ئەم ئاوە لە كەیەوە ڕژاوە!!!
سلێمانی لە نێوان شەڕی برا و ئامۆزاكاندا هەمیشە خوێنی داوە!!!
نیوەی دوەمی سەدەی هەژدە دەورانی كەریم خانی زەند و جێنشینانیەتی لە ئێران و لوتكەی ناكۆكیەكانە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی، ململانێی ناو بنەماڵەی بابان هێز و توانای ئەمارەتی كزكز كردبوو، میرەكانی بابان بەناوی كوردەوە جەنگیان نەدەكرد، بەڵكو بەناوی ئێران و والی بەغداوە دەجەنگان، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگ بوو غەنیمەت و سەرمایە بوو، زۆر جار ناكۆكیەكە لە نێوان برا و ئامۆزاكاندا بوو بۆ نمونە شەڕی سێ برا كوردەكە:
مەحمود پاشای بابان
ئەحمەد پاشای بابان
موحەمەد پاشای بابان
بەدرێژایی نیوەی دووەمی سەدەی هەژدە لوتكەی درامایەكی نەتەوەیی كەم وێنەن لە مێژوودا
دیاردەیەكی زۆر دزێوی پاشكۆیایەتی بۆ ئەم و ئەو دەوڵەت هێنایە ناو میرو بەگەكانی كوردەوە، بەداخەوە ئەمە بوە ئایدیا، ئەم ئایدیایە هیچ سەروەریەكی بۆ كورد وەك نەتەوە نەهێشتەوە.
شەڕی برا و ئامۆزاكان كاریگەری خراپی دروست كرد بۆ دواتر، بەتایبەت لە نیوەی یەكەمی سەدەی نۆزدە ئەو ئایدیایە بووە كەلتور، لە خۆڕا پاشكۆیایەتی و شەڕ لە نێوان برا و ئامۆزاكان دروست دەبوو، بۆ نمونە ئەوڕەحمان پاشا كە ڕاپەڕی دژی عوسمانیەكان ئێران هاوكاری دەكرد، دەوڵەتی عوسمانیش میرێكی خزمی خۆیان ڕاست دەكردەوە هەر وەك خالید ئەحمەدی بابانی كردە موتەسەڕیف لە سلێمانی، ئەوڕەحمان پاشاش چوە ئێران و دواتر بە شەڕ دەهاتەوە سەر خزمەكانی.
دوای مەرگی ئەوڕەحمان پاشا مەحمود پاشای كوڕی دەبێتە میر، لە هاوكێشەی ململانێی ئێران و والی بەغدا كوردستان هەمیشە ئەمبەرو ئەوبەری دەكرد بەتایبەتی لە نێوان برا و ئامۆزاكان، هەر لەو دەمەدا والی عوسمانی مەحمود پاشای لێخست و عەبدوڵا بەگی برای دەكات بە پاشای سلێمانی، هەمدیسانەوە سلێمانی باجی شەڕە بێبنەماكانی دەدا و كاول دەبوو.
شارەزوور و سلێمانی باجی قورسی شەڕی دوو برای تریدا بەتایبەت لە نێوان ساڵانی ١٨١٣ـــ ١٨٣٨ ئەوانیش مەحمود پاشا و سوڵێمان پاشای سێیەم بوون، لەو فەترەیە هێندە جەنگ و براكوژی بەخۆیەوە بینی ناوچەكەیان كردە شانۆی ململانێ و جەنگ، هەر لایەك ژێر دەكەوت پەنای دەبردە یا ئێران یا عوسمانی، دوای مردنی سوڵێمان پاشا كوڕە گەورەكەی ئەحمەد پاشا دەبێتە میر، شەڕو ناكۆكیەكانی لەگەڵ مەحمود پاشا بەردەوام دەبن، لەو نێوەندەشدا دەوڵەتی عوسمانی عەبدوڵا بەگی بابان ڕاست دەكاتەوە بۆ هەر دوولا و دەیكاتە میری سلێمانی، ئەم ناوچەیە بەدرێژایی ئەو دەورەیە باجی دەدا و دوا دەكەوت.
ئەم بەیانیەش سلێمانی و خەڵكەكەی باجی شەڕی ئامۆزاكانیدا، ترس و دڵەڕاوكێ لەو شارەدا تەنیەوە، چەند چەكدارێكیش لەو نێوەندەدا خوێنیاندا، ئەم نا ئارامیە بۆ سلێمانی شتێكی تازە نیە، ئەم دواكەوتنە بەردەوامی هەیە، هیچ لایەكیشیان سەرنەكەوتن، بە پێچەوانەوە بەدۆڕا هەژمار دەكرێن لە دێڕی نووسینەوەی مێژوودا.