لە عەرەبیەوە: سەربەست نەریمان
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا گۆڕانکارییەکی مێژوویی کەم پێشینەیە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەناکاو لەلایەن ئەمریکاوە دەستیپێکرد. هێرشی ئاسمانی بەرفراوان بۆ سەر ڤەنزوێلا ئەنجامدرا و دەستگیرکردنی سەرۆک نیکۆلاس مادۆرۆ و سیلیا فلۆریسی هاوسەری ڕاگەیەندرا، لەگەڵ دوورخستنەوەیان لەو وڵاتە. ترامپ بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئەمریکا "بەشێوەیەکی کاتی ئیدارەی ڤەنزوێلا" دەکات تاوەکو "گواستنەوەیەکی بێ کێشەی دەسەڵات" ڕووبدات، هەروەها کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی ئەمەریکا بە شێوەیەکی فراوان بەشدار دەبن لە بنیاتنانەوە و ئیدارەدانی یەدەگی بەرفراوانی نەوتی وڵاتەکە.
ئەوەی ڕوویدا گەورەترین دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی ئەمریکایە لە ئەمریکای لاتین لە دوای داگیرکردنی پەنەما لە ساڵی ١٩٨٩.
بەڕاستی چی ڕوویدا؟
ئۆپەراسیۆنی سەربازی: لە بەیانییەوە بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کاراکاس و ناوچەکانی دەوروبەری (وەک کۆشکی میرافلۆریس، بنکە سەربازییەکان، بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکان) دەستیپێکرد. پچڕانی کارەبا بەشێکی زۆری پایتەختی گرتەوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێزیش بیسترا.
دەستگیرکردنی مادورۆ: ترەمپ ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە شوێنی نیشتەجێبوونیان دەستگیرکردووە و گواستراونەوە بۆ نیویۆرک بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان (و تۆمەتە کۆنەکانی دیکە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر).
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا لە قۆناغێکی ئینتیقالیدا "وڵاتەکە بەڕێوەدەبات"، هەروەها کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنان دەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی داڕووخاوی نەوتی وڵاتەکە، ناوبراو پاساوی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە هێنایەوە و باسی لەوەکرد کرد کە مادۆرۆ "دیکتاتۆرێکە" کە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ی دزیوە و ڤەنزوێلا "لە ژێر دەسەڵاتی مادۆرو دەوڵەتێکی بەرهەمهێن و هەناردەکاری ماددەی هۆشبەر بووە" کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا.
ئەم دەستێوەردانە دوای چەند مانگێک لە پەرەسەندنی گرژییەکان هاتە ئاراوە، سەرەتا بە هۆشداریی توند بۆ مادۆرۆ لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ گرژیەکان چوونە قۆناغێکی نوێ، دواتر دەستنیشانکردنی چەتەکانی ڤەنزوێلا کە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکەن وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی و جێگیرکردنی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی بۆ ناوچەکە بەدوادا هات.
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بۆ بازاڕی پڕ ململانێی نەوت و ووزە چی دەگەیەنێت؟
ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی جیهانە (نزیکەی 17-20%ی یەدەگی جیهانی)، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و گەندەڵیی لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت، بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا بەتەواوی داڕوخابوو.
ئێستا نەوتی ڤەنزوێلا بە کردەوە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە کۆنترۆڵی ئەمریکا بەو مانایەیە کە کۆمپانیاکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن دەست بەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا دەگرن.
دوای کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا ،ڕەنگە دابینکردنی جیهانیی نەوت زیاد بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزاندنی نرخەکان بە شێوەیەکی ڕێژەیی و کەمبوونەوەی پشتبەستن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕووسیا.
هاوکێشە نوێیەکان لە دیمەنی نێودەوڵەتیدا:
ئەوەی ڕوویدا لە بنەڕەتدا هاوسەنگی هێزی گۆڕیوە، بە تایبەت لە نێوان ئەمریکا لە لایەک و ڕووسیا و چین لە لایەکی ترەوە
ترامپ ئەوەی پێی دەوترێت "Trump Corollary (وەشانێکی مۆدێرن لە عەقیدەی مۆنرۆ) جێبەجێ کرد: ئەمریکا دەبێت لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە ئەمریکای لاتین کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە کاریگەری "نەیارەکانی" وەک چین و ڕووسیا بکات.
ڤەنزوێلا بنکەیەکی ستراتیژی بوو بۆ ڕووسیا (قەرز، چەک، کاریگەری سەربازی) و بۆ چین (قەرزێکی گەورە لە بەرامبەر نەوت). ئێستا، ئەمریکا ئەم کاریگەرییەی بە تەواوی پچڕاندووە.
گورزێکی گەورە لە ڕووسیا و چین:
ڕووسیا: هاوپەیمانێکی ستراتیژی گرنگی لە حەوشەی پشتەوەی ئەمریکا لەدەستداوە. ڤەنزوێلا لە ئۆکرانیا پاڵپشتی ڕووسیای دەکرد و چەکی ڕووسی دەکڕی. ئێستا ڕوسیا سەرقاڵی ئۆکرانیایە و ناتوانێت وەڵامی سەربازی بداتەوە، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە ئیدانە دەکات و بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەی دژی ئەمریکا دەیقۆزێتەوە.
چین: گەورەترین زیانی ئابووری دەکات بەو پێیەی ملیارەها دۆلاری لە نەوت و کانزاکانی ڤەنزوێلا وەبەرهێنانی کردووە لە ڕابرددوا. کۆنترۆڵی ئەمریکا بە واتای لەدەستدانی ئەم وەبەرهێنانانە و دابەزینی کاریگەریی پەکین لە ناوچەکەدا، چونکە (ڤەنزوێلا بەشێک بوو لە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا)یاخود ڕێگای ئاوریشمی چین.
بەشێوەیەکی گشتی: ئەوەی لە کاراکاس ڕوویدا میحوەری دژە ئەمریکی (ڕووسیا-چین-ئێران-کۆریای باکور) لاواز دەکات و لە کەرتی وزە و سەرچاوەکاندا سوودێکی گەورە بە واشنتۆن دەبەخشێت.
دواتر چی ڕوودەدات؟
ئەم گۆڕانکارییە ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ سیاسەتی "دارە گەورە" (Big stick )ی ڕۆزفێڵت،کە لەسەر بنەمای دانوستان بە نەرمی و بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە یەککاتدا بۆ گەیشتن بە ئامانج دامەزراوە، لەم ڕێگەیەوە ئەمریکا پێگەی خۆی لە کێبڕکێی جیهانی لەگەڵ ڕووسیا و چین بەهێز دەکات و کۆنترۆڵی سەرچاوە گرنگەکانی وزەی جیهانیی دەکات.
بەڵام هێشتا مەترسییەکان زۆرن، ئەگەری بەرخۆدانی چەکداری لە ڤەنزوێلا، قەیرانی مرۆیی نوێ، پەرەسەندنی گرژییە نێودەوڵەتییەکان و ئەگەری کردەوەی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ڕووسیا یان چینەوە لە ناوچەکانی دیکە (وەک تایوان یان ئۆکرانیا) ئەگەری کراوەن.
دۆخەکە لە ئێستادا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و ڕۆژانی داهاتوو دیاری دەکەن کە ئایا ئەمریکا بە شێوەیەکی تەواوەتی ڤەنزوێلا داگیر دەکات یان دەسەڵات دەداتە دەست ئۆپۆزسیۆن.
دەرەنجام:
بەڕوونی هاوسەنگی هێز گۆڕاوە و ئەمریکاش گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەرو یەکلاکەرەوە لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بگێڕێت.