سەرەقەڵەمێک سەبارەت بە دیجیتاڵکردنی کارەبا لە هەرێمی کوردستان
* ئاریا هاوڕێ محمود, خوێندکاری بەشی ئەندازیاری کارەبا لە زانکۆی سلێمانی
وەک ئاشکرایە لە ئەم سەردەمە سەردەمی بە دیحیتاڵبونی کۆی کارەکانی ژیانە، لەو نێوەندەشدا بواری کارەباش بێبەش نەبووە لەو گۆڕانکاریە دیجیتاڵیە، بە شێوەیەک کە لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی جیهان بە خێرایی بەرەو دیجیتاڵکردنی تۆڕەکانی کارەبا هەنگاو دەنێن، هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی پڕۆژەی پێوەری زیرەکەوە چۆتە قۆناغێکی نوێی بەڕێوەبردنی وزەوە، بەڵام پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە: ئایا بەستنی پێوەری زیرەک بە تەنیا بەسە بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا؟
لە وڵاتانی تر، پێوەری زیرەک تەنها ئامێرێک نییە بۆ خوێندندنەوەی بڕی بەکارهێنان، بەڵکو بەشێکە لە سیستەمێکی گەورەتر بە ناو Smart Grid.
کە ئەم سیستەمەش وا دەکات هاووڵاتی خۆی بەڕێوەبەری کارەباکەی بێت, لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی موبایلەکەی دەستیەوە، دەستبەجێ دەتوانێت ئەوە ببینێت کە لە چی کاتێکدا کارەبا گرانترە یان گوشار(Load)ی سەر تۆڕەکە زۆرە، بەم هۆیەوە بەکارهێنانی ئامێرە گەورەکان کە زۆرترین بڕێ ووزەی کارەبایان پێویستە دەخاتە کاتەکانی دیکە.
لە لایەکی ترەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەی پێوەری زیرەک لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بخرێتە ئاستێکی تەواو ئەندازیاری، پێویستمان بە دوو هەنگاوی گرنگە، کە ئەوانیش بریتین لە :
١. دابینکردنی داتای ڕاستەوخۆ بۆ بەکارهێنەر: تاکو هاووڵاتی بزانێت لەو کاتەدا گوشاری سەر وێستگەکە چەندە و هەروەها هاوکار بێت لە ڕێکخستنی بار (Load Balancing).
٢. دیاریکردنی نرخی گۆڕاو (Dynamic Pricing): بۆ ئەوەی خەڵک لە کاتەکانی کەمبوونی خواستدا کارەبا بەکاربهێنن و لە کاتی( peak (demand کە لوتکەی خواستە، گوشار کەم بێتەوە.
شیاوی باسە، ئەم جۆرە چارەسەرە ئەندازیارییانە پێویستیان بە ئامێری زۆر و تێچووی زۆر نییە، بەڵکو تەنها پێویستیان بە بەڕێوەبردنی وردی داتاکانی وێستگەکانە.