مرۆڤایەتی بەرەو وزەی سەوز

لە لایەن ئاریا هاوڕێ محمود 10/09/2026


ئەگەر  لە مێژووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی ووردبینەوە، بۆ مان ڕووندەبێتەوە کە سەرهەڵدانی هەر سەردەمێکی نوێ پەیوەست بووە بە توانای مرۆڤ لە بەڕێوەبردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزەدا.
لەو ڕوانگەوە  لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازییەوە، گەشەی ئابووری و شارستانی لەسەر بنەمای سووتاندنی سووتەمەنییە بەردینییەکان دامەزراوە؛ بەڵام ئەم مۆدێلە گەشەپێدانە لە ئێستادا ڕووبەڕووی بەربەستی بنەڕەتی بووەتەوە. کێشەکانی زیادبوونی ڕێژەی گازە زیاندمەندەکان و تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگە، ئەکادیمیست و بڕیاربەدەستانی ئاڕاستە کردووە بەرەو دووبارە پێناسەکردنەوەی ژێرخانی وزە. 
لەم گۆشە نیگایە وە ، وزەی سەوز (Green Energy) وەک سەرەکیترین بژاردەب زانستی بۆ مسۆگەرکردنی گەشەپێدانی بەردەوام (Sustainable Development) دەرکەوتووە.
مەبەست لە وزەی سەوز تەنها هەڵبژاردنێکی ژینگەیی نییە، بەڵکو سیستەمێکی گشتگیری بەرهەمهێنانی وزەیە کە پشت بە ( سەرچاوە بڕبڕەییە سروشتییەکانی وەک تیشکی خۆر، هێزی با، ڕێڕەوی ئاو،  گەرمیی ناخۆڕسکی زەوی) دەبەستێت. جیاوازی جەوهەریی ئەم سیستەمە لەگەڵ ڕێگە نەریتییەکاندا لەوەدا دەردەکەوێت کە خولی بەرهەمهێنانی، هاوئاوەزە لەگەڵ خولە بیۆلۆجی و سروشتییەکانی زەویدا و نزمترین ئاستی پاشماوەی کاربۆنی لێدەکەوێتەوە.
سوودە ستراتیژی و زانستییەکانی گوێزەرەوە بەرەو وزەی سەوز:
 پاراستنی هاوسەنگیی ئیکۆلۆجی و تەندروستیی گشتی: سنووردارکردنی دەردانی گازە زیانبەخشەکانی وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، پێکهاتەی هەوا دەپارێزێت و ئاستی مەترسییە ژینگەییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستیی کۆمەڵگە دەبێت.
بە پشتبەستن بە سەرچاوەی بێبڕانەوە (Renewability): بەرامبەر بە سەرچاوە دەرەکیەکان کە خاوەن تەمەنێکی دیاریکراون و بەرەو نەمان دەچن، سەرچاوە سەوزەکان بەردەوام نوێ دەبنەوە و گەرەنتیی دابینکردنی وزە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکەن.
 سەربەخۆیی و ئاسایشی وزە (Energy Security): دابەشبوونی جوگرافیی سەرچاوە سەوزەکان، ڕێگە بە هەرێمی کوردستان و وڵاتان دەدات بەپێی تایبەتمەندیی سروشتیی خۆیان ببنە بەرهەمهێنەر، ئەمەش وابەستەیی ئابووری و سیاسی بە سووتەمەنیی هاوردەکراو کەم دەکاتەوە.
هەروەها دروستکردنی بزوێنەری نوێی ئابووری وەک وەبەرهێنان لە تەکنەلۆجیای وزەی نوێبووەوەدا، سێکتەرێکی بەرفراوانی کارپێکردن دابین دەکات؛ لە توێژینەوەی زانستی و دیزاینەوە تاوەکو دامەزراندن و بەڕێوەبردنی سیستەمەکان، کە ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان.
لە سەردەمێکدا کە جیهان بەرەو ژیرکردنی ژێرخانەکان و دیجیتاڵکردنی تۆڕەکان هەنگاو دە نێت، وزەی سەوز دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لەم وەرچەرخانە تەکنەلۆجییە. هاوکات ئاوێتەکردنی سیستەمی نوێبووەوە لەگەڵ تۆڕە ژیرەکاندا، زەمینە خۆش دەکات بۆ بەڕێوەبردنێکی کارامەتر و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی توانای کارەبا.
لەکۆتاییدا، ئاڕاستەکردنی سەرمایە و ئامادەکردنی بنەمای یاسایی بۆ پەرەپێدانی وزەی سەوز، ئەرکێکی نیشتمانی و ئەکادیمییە ئەم وەرچەرخانە نەک هەر گەرەنتیی سەقامگیریی ئابووری دەدات، بەڵکو هەنگاوێکی کردارییە بۆ سپۆنسەرکردنی ئه جەندایەک کە مافی ژیانێکی ئاسوودە بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر دەکات لە لە هەرێمی کوردستاندا.

ئاریا هاوڕێ محمود
خوێندکاری قۆناغی چوارەمی ئەندازیاری کارەبا لە زانکۆی سلێمانی

وتاری زیاتر