بۆچی بەهێزترین سوپای جیهان ناتوانێت گەرووی هورمز بکاتەوە؟

11 کاتژمێر پێش ئێستا

لە هورمزدا، جوگرافیا و ئامرازە سەربازییەکان تەواکەری یەکن؛ ڕێڕەوە تەسکەکان مەودای مانۆڕکردن سنووردار دەکەن، ئاوە بەرتەسك و تەنکەکانیش شوێنێکی نموونەیین بۆ چاندنی مین
جەنگەکان هەرگیز تەنیا مەسەلەی هێزی ڕووت یان چڕیی بوردومان و ئاگر باران نەبوون، بەڵکو مەسەلەی چۆنیەتیی بەکارهێنانی تواناکان بوون. وەک «ئیدوارد لووتواک»ی بیرمەند و ستراتیژیستی ئەمریکی دەڵێت، بواری ململانێ ملکەچی «لۆژیکێکی دژبەیەک»ە؛ خاڵە بەهێزەکان دەبنە خاڵی لاوازی و بەپێچەوانەشەوە. سادەترین ئامرازەکان دەتوانن هێزێکی گەورە کۆتوبەند بکەن ئەگەر لە شوێنی گونجاودا دابنرێن.
گەرووی هورمز یەکێکە لە ڕەنگدانەوە هەرە دیارەکانی ئەم لۆژیکە؛ ڕێڕەوێکی ئاوییە کە پاناییەکەی لە تەسکترین شوێندا تەنیا ٣٤ کیلۆمەترە، بەڵام یەک مینی بچووکی کانزایی لە بنکەیدا یان لەسەر ئاوەکە، بەسە بۆ ئەوەی بێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی جیهان.
ئەم واقیعە تەنیا پەیوەندیی بە سادەیی ئەو ئامرازانەوە نییە کە بۆ پەکخستنی هاتوچۆ بەکاردێن، بەڵکو پەیوەندیی بە کاریگەرییە توندەکەیانەوە هەیە لەناو ژینگەکەیاندا.
 لە هورمز، جوگرافیا و ئامرازەکان یەکدەگرن؛ ڕێڕەوە تەسکەکان ڕێگری لە مانۆڕی گەورە دەکەن، و قووڵیی ئاوەکەش کە نزیکەی ٦٠ مەترە، زۆر گونجاوە بۆ چاندنی مین. هەروەها کەناراوە درێژەکانی باشووری ئێران ڕێگە دەدەن مینەکان لە ڕێگەی بەلەمی بچووکی خێراوە دابنرێن کە بە ئەستەم دەدۆزرێنەوە. لەم بارودۆخەدا، تاران پێویستی بە چڕییەکی زۆری بۆمباران و ئاگرباران نییە، بەڵکو پێویستی بە دابەشکردنی ژیرانەی مەترسییەکان هەیە لەناو گەرووەکەدا، ئەمەش سوودوەرگرتنە لە هاوکێشەی «تێچووی نایەکسان»؛ کاتێک چەکێکی هەرزان دەتوانێت زیانێکی گەورە بە دوژمنێکی زۆر پێشکەوتوو بگەیەنێت.
ئەم هاوکێشەیە لە ساڵی ١٩٨٨دا بە ڕوونی دەرکەوت، کاتێک کەشتیی جەنگیی ئەمریکی «سامۆیل بی ڕۆبەرتس» (FFG-58) لە کەنداو بەر مینێکی ئێرانی کەوت. کونییەکی گەورە لە جەستەی کەشتییەکەدا دروست بوو و زیانی زۆری پێگەیشت. لە کاتێکدا تێچووی مینەکە تەنیا ٢ هەزار دۆلار بوو، تێچووی چاککردنەوەی کەشتییەکە گەیشتە نزیکەی ٩٠ ملیۆن دۆلار. هەواڵگریی ئەمریکا مەزندە دەکات کە ئێران زیاتر لە ٥ هەزار مینی دەریایی هەبێت، کە دەتوانێت بەکاریان بهێنێت بۆ پەکخستنی هاتوچۆ و بەرزکردنەوەی تێچووی هەر دەستێوەردانێکی سەربازی بەبێ چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ.
لە بەرامبەردا، واشنتۆن خاوەنی کۆمەڵێک توانای دژەمینە، کە گرنگترینیان کەشتییەکانی جەنگی کەناراوین (LCS). ئەم کەشتیانە بۆ کارکردن لە ئاوی تەنک و کەناراوە ئاڵۆزەکان دروستکراون و سیستەمی تایبەتیان بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی مین هەیە، کە پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامێری ژێرئاو دەبەستن. بەڵام پاککردنەوەی مینەکان لە ژینگەیەکی ئارامدا نابێت، بەڵکو لەژێر هەڕەشەی مووشەکی کەناراو، بەلەمی خێرا و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا دەبێت. ئەمەش وا دەکات پرۆسەی پاککردنەوەکە زۆر خاو بێت و ئەگەری دووبارە چاندنەوەی مینەکان لەلایەن ئێرانەوە خێراتر بێت لە پاککردنەوەیان.

