خەوەکەی کاک ئەحمەدی موفتیزادە چۆن لە دەنگدانەکەی بۆ پارتی پەشیمانکردمەوە؟

لە لایەن سالار بیارەیی29/10/2025


سالار بیارەیی
ئەگەرچی هەردوکیان بە نیسبەت بەندەوە لەروی زوڵم و زۆرەوە جیاوازییان نییە، بەڵام بەرەڵایی، کەڵەگایی و وێرانکردنی زۆنی سەوز، لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکەیەوە زیاتر جێی نیگەرانییە.
ئەم بێسەر و بەریەی کە لەم زۆنەدا هەیە، وایلێکردم کە لەم دەنگدانەدا دەنگەکەم بدەمە پارتی، نەک لەبەر هیچیتر.
بۆ ئەمە پەیوەندیم کرد بە دۆستێکم لەناو ئۆرگانێکی پارتی و پێمراگەیاند کە لەنێوان هەندێ لە هاورێکانیشمدا ئەمەمان تاوتوێکردووە و بریارمانداوە کە ئەم دەنگدانە دەنگەکانمان بۆ ئێوە بێ.
پاش ئەمە بەنهێنی کەوتینە جوڵە بۆ زیادکردنی دەنگەکان، بەڵام لەناکاو و بەهۆی خەونی دۆستێکم بە کاک ئەحمەدی موفتیزادەوە، تەواوی بیرۆکەکە هەڵوەشایەوە.
بۆ کرینی هەندێ کتێب، دووەم رۆژ چووم بۆ پێشانگاکە بۆ سلێمانی، ئەو کتێبانەی کە دڵدارم بوون کڕیمن، یەکێک لەوانە راڤەی مامۆستا ناسری سوبحانی بوو بۆ کتێبی (شزور الذهب)-ی ئیبن هیشام.
ئەو رۆژە هاتمەوە، بۆ شەوەکەی پەلەپەل کتێبەکانم هەڵپچری و تەماشایەکی سەرپێیانەم کردن و پاشان دەستمدایە خوێندنەوەی کتێبەکەی جەنابی سوبحانی، چونکە پێش ئەوە چاپ بکرێت ریکلامی بۆ ئەکرا، منیش زۆر تامەزرۆو پەرۆشی بووم.
پاشان بەهۆی هیلاکی رۆژەکەی، زوو چوومە ناو جێگا، بەڵام ئەو شەوە هەر لەبیری کتێبەکەدا بووم و خەوی لێ زڕاندبووم. تا وای لێهات ئەو شەوە نیوکاتژمێر پێش نوێژی بەیانی بەخەبەرهاتم، پاشان دەسنوێژم شوشت و دەستم کرد بە خوێندنەوەی کتێبەکە تا بانگیدا.
پاش نوێژ زۆر خەوم دەهات، چوومە ناو جێگا، تەماشام کرد ئەو دۆستەم بە دەم خەوەوە زوو زوو ئەڵێ: کاک ئەحمەد کاک ئەحمەد... هەندێ بەسەرسەرییەوە وەستام وتم بزانم چییە، ئیدی بێدەنگ بوو، منیش خەوتمەوە.
کە بەیانی هەستاین، ئەو دۆستەم بە پەلە چوو بەرەو کتێبخانەکە (هەڵبەت لەناو کتێبخانەکە وێنەی مامۆسا ناسری سوبحانی، عیرفان مستەفا و کاک ئەحمەدم داناوە) دەستی خستە سەر وێنەکەی کاک ئەحمەد و وتی ئەوە کێیە، وتم ئەوە کاک ئەحمەدە، زانایەکی گەورەی رۆژهەڵاتی کوردستانە. وتی خۆیەتی، وتم چی خۆیەتی، وتی ئەم شەو هاتە خەوم. منیش وتم خۆزگەم پێت، وتی بۆ، وتم کێ ئەیداتێ کەسێکی ئاوا ساڵح و پیاو چاک بێتە خەوی، وتی کورە تۆشم لەگەڵبوو، بەڵام روی دەمی قسەکانی لەمن بوو و تۆش سەرت داخستبوو و هیچت نەئەوت. وتم ئێ، چی وت؟
وتی: {{باسی تۆی ئەکرد و ئەیوت سالار بەهۆی خوێدنەوەی کتێبەکانییەوە هەنگاوی باشی بەرەو پێشەوە ناوەو قۆناغی ئیمانی باشی بریوە، بەڵام بڕیاریداوە کە دەنگ بە پارتی بدات، ئەگەر ئەوە بکات، ئیمانی دێتەوە سفر}}.
وتم دواتر؟
ئەویش وتی: {{وتم باشە، بەس سالار بەڵێنی بە کاک فڵانەکەسی هاورێیداوە کە دەنگیان بداتێ، ئەڵێ ئەویش وتی: بڵێ ئەو فڵان کەسە وێڵکات، چونکە ئیمان و قیامەتەکەی گرنگترە}}.
وتم چیتر؟
وتی: {{ وتیشی ئەو کتێبەی کە ئێستە ئەیخوێنێتەوە (کە مەبەستی کتێبەکەی ئیبن هیشامی مامۆستا ناسری سوبحانی بوو)، کتێبێکی زۆر باشەو با لەسەری بەردەوام بێ}}.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو دۆستەم بێ ئاگایە لەو کتێبەی ئیبن هیشام کە خەریکی خوێندنەوەییم، بێئاگاشە لەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ دۆستە پارتییەکەم ئەنجاممداوە و هەر ناشیناسێت، کەچی لەخەوەکە لەگەڵ کاک ئەحمەد ناوی دۆستە پارتییەکەمیشی بردبوو...
هەر چەندە ئەو دۆستەم ئاگاداری زمان و لەهجەی سنەیی کاک ئەحمەد نییە، بەڵام کە قسەکانی بۆ ئەگێرامەوە، وەک خۆیوو بە زمانی کاک ئەحمەد و بە لەهجەی خۆی بۆی ئەگێرامەوە.
تێبینی١: سەرنج و پرسیاری من ئەوەیە کە ئەمە ئەکەمجارە بریار بدەم دەنگ بە پارتی بدەم، کەچی بەم مەسیجە خوداییە لەلایەن بەندەیەکی ساڵحی خۆیەوە ئاگادارکرامەوە، ئەی ئەو بەرێزانەی کە چەندین ساڵە دەنگ بە پارتی و هاوحزبەکانی دەدەن، نەک هەر ئەمەش، بەڵکو ئەندامن تێیدا و بوونەتە هۆی هێشتنەوەی ئەو حزبانەو شەوورۆژیان خستووەتە سەریەک بۆ سەرخستنیان، ئەبێ حاڵیان چی بێ لە پاشەرۆژدا و چی وەڵامی خودا بدەنەوە؟
تێبینی٢: ئەو هاورێ پارتییە بەرێزەشم لێرە لەم تۆرە کۆمەڵایەتییە پێکەوە هاورێین و ئەتوانێ راستی و دروستی پەیوەندییەکەمان باس بکات، هەڵبەت ئەگەر ویستی.
تێبینی٣: ئەگەر چی زۆر هەوڵمدا لەگەڵی، کە ناوی ئەو دۆستەشم بنوسم کە خەوەکەی پێوە بینیوم، بەڵام پێی باش نەبوو، هەرکاتێکیش ڕای گۆڕا سوپاسی دەکەم کە ناوی لە کۆمێنتا بنووسێ.
#روون_میدیا

وتاری زیاتر

زۆرترین خوێنراو