ڕەخنە وەک بەشێک لەسەر ئێشەکانی ڕۆشنبیر

لە لایەن ئارام عەلی سەعید13/07/2019

ئارام عەلی سەعید
بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پرۆسەیەکی پۆزەتیڤە، تەواوکارییە بو بونیاد،  ھەڵبەت ڕەخنەیەک نا بۆ شکاندنی ئەوی دی، ڕووخێنەر نا، بەڵکو ئەو ڕەخنەیەی ئاخنراوە بە ھەستانەوەو سەخاوەتی بەخشینی وزەو بەرزکردنەوەی باڵەخانەی ژیان، ھەرکەس خاوەن پەیام بێت وەک بەشێک لەتەواوکاری گەیاندنی پەیامەکەی لەڕەخنە دەڕوانێت، بە توولی تاریخ "گومان" و "پرسیار" ڕێڕەوی گەیشتن بوون بە حەقیقەت و گەڕان بە دوای دۆزینەوەی وەڵامەکان، ئەوەنیە زۆربەی پەیامبەران کاتێک ڕیسالەی حەقیان بۆھاتووە سەرەتا لەگەڵی کەوتوونەتە ناو جەدەل و وتوووێژ و بیرکردنەوەلە پەیامەکانیان لەگەڵ خودا، دواتر ئەوانەشی بوونەتە شوێنکەوتەیان دەسپێکیان بەپرسیارو دواتر بەگومان و دواجار گەیشتن بە ڕاستی و بڕواھێنان ھاوکێشەی بانگخوازی ئاینەکەیانی تەواوکردووە،


 زۆربەی فەیلەسوف و زانایان ئەھلی دڵ و عەقڵ و بەشێکی گەورە لەبیریاران ساتەوەختی بیرکردنەوەو ڕامانیان بەپرسیارەوە بەسەربردووە، گومانیان لەزۆر پێدراوی نادیارو ناڕوون کردووە، بەسەرپردی گوماندا پەڕیونەتەوە بۆگەیشتن بە دڵنیایی، تاوەکو شمێشری عەقڵیان لە یەقینی دۆگمایی ھەڵنەکێشابێت نەیانتوانیوە موقەددەسی تاپۆکراو تێک بشکێنن، بۆ مەگەر سەبەتەی مێژوو پڕنەکراوە لەکاغەزە زەردەکانی تۆمەتی ئەوانەی دەرەتانی بیرکردنەوەیان نیەو قوفڵیان لەلۆژیک و بیری عەقڵانیەت داوە؟! ئەدی پەرتووکەکانی ناو تاریخ ڕەشنەکراونەتەوە بەو نموونانەی دەستڕۆیشتووان و فاسیدەکانی ناو دەسەڵات و سیاسەت و بەڕێوەبردن چۆن نەیارەکانی خۆیان کوشتووە بە سەرکوتکاری فیکری ؟


تاڕووبەری  ڕەخنە فراوان بێت مەودای ئازادی بەرینتر دەبێت، ئاستی ھۆشیاری بەرزبێت تەفەھومی جیاوازییەکان چاوەڕوان کراوتردەبێت، تێنەگەیشتن لەدەقەکانی ئایین و ڕاڤەی سادەو بێ قووڵایی، ژینگەی خێزانی و فەزای کۆمەڵایەتی و ئاووھەوای جیاوازی ناوچەیی ھۆکارن بۆ داخراوی عەقلانی، ھاوکات فاکتەری سەرەکیشن بۆ دەمارگیری و کورتبینی و لاوازی بیرکردنەوە، ئەمانە زادەی خودگەرایی و بیری پراگماتیانەیە دەرھەق بەوانی دی.


