حزبی كوردی كێشەی ئەخلاق و متمانەی هەیە نەك گۆڕانكاری ڕواڵەتی

لە لایەن ئارام عەلی سەعید01/08/2019



پێموانیە كێشەی حزبە سیاسییەكان كێشەی پەیڕەوو پرۆگرام بێت، لەنێو هەریەك لەو مەرامنامە"پەیڕەو"و میتۆدانەدا كە نووسیویانە كۆمەڵێك دەستەواژەو دەقی جوانی تێدایە، هەموویان مانای دروست دەبەخشن و ڕستەی تەواون، گرفت لە تەرجەمەكردن و مانابەخشیندایە بەم تێكستانە، نەك حەزف و ئیزافە، بەهێندەی ئەوەی كێشە لەڕاستگۆییدایە كێشە لەوەدانیە لیژنە دروست بكرێتەوە بۆ سیاغەكردنەوەی پەیڕەوو پرۆگرام لە ساتەوەختی نزیكبوونەوەدا لە كۆنگرەو ناوی لێ بنرێت بەرەو گۆڕانكاریی و چاكسازی، چونكە گرفتی ئەم هێزانە كارنەكردنە بە پێدراوەكانی ناو پەیڕەو نەك گۆڕانكاری تێیاندا.

حزبی كوردی كێشەی ئەخلاقیی هەیە لەگەڵ ئەو پرەنسیپانەدا كە بانگەشەی بۆ دەكات، ناتوانێت هاوتاو هاوسەنگیان بكاتەوە لەگەڵ ئەمری واقیع و ئەو مەفهومانەی دایڕیشتوون پڕیان بكاتەوە لە واتا ڕاستەقینەكەی خۆیان، ئەخلاقێك كە ڕایەڵەی دروستكردنی متمانەیە و لە هەر غیابێكیدا كارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت، خۆ خەریككردن بە چەمكە ڕواڵەتیەكان و مژۆڵبوون بە دەسكاریكردنیانەوە لەبیربردنەوەی تەواوی ئەومانا جەوهەرییە دروستانەیە كە بەرمەبنای سەرهەڵدانی كێشە قووڵەكانن، تێكەڵكردنی میزاج و ویستە سایكۆلۆژییەكانی چەند كەس و گروپێك لەنێو ئەم هێزە سیاسیانەدا سەرچاوەی كێشە درێژخایەنەكانن، خۆ بە موقەددەس زانین و دەمارگیری بۆ بڕیارە پێشوەختەكان گەورەترین بەربەستی بەردەم ڕیفۆرم و ئومێدی چاكسازییە لەئیدارەدانی ئەم هێزانەدا.

بەبڕوای من ئەم هێزانە لەسەروبەندی كۆنگرەكانیاندا بە ئەندازەی ئەوەی ئاتاج بە دەسكاریكردنی هەندێ عەقڵ و گۆڕینی میزاجی كەسەكانن هیچ كات ئاتاج بەو گۆڕانە ڕواڵەتیانە نین كەلەژێر فشاری ڕەخنەو دروستبوونی پرسیارەكاندا بەرامبەریان دەوترێت ئەمان پێی هەستن، چونكە كێشە لەو ڕوانینە سەر كیڵی و بێقووڵاییانەدایە كە لە عەتفەوە دروست بوون، كۆسپەكان لەوێوە سەرهەڵدەدەن كە نوخبەیەك وەك میراتگر لە وەزیفە حزبیەكان دەڕوانن و وا دەزانن ئەوان عەررابی ڕزگاری حزب بوون بۆ پەڕینەوە بەرەو كەناری ئارامی، قەیرانەكان لەوێوە ڕێچكەیان گرتووە كە ئەوانەی لەسەرەوەن خۆیان بەخاوەن ماڵ و ڕەخنەگران بە میوان دەزانن، خوارییەكان لەو ڕوئیایانەوە دەستیان پێكردووە كە بێمنەتی و بێ دەربەستبوون لەبەرامبەر كەسە دڵسۆزو ڕاستگۆكاندا دروست دەبێت، كێشەكان لەو گرێ دەروونیانەوە سەر هەڵدەدن كە كۆمەڵێك لە دەستڕۆیشتووان دەرەتانی خۆ دەربازكردنیان نییە لەو تەوقە دۆگماییەو تێیدا دەسوڕێنەوە، گرفت لەوگەوجاندنانەدایە كە لە دوورەوە بە كۆمەڵێك دروشمی سۆزئامێز ڕای گشتی و هەواداراو ئەندامانی پێ موخاتەبە دەكرێت بە بێ ئاگاداربوون لە نوقسانیەكانی حزب و لێیان دەشاردرێتەوە، ئەزموونی حزبەكان و سیاسەتكردن وامان پێ دەڵێت تاوەكو شكۆ بۆ ئەخلاقی سیاسیی و ئیدارەدانێكی بێگریگۆڵ نەگێڕدرێتەوە لەنێو ئەم هێزە سیاسیانەدا مەحاڵە چاوەڕوانی چاكسازی بكرێت، ئەوەشی هەیە و هەوڵی بۆ دەدرێت جگە لە موسەكینێكی كاتی هیچ دی نییە !!!

وتاری زیاتر