پشتپەردەی نێوەندگیریی نێوان واشنتۆن و تاران

2 کاتژمێر پێش ئێستا

پشتپەردەی نێوەندگیریی نێوان واشنتۆن و تاران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوامە لە ئاخافتن دەربارەی نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە ٢٤ ڕۆژە دژی ئێران هەڵگیرساوە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لە پێشبڕکێدان لەگەڵ کات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە گەورەیەی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هەیە.
لە کاتێکدا ترەمپ باس لە «خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتن» و گفتوگۆی بەرهەمدار دەکات، تاران بە توندی هەر جۆرە وتووێژێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ڕەتدەکاتەوە و لێدوانەکانی کۆشکی سپی بە هەوڵێک بۆ یاریکردن بە بازاڕەکانی دراو و نەوت دادەنێت.
ئێستا هەوڵەکانی نێوەندگیری لە چ ئاستێکدان؟ ئەکتەرە سەرەکییەکان کێن؟ و ئەو مەرجانە چین کە تاران بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کردنەوەی تەنگەی هورمز داویانە؟
ژووری ئۆپەراسیۆنی ناوچەیی.. نێوەندگیرەکان کێن؟
تۆڕێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەک شانەی هەنگوین کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ئەو قەیرانەی ناوچەکەی شێواندووە و هەڕەشە لە ئابووریی جیهان دەکات. لە سەرووی ئەم هەوڵانەشەوە وڵاتانی تورکیا، میسر، پاکستان، سوڵتاننشینی عومان و قەتەر دێن.
جووڵەی تورکی-میسری: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەیوەندیی چڕی لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی (بەدر عەبدولعاتی)، نەرویژی (ئێسپن بارت ایدە) و پاکستانی (محەمەد ئیسحاق دار) ئەنجامداوە بۆ یەکخستنی دیدگاکان سەبارەت بە ڕاگرتنی هیرشەكان. وەزارەتی دەرەوەی میسر جەختی کردەوە کە هەوڵ دەدەن «ڕێگری بکەن لە گەیشتن بە خاڵی بێ گەڕانەوە»، هەروەها داوای کرد دەسپێشخەرییەکەی ترەمپ بۆ دواخستنی هێرشەکان بقۆزرێتەوە بۆ پێشخستنی زمانی گفتوگۆ.
هێڵی چالاکیی پاکستان: ئیسلام ئاباد وەک یاریزانێکی سەرەکی دەرکەوتووە؛ سەرچاوەکان بۆ «فاینانشیاڵ تایمز» ئاشکرایان کردووە کە فەرماندەی سوپای پاکستان پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ترەمپ کردووە، لە کاتێکدا سەرۆکوەزیرانی پاکستان پەیوەندیی بە سەرۆکی ئێرانەوە کردووە و جەختی لە «پێویستیی بەپەلەی هێورکردنەوەی دۆخەکە» کردووەتەوە.
هێڵی دەوحە-مەسقەت: هاوتەریب لەگەڵ ئەمانە، قەتەر و عومان خەریکی گفتوگۆی جیاوازن لەگەڵ هەردوو لایەن بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەش.

+ سەرسامی تەلئەبیب بە لێدوانەكانی ترەمپ
بەگوێرەی ماڵپەڕی «ئەکسیۆس»ی ئەمریکی، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان بە جیا بەڕێوەدەچن؛ نێوەندگیرەکان لە لایەک لەگەڵ نێردەی ئەمریکا (ستیڤ ویتکۆف) و زاوای ترەمپ (جارید کۆشنەر) کۆدەبنەوە، و لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. ئەم جووڵە خێرایە هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکەی شڵەژاندووە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە: «ئێمە ئاگاداری پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان بووین، بەڵام بە لێدوانەکانی ترەمپ سەرسام بووین و نەماندەزانی کارەکان بەم خێراییە دەڕۆن.»


+ ڕەتکردنەوەی ئێرانی
لە بەرامبەر گەشبینییەکەی ئەمریکا، وەڵامی ئێران توند و یەکلاکەرەوە بوو. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەنجامدانی هەر جۆرە گفتوگۆیەکیان لەگەڵ واشنتۆن ڕەتکردەوە و لێدوانەکانی ترەمپیان بە «هەواڵی درۆ» ناوبرد بۆ دەربازکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لە تەنگەژەکانیان. بەرپرسێکی ئێرانی لە كەنالی جەزیرەوە ئەوەی ڕاگەیاندووە کە سەرۆکی ئەمریکا «دەسەڵاتی دیاریکردنی مەرج یان کاتی کۆتایی بۆ گفتوگۆ نییە»، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتی «مۆڵەتی کاتی» کە ترەمپ دەیەوێت بیسەپێنێت.

+ هورمز و مەرجەکانی ڕاگرتنی جەنگ
کۆسپە سەرەکییەکەی بەردەم نێوەندگیرییەکان، ئەو مەرجانەن کە سوپای پاسدارانی ئێران داویەتی، کە ڕۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ» بە مەرجی «ئاستبەرز» وەسفی کردوون:
ئێران پێشنیازی وڵاتانی عەرەبی بۆ خستنە ژێر چاودێریی «لیژنەیەکی ناوچەیی بێلایەن» ڕەتدەکاتەوە و داوای سیستمێکی نوێ دەکات کە ڕێگەی پێ بدات «باج و ڕەسم» لەو کەشتیانە وەربگرێت کە تێدەپەڕن، هاوشێوەی ئەوەی میسر لە نۆکەندی سوێس دەیکات. ئەمەش لەلایەن سعوودیە و وڵاتانی کەنداوەوە بە توندی ڕەتکراوەتەوە.
تاران داوای گەرەنتی دەکات بۆ دەستپێنەکردنەوەی شەڕ، داخستنی بنکە ئەمریکییەکان لە کەنداو، و قەرەبووی دارایی بۆ ئەو وێرانکارییەی کە زیاتر لە ١٦ هەزار هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل دروستی کردووە، لەگەڵ «دانپێدانان بە دەستدرێژییەکە».
تاران مەرجی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دادەنێت.
لە بەرامبەردا، واشنتۆن دەست بە مەرجەکانی خۆیەوە دەگرێت: کردنەوەی بێمەرجی تەنگەی هورمز، سڕکردنی بەرنامەی مووشەکی، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، و هەڵگرتنی پشتگیری لە گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

+ دواجار چی ڕوودەدات؟
سەرەڕای پێشوازییە نێودەوڵەتییەکان (بەریتانیا، ئەڵمانیا و ڕووسیا)، بەڵام ئەو کەلێنە گەورەیەی لە نێوان مەرجەکانی هەردوولادا هەیە، چانسی چارەسەری خێرا لاواز دەکات. لە کاتێکدا میسر و تورکیا و پاکستان هەوڵ دەدەن «مۆڵەتە پێنج ڕۆژییەکەی» ترەمپ بقۆزرێتەوە، هەڵوێستە گشتییەکانی تاران وا نیشان دەدەن کە ترسیان لە بەردەوامیی جەنگ نییە و کارتی «تەنگەی هورمز» و بازاڕی وزە وەک قەڵغانێکی ستراتیژی بەکاردەهێنن.

ژمارەی خوێندراو : 28 جار

هەواڵی زیاتر