 ئەوانەی ئالوودەی داخران بوون  سەقافەی مامەڵەکردنیان لاوازە، ناتوانن ئەوی دی بخوێننەوە، حەق لەخۆیاندا دەدۆزنەوە، ڕەخنە دەیانشڵەژێنێت، مەودای بینینیان کورتە، خۆیان بە دونیای شتە بچووکەکانەوە سەرقاڵ دەکەن، پرسیارو ڕەخنەو گومان وێنا بە تۆمەت و ناپاکی و بەزاندنی سنوورەکانی موقەددەس دەکەن، بەسەرکردنەوەی دەق و لێکدانەوەی لۆژیکی و پۆزەتیڤانە بۆ پرسەکان بە جەھل و لادان و تێکەڵبوون بە خورافە لێک دەدەنەوە، ویستە سایکۆلۆژیی و حەزە دەروونیەکانیان تێکەڵ بە پرسە فیکری و سیاسیەکان دەکەن، زات و مەوزوع ئاوێزانی یەک دەکەن.


 ئەمانە گرفتی سەرەکی نوقسانی و بەریەککەوتنەکانن، داکەوتەی ئەو واقیعەن کە زمانی ڕەخنە ڕۆڵی نامێنێت، پیاھەڵدان و ماکیاژی ناڕێکیەکان دەبنە بەدیلی ڕەخنەو ھەر پرسیارکردنێک ڕستێک تۆمەت و قەبارەیەکی گەورە لەنیگەرانی و مڕومۆچی لەتێنەگەیشتن دەکەنە کاڵای باڵای ڕەخنەگر، ئەمەش خۆدوورگرتنە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو قەبوڵنەکردنیەتی وەک بەشێک لە پێداویستیەەکانی بونیاتنان و خۆنوێکردنەوە، ئەوەی ڕۆحی ڕەخنە دەکوژێت دروستکردنی توێژێکی سادەگۆی بێ بیرکردنەوەیە لەبەرامبەر پرسە قووڵ و چارەنووسسازەکان و ئەو خۆشبینی و موژدەو خەندە سەتحیانەیە کە کۆیلەکان بەخشیویانەتە سەرکردەکانیان، کۆسپی گەورەی بەردەم ڕەخنە ئەو موجامەلە ڕووکەشانەیە کە ئیشتیھای کورسیدارەکان دەیخوازێت و مقەوەماتێکی ھەمیشەیی مانەوەیانە لەشوێنی خۆیان.


مەفھوم یان چەمکی ڕەخنە بەشێکە لە وەزیفەی ڕۆشنبیران و ئەھلی قەڵەم، بەرپرسیارێتی ئەخلاقیانەیانە بەرامبەر بەو واقیعەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، چەکی دەستیانە بۆ شۆڕشی ڕیفۆرم و ھێنانەدی چاکەخوازی گشتی، کۆدێتایەکی سپی عەقڵانیە بەسەر بەڕێوەبردنی ناعەقڵانی و قۆرغکاری سیاسییدا، ڕاگرتنی ھەموو ئەو سەرکێشی و ناعەدالەتیانەیە کە چینێکی سوڵتانی پەیڕەوی لێ دەکەن، ڕەخنە کۆدی کردنەوەی کۆتی کۆیلایەتی سەردەمیانەیە، چرای دەستی ڕووناکبیرانە بۆ ڕەواندنەوەی تارمایی گومان، تا سەرکێشی مرۆڤ و ھەڵپەکردن بۆ دەسەڵات و مانەوە لەپێناو کورسی و ویستی تێکشکاندنی ئەوانی دی ھەبێت لەژیاندا ئەوا ھۆشمەندی ڕەخنەگرانەو  خزاندنی دیدە باوەکان بەردەوام دەبێت، ئەمەیە وادەکات ڕەخنەگر دەستەمۆنەبێ و تەسلیمی دۆخێک نەبێت کە چەمینەوەیە بۆ ئەوانێک شکۆی کورسیەکانیان لە کوشتنی ڕۆحی ڕەخنەو شاردنەوەی ڕاستیەکاندا دەبیننەوە،ئەمەیە وایکردووە ڕەخنەگری ڕاستەقینە ھەمیشە نامۆبێت لەژینگەیەکدا کە بێ پشتیوانە، بگرە زۆرجار موجازەفەش بەژیانی خۆیەوە دەکات بەتایبەت لە ڕەوشێکدا کە عەقڵ تێیدا ئیش ناکات.

وتاری زیاتر