لوتکەی بەغداد لەنێوان شکست و بەهەدەردانی داهاتی وڵات

لە لایەن پارێزەر، ڕێکان حمەصالح New Title31/05/2025


ڕۆژی شەمە بەرورای (١٧/٥/٢٠٢٥) سی و چوارەمین کۆڕبەندی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو، سەرەڕای ئەوی کە دەبوو سەرجەم سەرۆک و ئەمیرەکانی وڵاتانی عەرەبی لەم کۆڕبەندەدا ئامادەبن بەڵام زیاتر لە ٤ وڵات تەنها نوێنەر یاخود وەزیری دەرەوەیان نێردرابوون بۆ بەشداریکردن لەم کۆڕبەندەدا کە دەتوانین بڵێین ئەمە بووە هۆی لاوازکردنی کۆڕبەندەکە، لەلایەکی دیکە کشانەوەی ئەمیری دەوڵەتی قەتەر لەناوەڕاتی ئەم کۆڕبەندەدا ئەوەندەی دیکە کۆڕبەندەکەی لاواز کرد و گوماناوی کرد، وە هەبونی کێشەی بەردەوام لەنێوان وڵاتانی عەرەبیدا سەرجەم ڕێکەوتن و پێشنیازەکانی کۆڕبەندەکە بە هەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە.
ئەوەی کە دەمانەوێت لێرەدا باسی لێوە بکەین بریتیە لەو بڕە پارە زۆرەی کە بۆ ئەم کۆڕبەندە بەکارهێنراوە کە چەند بۆچونێک هەیە لەسەر بڕی پارەکە کە کەمترینیان باس لە بڕی (٢٥٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) دووسەد و پەنجا ملیار دیناری عێراقی دەکرێت بۆ بەڕێوەچونی ئەم کۆڕبەندە بۆ ماوەی تەنها یەک ڕۆژ، وە بەشێکی دیکەیان باس لە بڕی (٦٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) شەش سەد ملیار دینار دەکرێت بەپێی وتەکانی ( زهیر الفتلاوی) ئەندامی پەرلەمانی عێراقی، ئەم بەهەدەردانی پارە و سامانە لەکاتێکدایە کە ئەمە بۆ چوارەمین جارە وڵاتی عێراق پێشوازی لە کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی دەکات بەڵام لەهیچ یەکێک لە جارەکاندا هیچ دەستکەوتێکی بۆ عێراق و تەنانەت هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی نەبووە.
وە بەشێکی تری خیتابی عێراق لەم کۆڕبەندەدا باسی لەوە کرا کە ئەم کۆڕبەندە بۆیە لە بغداد بەڕێوەچووە بۆ ئەوە بووە کە بۆ ناوچەکەی بسەلمێنێت کە وڵاتی عێراق کاریگەری هەیە لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دارایی وڵاتانی ناوچەکە، ئەمە لاکاتێکدایە کە دوو ڕۆژ پێش بەڕێوەچونی کۆڕبەندەکە ( اسماعیل ئاقانی ) سەرۆکی فەیلەقی قودسی ئێرانی سەردانی وڵاتی عێراقی کرد و لەگەڵ ( ثابت العباسى ) وەزیری بەرگری عێراق کۆبوەتەوە کە بەپێی قسەی چەند چاودێرێکی سیایسی باس لەوە دەکەن کە ( اسماعیل ئاقانی ) بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق لە ڕۆژانی بەڕێوەچونی کۆڕبەندەکەدا هاتوەتە عێراق، کە ئەمەش جارێکی دیکە کاریگەری لەسەر پێگەی عێراق دروست کرد و بەشێکی دیکەی چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ئەمیری وڵاتی قەتەر لەبەر ئەم هۆکارە عێراقی جێهێشت تەنانەت پێش ئەوەی وتەکانی لە کۆڕبەندەکەدا جێبەجێ بکات. 
وە بەشێکی دیکە لە لایەنگرانی دەسەڵاتی عێراق و ئەو کەسانەی کە لەگەڵ بەڕێوەچونی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی بوون باس لەوە دەکەن کە ئەم بڕە پارەیەیی کە سەرف کراوە لە کۆمەڵێک پڕۆژەدا بەکار هاتووە کە سودی هاوڵاتیانی عێراقی تێدایە وەک ( فراوانکردن و دوبارە قیرتاوکردنەوەی ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بۆ هۆڵی شەرەف ) کە بڕەکەی زیاتر لە ( ١٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەد ملیار دیناری عێراقی تێچوە، ئەم لە کاتێکدایە کە چەندین ناوچەی نیشتەجێبون هەیە لە شاری بەغداد تەنانەت ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین نەکراوە و گەڕەکەکانیان خۆڵە و هیچ خزمەتگوزاریەکیان پێنەکەشتووە.
هەروەها لەکۆتایی کۆڕبەندەکەدا پێشنیازی بابەتێک کرا لەسەر شەڕی غەزە و ئیسرائیل کە بریتیبوو لە دروستکردنی ( سندوقی عەرەبی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەزە)، کە بەبۆچونی ئێمە ئەمە ڕەوایەتی دانە بە هێرشەکانی ئسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە، وە دوای زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی یەکێک لە وڵاتانی هاوزمانیان لە کەرتی غەزەیە لە فەلەستین باسی ئەوە دەکەن کە:( دەبێت فشار لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت بۆ ڕاوەستانی شەڕ و دەبێت هاوکاری بگەیەنرێتە کەرتی غەزە)، لەسەر ئەم بابەتە سەرۆکی پێشوی وڵاتی تونس ( د.المنصف المرزوقي(  دەڵێت:( بەیانامەی کۆتایی لوتکەی عەرەبی لە ئاستی ئەوەدا نەبوو کە لە کەرتی غەزە ڕودەدات لە کۆمەڵکوژی و برسیکردن، وە وڵاتانی تا ئێستاش سیاسەتی نەعامە بەکاردەهێنن کە سەری دەکات بەناو خۆڵدا و نایەوێت ڕوداوەکان وەک خۆی ببینێت).
لەلایەکی دیکەوە لەم کاتەدا وڵاتی عێراق خەیکە توشی ئەزمەی دارایی ببێت بەهۆکاری گۆڕانکاری هاتن بەسەر نرخی نەوتدا، هەروەها بەپێی بەیانامە و ڕاگەیاندنەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لەم کاتەدا کەمی سیولەی هەیە و تەنانەت بۆ پێدانی موچەی مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارای حکومەتی عێراقی دەستی برد بۆ ( تەئمیناتی زەریبی ) و هەندێک سەرچاوەش دەڵێن تەنانەت پارەی دانراوی هاوڵاتیان لە بانکەکاندا باکار هێنراوە بۆ پێدانی موچە.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کەم ئەم کۆڕبەندە هیچ دەستکەوتێکی بۆ عێراق و ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی بەدینەهێنا و تەنها و تەنها بەهەدەردانی داهاتی وڵات بووە.

وتاری زیاتر