه‌و ( 10ى حوه‌زه‌یران)، ناوبراو په‌یوه‌ندى به‌ كه‌ناڵى ڕووداو ده‌كات و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕانه‌گرن، ئه‌وا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر نوسینگه‌ى ڕووداو له‌ پارێزگاى سلێمانى و به‌ڕێوبه‌رى پۆرتاڵى ڕووداویش ده‌كوژێت، ڕووداویش به‌ ناچارى ئه‌م به‌دواداچوونه‌ی ڕاگرت.


هه‌مان شه‌و كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ى تاڵه‌بانى پێچه‌وانه‌ى بڕیارى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و قوباد تاڵه‌بانى و به‌رهه‌م ساڵح، بڕیارده‌دات كه‌ به‌یانیه‌كه‌ى ڕێگه‌ بگرێت له‌ چوونى هه‌ردوو فراكسیۆنى یه‌كێتیى و گۆڕان بۆ دانیشتنى 11ى حوزه‌یرانى تایبه‌ت به‌ ناولێنانى مه‌سرور بارزانى وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌ت.


له‌سه‌ره‌تادا په‌یوه‌ندى به فراكسیۆنى یه‌كێتیى ده‌كات و هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌یان لێده‌كات، ئه‌گه‌ر سبه‌ى فراكسیۆنى یه‌كێتیى ئاماده‌ی ئه‌و دانیشتنه‌ بێت، بارودۆخیان باش نابێت، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى فراكسیۆن بۆ باڤڵ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو: ئه‌وان به‌ پشت به‌ستن به‌ كۆبوونه‌وه‌ى جێگرانى سكرتێرى گشتیى و قوباد تاڵه‌بانى به‌شدارى ده‌كه‌ن و گوێ به‌ هیچ كه‌س ناده‌ن.


ئه‌م گوێنه‌گرتنه‌ى سه‌رپه‌رشتیارى فراكسیۆنى سه‌وز، باڤڵ تاڵه‌بانى توڕه‌ ده‌كات دواى چه‌ند ڕۆژێك له‌م ڕووداوه‌ په‌یوه‌ندى به‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ رێواس فایه‌ق كاندیدى ئه‌ویشه‌ بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مان و كه‌سى دیكه‌ كاندید نییه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌.


له‌ دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كه‌ى "كه‌ى ئێن ئێن" له‌باره‌ى هۆكارى به‌شدارینه‌كردنى باڤڵ له‌ مه‌راسیمى سوێند خواردنه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى ، باڤڵ تاڵه‌بانى په‌یوه‌ندى به‌ چیا نه‌وشێروان موسته‌فا ده‌كات، تاوه‌كو ئه‌و هه‌واڵه‌ رابگرن و داواشى لێده‌كات به‌یانى به‌شدارى دانیشتنى په‌رله‌مان بۆ ناولێنانى مه‌سرور بارزانى نه‌كه‌ن.


چیا نه‌وشێروان موسته‌فا خۆى ته‌له‌فۆنه‌كه‌ى باڤڵ تاڵه‌بانى وه‌ڵامده‌داته‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌ى توانى فراكسیۆنى حزبه‌كه‌ى خۆى ڕازیبكات، ئینجا ده‌توانێت ته‌كلیف له‌ ئه‌وان بكات، كه‌ فراكسیۆنى گۆڕان به‌شدارى دانیشتنى په‌رله‌مان نه‌كات.


چیای نه‌وشێروان موسته‌فا له‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌یدا هیچ حسابێك بۆ باڤڵ ناكات، ئه‌و بێمنه‌تیه‌ى چیا، هه‌ڕه‌شه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌دا ناوبراو به‌ چیا ده‌ڵێت " ئێستا هێز بۆ سه‌ر گرده‌كه‌ ده‌نێرم "، گۆڕانیش هه‌ڕه‌شه‌كه‌ به‌ جدى وه‌رده‌گرن، باش چه‌ند كاتژمێرێك هێزێكى زۆر بۆ سه‌ر گردى زه‌رگه‌ته‌ دێت، گۆڕانیش ئه‌و ناوه‌ پڕده‌كات له‌ خه‌ڵكانى خۆبه‌خش به‌ چه‌ك و بێ چه‌ك.


لاهور شێخ جه‌نگیش له‌ دواى باڤڵ تاڵه‌بانى په‌یوه‌ندى به‌ گۆڕانه‌وه‌ ده‌كات، داوایان لێده‌كات ئارام بگرن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك نه‌نوێنن به‌ڵێن ده‌دات هاوكار بێت كه‌ هیچ شتێك ڕوونه‌دات.


گۆڕان له‌ دواى كاتژمێر 2ى شه‌و په‌یوه‌ندى به‌ نێچیرڤان بارزانیه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ باڤڵ نیازى هێرشكردنى بۆسه‌ر گرده‌كه‌ هه‌یه‌، ئه‌وانیش له‌سه‌ر خه‌ت بوون له‌گه‌ڵ هه‌ردوولایه‌ن، بۆئه‌وه‌ى ڕێگه‌ له‌و هێرشه‌ بگرن.


