​مرۆڤی باینجانی !

لە لایەن د.شاخەوان سيامەنسوری20/09/2025

یەکێک لەو کەسانەی لە کاتی دەوڵەتی عوسمانیدا پاشای بەڕێوەبردنی لوبنانی پێ سپێردرابوو لە بنەماڵەی بەشیر، ناوی(بەشیری دووەمی شەهابی) بوو، (٥٢)ساڵ حوکمی ئەو جێگایانەی کرد لە نێوان (١٧٨٨بۆ ١٨٤٠).
جا ئەگێڕنەوە ڕۆژێک بە خزمەتکارەکەی دەڵێ: "حەز بە خواردنی باینجان دەکەم".
خزمەتکارەکەش پێی ئەڵێ: خودا باینجانمان بۆ زیاد بکات، گەورەی خواردنەکان، گۆشتە بێ چەورەی، ماسیە بێ یەسقان، بە سورەوەکراوی دەخورێ، بە برژاندن دەخورێ، ئەکرێ بە مەحشی، بەترشیاتیش ئەخورێ.
پاشا ئەڵێ:" ئاخر چەند ڕۆژێ پێش ئێستە خواردم ئازارێکی دروستکرد لە گەدەما و هەراسانی کردم" .
خزمەتکارەکەش کە گوێی لەو قسە ئەبێ ئەڵێ: باینجان بەر لەعنەتی خودا بکەوێت، زۆر قورسە خواردنی، سک پێی با ئەکات، ڕەنگی ناشیرین و ڕەشە!.
پاشا لەوکاتەدا ئەڵێ:" هاوار لە تۆ لەیەک کاتدا پێیدا هەڵئەدەیت و بە خراپیش باسی ئەکەیت!.
خزمەتکارەکەش ئەڵێ:" ئەی گەورەم من خزمەتکاری تۆم نەک خزمەتکاری باینجان، هەرکات گەورەم بۆ شتێ بڵێ بەڵێ، ئەڵێم بەڵێ، وە هەرکاتیش بۆ شتێ بڵێ نا هەزار جار ئەڵێم نا.
بەداخەوە ئەم باینجانیانە لە هەموو کاتێکدا بونیان هەیە بەتایبەت لەم سەردەمەی کە کاربەدەستی تێدا زۆر بوە.
جا ئەم باینجانیانە جاری وایە کەسی ئاسایی نین بەڵکو چینی سەرەوەی کۆمەڵگان.
هەروەک ئەگێڕنەوە لە سەردەمی خەلیفەی عەبباسی( جەعفەری کوڕی متوکیلدا)، جارێک لە کاتی ڕاودا تیرێک ئەنێت بە نێچیرێکەوە بەڵام نایپێکێ، وەزیرێکی لەگەڵ دەبێت یەکسەر هاوار دەکات و دەڵێ: زۆر باش بوو ئەی گەورەی باوەڕداران!
موتەوەکیل بە ڕقەوە ڕوی تێدەکات و دەڵێ: ئەوە گاڵتەم پێدەکەیت خۆ من نەمپێکا.
وەزیریش دەڵێ: گەورەم لەوەیا باشت کرد کە لێت نەدا و هەلێکی تری ژیانت پێ بەخشی.
نمونەیەکی تری ئەو باینجانیانە ئەوکاتە بوو وڵاتی سوریاو میسر یەک بوون، بەڵام ئەو یەکبانە شکستی هێنا بۆیە سەرۆکی ئەوکات(جمال عبدالناسر) لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتی: بڕیارم دا هێزی میسر بەرەوە سوریا بەڕێبکەوێ. هەموو ئەندامانی پەرلەمان قسەیان پێ بڕی و تێکڕا چەپڵەیان بۆ لێدا، بەڵام دوای چەپڵەکان وتی: بەڵام فەرمانم بە هێزەک کرد بگەڕێنەوە لەبەر پاراستنی یەکڕیزی.
دووبارە بە تێکڕا چەپلەیەکی گەرمیان لێداوە بۆی!
جا ئەم باینجانیانە هۆکاری مانەوەی دەسەڵاتدارانن، ئەوانن وا لە کاربەدەستانی وڵات دەکەن کە هەموو شت باشە و هیچ خراپ بونی نیە، ئەم باینجانیانە دابەش بوون لەسەرجەم چینەکانی کۆمەڵادا، هەیان بەڕێوەبەرە، هەیانە سیاسیە، هەیانە مامۆستایە، هەیانە مەلاو موفتی وڵاتە، هەیانە ڕاگەیاندکارە، هەیانە نوسەرو قەڵەم بەدەستە، هەیانە سەربازە لە گشت ئاستەکاندا، هەیانە بازرگانە، هەیە سەرۆك هۆزە، هەیە خوێندەوارەوە هەشیانە نەخوێندەوارە، ، هەیە دكتۆرەو تیماری دەرد ئەكات!، هەیانە کاسبێکی داماوی گیرفان خاڵیە!.
هەربۆیە من دڵنیام ئەو خزمەتکارە باینجانیەی لە خزمەت بەشیر شەهابی بوو نەزۆک نەبوەو وەچەیەکی یەکجار زۆری خستۆتەوە بەشێوەیەک هیچ کوچە و کۆڵان و حیزب و ڕێکخراوێک نەماوە وەچەی ئەمی تێدا نەبێت ئەمڕۆ.
#روون_میدیا

وتاری زیاتر