بەغداو ھەولێر: چارەسەر یان قەیران؟

لە لایەن مەهدی ئەبوبەكر29/07/2019



بە حوکمی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ پێویستە حکومەتی ھەرێم رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەفت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لە بەرانبەریشدا؛ حکومەتی بەغدا سەرجەم پارەو پولی پێویست بۆ ھەرێم دابین دەکات.

ئەوە یاسایەو حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە رێگەی پەرلەمانتارەکانیانەوە دەنگیان پێداوە، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ دەرکرێت تەنیا بەغدا بەشێکی پابەندییەکانی کە خۆی لە مووچەی فەرمانبەراندا دەبینێتەوە، جێبەجێ دەکات و سەرجەم پارەکانی دی لە بەشی ھەرێم گل دەداتەوە. 

ئەو پابەندییەی یاساکە خستویەتییە گەردنی حکومەتی ھەرێم تا ئێستا تەنیا مەرەکەبی سەرکاغەزە، چونکە ھەرێم تا ئەم چرکەساتە، حکومەتی ھەرێم یەك تەنەکە نەوتی بەدەستی بەغداوە نەداوە. لەکاتێکدا بەگوێرەی راپۆرت و داتاکان نزیکەی ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت و بەغداش لیتر بە لیتر دەزانێت چۆن بەرھەم دێت، بەکوێدا دەڕوات و بە کێ دەفرۆشرێت.

حکومەتی ھەرێم، لە بارودۆخێکی سەختدایە، بژاردەکانی بەردەستی بۆ دەرچوون لەقیرانەکان و ئەنجامدانی چاکسازیی ئێجگار کەمن، رەنگە لە بژاردەیەك یان دووان تێپەڕ نەکات، گرنگترینیشیان رێککەوتن و رادەستکردنی نەوتە بە حکومەتی عێراق، ھەروەك چۆن پێشتریش رێککەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەر بوو، چونکە سەرئەنجام ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و ھەموو دەرگاکانی چارەسەر لە بەردەمیدا کڵۆم دراون. ئەوەمان لە بیر نەچێت، پێشتر ھەرێم زۆر رێگەی دی بۆ چارەسەر تاقیکردەوە، لێ ئەنجامەکەی رێککەوتنێکی گوماناویی (٥٠) ساڵەی لەگەڵ تورکیا، بڕینی مووچەی فەرمانبەران و (١٤) ملیار دۆلار قەرز دەستکەوتەکەی بوو..

ئەوەی پێشبینی دەکرێت، ئەگەر حکومەتی ھەرێم لە داھاتوویەکی نزیکدا، لەگەڵ بەغدا رێکنەکەوێت، ئەوا رەنگە لە ئەگەر روودانی ھەر گۆڕانکارییەك لە بەغدا، بە تایبەتی دەستلەکارکێشانەوە یان لابردنی عادل عەبدولمەھدی، پەیوەندییەکان زیاتر ئاڵۆز ببن، لەو نێوەندەدا خەڵکی کوردستان وەکو چۆن لە چوار ساڵی رابردوو باجی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوریان دا، ئاوا دووبارە دەبنەوە بە سوتەمەنی تێکچوونەوەی نێوان بەغداو ھەولێر.

وتاری زیاتر