دواجار هێرشى باڤڵ تاڵه‌بانى، بۆ سه‌ر گردى زه‌رگه‌ته‌ كوشتنى پۆلیسێكى گرده‌كه‌ى لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى جگه‌ له‌ هێزه‌كه‌ى باڤڵ، هێزى دیكه‌ له‌ باڵه‌كانى دیكه‌ى یه‌كێتیى چووبوونه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ بیانوى جۆراو جۆر، بۆیه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیه‌وه‌، گومان هه‌یه‌ كه‌ كه‌سێكى دیكه‌ ئه‌و كاره‌ى كردبێت، تاوه‌كو بارودۆخه‌كه‌ تێكبدات، نه‌ك باڤڵ تاڵه‌بانى، به‌ڵام دواجار له‌سه‌ر ناوبراو شكایه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌سه‌ره‌تادا هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى كردبوو.


به‌ر له‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ بچێته‌ میدیاكان، قوباد تاڵه‌بانى كه‌ ئه‌وكات وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌ت مامه‌ڵه‌ى ده‌كرد له‌ شوێنى نێچیرڤان بارزانى به‌پێى یاسا، زانى كه‌ هه‌ڵچوون و ڕه‌فتاره‌كانى برا گه‌وره‌كه‌ى له‌ شوێنى خۆیدا نییه‌، به‌ گران له‌سه‌ریان ده‌شكێته‌وه‌، ناچار به‌ خێرایى ده‌چێته‌وه‌ سلێمانى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وى گۆڕان رێكده‌كه‌وێت، تاوه‌كو ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌ وروژێندرێت، له‌ هه‌مانكاتیشدا له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان رێكده‌كه‌وێت، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕاگه‌یاندراوێك، به‌وه‌ى كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێتیه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌مه‌قاڵى له‌ نێوان كۆمپانیایه‌كى سكیوریتى باڵه‌خانه‌یه‌ك و پاسه‌وانانى گرده‌كه‌ بۆته‌ هۆكارى كوشتنى كه‌سێك.


ڕۆژى 11ى حوزه‌یران، پۆلیسى سلێمانى له‌ ڕاگه‌یاندراوێك بابه‌ته‌كه‌ى بچووك كرده‌وه‌، قوباد تاڵه‌بانیش پێش ڕاگه‌یاندراوى پۆلیس، به‌بێ ده‌ستكردن به‌ لێكۆڵێنه‌وه‌ وه‌ك حكومه‌تى هه‌رێم، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵاتی فه‌یسبوك باسیله‌وه‌كرد: یه‌كێتى هێرشى نه‌كردۆته‌ سه‌ر گردى زه‌رگه‌ته‌و په‌یوه‌ندى به‌ ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌.


ئه‌و هێرشه‌ى باڤڵ شاردرایه‌وه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندى گۆڕان، ئه‌و كات و ئێستاش گۆڕان به‌فه‌رمى نه‌یوت كه‌ باڤڵ هێرشى كردۆته‌ سه‌ر گرده‌كه‌ ته‌نها باسیان له‌ به‌رپرسێكى یه‌كێتیى كرد له‌ رێگه‌ى لێدوانى ئه‌ندامێكى جڤاتى نیشتمانى له‌ میدیاكانه‌وه‌. 


بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ماوه‌ى 10 ساڵى ته‌مه‌نیدا، جارێكى دیكه‌ ڕووبه‌ڕووى هێرشكردنى یه‌كێتیى بۆ سه‌ر گرده‌كه‌ بوویه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ دیسانه‌وه‌ ئه‌و هێرشه‌ى یه‌كێتیان گه‌وره‌ نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌شیان له‌ بیر نه‌چووه‌و ناچێت، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێ چاره‌سه‌رێك بۆ هێرشه‌كانى یه‌كێتیى بدۆزنه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ئامانجیانه‌ له‌مه‌ودوا هێزێكى پاراستنى گرده‌كه‌یان هه‌بێت، چیتر ڕێگه‌ به‌وه‌ نه‌ده‌ن هه‌ركه‌س له‌ یه‌كێتیى بیه‌وێ هێرش بكاته‌ سه‌ریان.


پلانى گۆڕان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ دواى وه‌رگرتنى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم، ئه‌و جێگره‌ فه‌وجێك، یاخود لیوایه‌كیان له‌ لایه‌ن نێچیرڤان بارزانیه‌وه‌ بۆ دروستبكرێت، هاوشێوه‌ى لیواكه‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ وه‌كو جێگرى پێشووى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم، تاوه‌كو كارى ئه‌و هێزه‌ پاراستنى گردى زه‌رگه‌ته‌ بێت، ئه‌گه‌ریشى هه‌یه‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا پارتى هاوكارى گۆڕان بێت.


دروستكردنى هێزێك له‌ په‌ناى پاسه‌وانانى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم، ڕه‌نگه‌ بۆ داهاتووى سلێمانى خراپ بێت، چونكه‌ پێكدادانى دوو هێز له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى له‌ كاتى هه‌بوونى ململانێ و ناكۆكى نێوان ئه‌و دوو هێزه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هیچ كام له‌و لایه‌نانه‌ نییه‌، له‌وانه‌یه‌ ته‌نها هێزى دیكه‌ قازانجى لێبكات و مه‌ترسى شه‌ڕى نه‌خوازراویشى لێبكه‌وێته‌وه‌.

وتاری زیاتر