ئاریا هاوڕێ محمود - خوێندکاری بەشی ئەندازیاری کارەبا لە زانکۆی سلێمانی
لەگەڵ ئەوەی جیهان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕوو لە وزەی نوێبووەوە دەکات، هەرێمی کوردستانیش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە کە ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ ڕۆژی هەتاویی هەیە، زەمینەیەکی زۆر گونجاوی بۆ بەکارهێنانی سۆلار پانێڵ هەیە.
لەم ساڵانەی دواییدا رێژەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و کارگەکان هەنگاو یان بەرەو کارکردن بەم سیستەمە ناوە، لەو ڕوانگەوە پرسیارە سەرەکیەکە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە : ئایا بەستنی سۆلار پانێڵ بە تەنیا و بەبێ پلانێکی تۆکمە، دەبێتە چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا؟
لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین، کە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی لەم بوارەدا سەركەوتوو بوون، دانانی پانێڵ تەنیا بەستنی چەند تەختەیەک نەبووە لەسەر سەربانی ماڵان یان کۆمپانیاکان، بەڵکو بەشێک بووە لە ستراتیجێکی گەورەتری بەیەکەوەبەستنی وزەی نوێبووەوە لەگەڵ تۆڕی گشتیدا (Integration into Microgrids).
ئەم جۆرە تێکەڵکردنە وا دەکات هاووڵاتی لە بەکارهێنەرێکی سادەوە بێتە بەرهەمهێنەر (Prosumer). واتە لە کاتەکانی نیوەڕۆدا کە تیشکی خۆر لە لوتکەدایە و بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو لە خواستی ماڵەکە زیاترە، ئەو وزە زیادەیە ڕوانەی تۆڕی گشتی بکرێتەوە، لە بەرامبەردا لە کاتەکانی شەودا کە سۆلار کار ناکات، ماڵەکە کارەبا لە تۆڕی گشتی وەربگرێتەوە.
بۆ ئەوەی پڕۆسەی بەکارهێنانی سۆلار لە هەرێمی کوردستان لە شێوازە سەرەتاییەکەی دەربچێت و بخرێتە سەر هێڵێکی دروستی ئەندازیاری، پێویستە کار لەسەر دوو خاڵی سەرەکی بکرێت:
١. جێبەجێکردنی سیستەمی پێوەری دووئاڕاستەیی (Net Metering): واتا بەستنی ئامێرێک بۆ پێوانی بڕی ئەو کارەبایەی کە هاوڵاتی دەیداتەوە بە تۆڕی گشتی، تا لەبەرامبەردا داشکاندنی بۆ بکرێت لە پسووڵەی مانگانەدا. ئەم هەنگاوە لە لایەکەوە هاندەرێکە بۆ خەڵک و لە لایەکی تریشەوە بارگرانی سەر دەوڵەتیش کەمدەکاتەوە.
٢. پشتبەستن بە سیستەمی بەستراوە بە تۆڕ (Grid-Tied)لەبری خەرجکردنی تێچوویەکی زۆر بۆ کڕینی پاتری و بەکارهێنانی سیستەمی سەربەخۆ (Off-Grid)، پێویستە ئاڕاستەی بەکارهێنان بخرێتە سەر تۆڕی گشتی. بەم هەنگاوەش لە کاتەکانی لوتکەی گەرمای هاویندا کە خواست لەسەر کارەبا لەئەوپەڕی بەرزیدایە، سۆلارەکان بەشێکی گەورەی ئەو پەستانە لەسەر وێستگەکانی بەرهەمهێنان کەمدەکەنەوە.
لەکۆتاییدا، دەتوانین ئەو ڕاستیە ڕوون بکەینەوە، کە بەرەوپێشبردنی سۆلار لە هەرێمەکەماندا تەنیا بە هۆشیاری ژینگەیی ناکرێت، بەڵکو ڕێکخستنی یاسایی، ئامادەکردنی ژێرخانی تۆڕی کارەبا و بەڕێوەبردنی وردی ئەندازیاریی دەوێت.