ئه‌م چه‌ند ڕۆژه به‌رده‌وام بیر له‌م
بێزاریه‌ی به‌شێكی زۆر له خوێندكاران له خوێندن و چواردیواری خوێندنگه و زانكۆكان
ده‌كه‌مه‌وه، بێزاریه‌ك بگاته ڕاده‌ی خواستی خوێندكار به به‌رده‌وامی شه‌ڕ و
كوشتار و زریان و لافاو و بایكۆت و خۆپیشاندان، ته‌نها بۆ خاتری ئه‌وه‌ی ده‌رگای
خوێندنگه و زانكۆكان نه‌كرێنه‌وه؟! و له ماڵه‌وه مژوڵی ئایپاد و مۆبایله‌كه‌ی
بێت و كات بكوژێت ! به ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك له خوێندكاران به بڕیاری وه‌ستانی
پرۆسه‌ی خوێندن شاگه‌شكه ببن و له‌سه‌ر خوێندنگه‌كانیان لۆكه‌یشنی بنكه‌ی سه‌ربازیی
ئه‌مریكیی دابنێن !! تا به‌شكو درۆنێكی وێڵی به‌ربكه‌وێت !!
ڕاسته له ڕووی ده‌روونیه‌وه هه‌میشه
خوێندن و دانیشتن له‌سه‌ر كورسی خوێندن جۆرێك له به‌ستنه‌وه و پاپه‌ند بوونی
تێدایه و مرۆڤ به سروشتی ئاره‌زوی ئازاد بوون و (ناپابه‌ندبوون)ی تێدایه، ڕاسته
له‌سه‌رده‌می ئێمه‌شدا ڕه‌نگه سایكۆلۆجیه‌تی بێزاریی له خوێندن له ناخماندا هه‌بوو
بێت و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئاواتی زیادبوونی پشووه‌كانمان كردبێت، به‌ڵام
بابه‌ته‌كه هه‌مووی ئه‌وه نییه و بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵتر و چڕتری ده‌وێت، به
تایبه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه زۆر شت بۆ خوێندكار فه‌راهه‌م كراوه، له هۆڵی
خوێندن و گه‌یاندن و خوێندنی تایبه‌ت و قه‌ده‌غه‌كردنی لێدانی قوتابی و ئامێری فێركردنی
نوێ و په‌رتوكی ڕه‌نگا و ڕه‌نگ و زۆر شتی تر.
دیاره هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده
و خوێندنی باڵای هه‌رێم ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به به‌رده‌وامی سه‌رقاڵی پرۆسه‌ی
نوێكردنه‌وه و گۆڕانكارین له هه‌موو شت: پڕۆگرام، ڕاهێنانی مامۆستا، كتێبه‌كانی
مه‌نهه‌جی خوێندن، خوێندكار بكرێته سه‌نته‌ر، سیستمی فێركردن، به‌دیجیتاڵكردن،
سیستمی ئه‌وروپیی و كۆری و به‌ریتانیی ... ، به كورتی و به كوردی هه‌مووی بۆ
خاتری ئه‌وه‌ی خوێندكار له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی خوێندن ئاشت بكه‌نه‌وه و ژینگه‌یه‌كی له‌بارتر
بۆ خوێندنی سه‌ره‌تایی و دواناوه‌ندیی و زانكۆیی دروست ببێت، ژینگه‌یه‌ك تێیدا
خوێندكار ئاره‌زووی خوێندن و فێربوون و گه‌ڕانی زانستیی بۆ دروست بێت، ژینگه‌یه‌ك
كه تێیدا مامۆستا و خوێندكار ببنه هاوڕێ و پێكه‌وه په‌ره به ڕه‌وتی زانست و
زانیاریی بده‌ن، ژینگه‌یه‌ك كه سه‌رجه‌م سێكته‌ره ئیداریی و زانستیی و داراییه‌كان
بچنه خزمه‌تی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن، به‌ڵام ده‌رئه‌نجام ئه‌وه‌یه كه
بینیمان و ده‌یبنین، بێزاریهكی قووڵی به‌شێكی زۆر له خوێندكاران له ژینگه‌ی
خوێندن، به‌جۆرێك ئاماری ترسناك بۆ وازهێنان له خوێندن له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی
كوردستاندا هه‌یه و خوێندكار نه‌ك رۆژێك و دوو ڕۆژ به‌ڵكو تا چه‌ند مانگێكی دیكه‌ش
چواردیواری خوێندنگه و زانكۆكه‌ی نه‌بینێت تامه‌زرۆیی بۆ دروست نابێت و ڕه‌نگه
بیری كورسی خوێندن و مامۆستا و هاوڕێكانی ناكات ؟!
ئه‌مه به‌ڕاستی دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیدار
و خه‌مهێنه‌ره و ڕه‌نگه هزر و خه‌یاڵی زۆرێك له ئێوه‌شی داگیر كردبێت و مافی
خۆمانه ئه‌م پرسیاره سادانه بكه‌ین:
باشه تۆ بڵێی له سه‌رتاسه‌ری ئه‌م هه‌ساره‌یه حاڵی په‌یوه‌ندیی نێوان خوێندكار و ژینگه‌ی خوێندن به‌م شێوه‌یه بێت و به داخستنی ده‌رگای خوێندنگه و زانكۆكان خه‌نده به‌ری لێوی خوێندكاران بگرێت ؟!
داخۆ چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكار ئاشت بكرێته‌وه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی خوێندن و فێربوون و ئاره‌زووی گه‌ڕان و خوێندن له ناخیدا بچێنرێت، به جۆرێك خۆی حه‌ز به خوێندنبكات، نه‌ك به زۆره ملێ و ناچار كردن؟!
ئایا ئه‌و هه‌موو پرۆسه‌ی ڕیفۆرم و گۆڕانكاریانه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت (خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده) له‌م چه‌ند ساڵه‌دا ئه‌نجامیاندا، چی به‌چی كرد؟ ئایا توانی پرۆسه‌كه هه‌م له شێواز و هه‌م له ناوه‌ڕۆكدا بگۆڕێت؟ یان ته‌نها شێواز و شكڵهكه گۆڕا و كرۆك و ڕۆحی پرۆسه‌كه هه‌روه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه؟
ئه‌مانه و چه‌ندین پرسیاری تر ڕه‌نگه
له هزرو خه‌یاڵی هه‌ریه‌كه له ئێمه و ئێوه‌دا بێت و بچێت و به‌شوێن وه‌ڵامه‌كه‌یدا
بگه‌ڕێین و به‌رده‌وام ناخمان ده‌هه‌ژێنن.