گەشەسەندنی مینی دەریایی
مێژووی مینی دەریایی بۆ سەدەی چواردەیەم دەگەڕێتەوە، بەڵام شێوازە مۆدێرنەکەی لە ساڵی ١٧٧٧ لەلایەن «دەیڤید بوشنێل»ی ئەمریکی گەشەی پێدرا. مینە دەریاییەکان لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا ڕۆڵی بکوژیان گێڕا و سەلماندیان کە چەکێکی کەم تێچوو بەڵام کاریگەرن.
ئەمڕۆ مینە دەریاییەکان دەبن بە ٤ جۆری سەرەکی:
مینی بەستراوە (Moor): بە کێبڵێک بە بنکەی دەریاوە دەبەسترێتەوە و لەژێر ڕووی ئاوەکەدا دەمێنێتەوە.
مینی سەرئاوکەوتوو (Floating): بە ئازادی لەگەڵ شەپۆلەکاندا دەڕوات و مەترسیدارە چونکە شوێنەکەی دیار نییە.
مینی بنکە (Bottom Mine): لە بنکەی دەریا دادەنیشێت و بە هەستیار (Sensor) کار دەکات؛ دەنگی کەشتی یان گۆڕانی بواری موگناتیسی دەخوێنێتەوە و دەتەقێتەوە. ئەم جۆرەیان زۆر زیرەکە و دەتوانێت جیاوازی بکات لەنێوان کەشتیی بچووک و گەورەدا.
مینی لکێنراو (Limpet): لەلایەن مەلەوانەکانەوە بە دەست بە جەستەی کەشتییەکەوە دەلکێنرێت.

ئامادەکاریی ئێران و کەمتەرخەمیی ئەمریکا
ئێران خاوەنی کۆمەڵێک مینی جۆراوجۆرە، لەوانە مینی «صەدەف» و «M-8» و «MDM-6»ی ڕووسی کە کێشی تەقەمەنییەکەی دەگاتە ١١٠٠ کیلۆگرام. مەترسیدارترینیان مینی «EM-52»ی چینییە کە لە بنکەی دەریاوە مووشەکێک بەرەو سەرەوە دەهاوێژێت کاتێک کەشتییەک بەسەریدا تێدەپەڕێت.
لەلایەکی تریشەوە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا لە ئامادەیی تەواودا نییە. لە سێپتێمبەری ٢٠٢٥، تەنیا چەند مانگێک پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان، سوپای ئەمریکا ٤ کەشتیی پاککەرەوەی مینی جۆری «ئەڤینجەر» (Avenger)ی لە کەنداو کشاندەوە بەو هیوایەی پشت بە سیستەمە نوێیە بێفڕۆکەوانەکان ببەستێت. بەڵام ئەم سیستەمە نوێیانە هێشتا لە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەدا سەرکەوتنی تەواویان بەدەست نەهێناوە.

سێ کەشتی لە ئەرکێکی مەحاڵدا
کەشتییە نوێیەکانی ئەمریکا (LCS) لە جیاتی ئەوەی بچنە ناو کێڵگەی مینەکان، لە دوورەوە ئامێری بێفڕۆکەوان دەنێرن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەم کەشتیانە لە ئەلەمنیۆم دروستکراون (نەک دار و فایبەرگلاس وەک ئەڤینجەرە کۆنەکان)، ئەمەش وایان لێ دەکات زووتر مینە موگناتیسییەکان هەستیان پێ بکەن و بتەقێنەوە.
هەروەها ژینگەی گەرووی هورمز زۆر ئاڵۆزە؛ ئێران خاوەنی مووشەکی کەناراوە وەک «نوور» و «قادر»، و بەلەمی خێرای هەیە کە دەتوانن هێرشی بەکۆمەڵ (Swarm attack) بکەن. شارەزایان دەڵێن ئەمریکا بە تەنیا و بێ پشتگیریی هاوپەیمانەکانی، خاوەنی کەشتیی پێویست نییە بۆ ئەوەی هەم هێرش بکات، هەم پارێزگاری لە کەشتییەکان بکات و هەم مین پاک بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، مەسەلەکە تەنیا «کردنەوەی» گەرووەکە نییە، بەڵکو «بە کراوەیی هێشتنەوەیەتی». ئێران دەتوانێت زۆر خێراتر لەوەی ئەمریکا مینەکان پاک دەکاتەوە، مینی نوێ بچێنێتەوە. ئەمەش وا دەکات ململانێی گەرووی هورمز ببێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ ئارامگری و توانای بەردەوامبوون لە جەنگێکی درێژخایەندا.

ژمارەی خوێندراو : 291 جار

هەواڵی زیاتر