لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە، کاتێک دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەبێ ڕێککەوتن کۆتایی هات، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، هیچ سازشێک لە دۆسیە جەوهەرییەکاندا دەرنەکەوتووە، بەڵام دیمەنەکە لەسەر ئاستی گوتار و جووڵە دیپلۆماسییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
دوای ئەوەی وا دەرکەوت چەقبەستوویی خولی یەکەم وەک داخستنی ڕێگاکە بێت، واشنتۆن و تاران و نێوەندگیرەکان، هەرکەسە و بە شێوازی خۆی، گەڕانەوە بۆ زمانێک کە دەرگا بە کراوەیی بۆ خولی دووەم دەهێڵێتەوە، لەکاتێکدا کات و شوێنەکەی هێشتا لە ژێر گفتوگۆدایە.
+ خولی یەکەم: ٢١ کاتژمێر بێ ئەنجام
خولی ڕۆژی شەممە لە پایتەختی پاکستان نائاسایی بوو؛ نزیکەی ٢١ کاتژمێری خایاند و بە بەرزترین ئاستی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوولا لە دوای ساڵی ١٩٧٩ وەسفکرا. کۆبوونەوەکە بێ هیچ پێشکەوتنێک لە دۆسیەکانی گەرووی هورمز، بەرنامەی ئەتۆمی و سزاکان کۆتایی هات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتی: واشنتۆن دوای پێشکەشکردنی "کۆتا و باشترین پێشنیازەکانی" ناوچەکەی جێهێشتووە؛ ئەمەش ئەو تێگەیشتنە سەرەتاییەی دا کە دانوستانەکان بەر دیوارێکی کۆنکرێتی کەوتوون.
+ چی گۆڕا دوای ڕاگەیاندنی شکستی دانوستانەکان؟
ئەوەی گۆڕا لە گوتاری ئەمریکاوە دەستی پێکرد. ڕۆژی دواتر ڤانس ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "پێشکەوتنی زۆری بەدەستهێناوە" و هەنگاوی داهاتوو لەسەر ئێران دەوەستێت. دواتریش کۆشکی سپی بە "جەزیرە"ی ڕاگەیاند کە خولی داهاتوو هێشتا "لە ژێر گفتوگۆدایە". ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێسیش لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستییەوە کە خولێکی نوێی ڕاستەوخۆ لە ئامادەکارییەدایە و ڕەنگە ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت.
ئەم وەرچەرخانە بەواتای گۆڕینی مەرجەکانی ئەمریکا نایەت، بەڵکو بەو واتایەیە کە واشنتۆن لە وێناکردنی "چەقبەستوویی" وەک کۆتایی، گۆڕدرا بۆ وێناکردنی وەک "وێستگەیەک بۆ دەستپێکردنەوە".
+ هەڵوێستی تاران و نێوەندگیرەکان
تاران ئەوەی ڕوویدا وەک داڕمانی کۆتایی پرۆسەکە نیشان نیندا:
ئاژانسی ئیرنا: ڕایگەیاند گۆڕینەوەی نامە لە نێوان ئێران و پاکستان بەردەوامە.
باڵیۆزی ئێران لە پاکستان: وتی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد پرۆسەیەکە دەکرێت "چوارچێوەیەکی بەردەوام بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەک" دروست بکات.
قالیباف (سەرۆکی شاندی ئێران): ڕایگەیاند ئەمریکا نەیتوانیوە متمانەی شاندی ئێران لە "ئەم خولەی دانوستانەکاندا" بەدەستبهێنێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری خولەکانی داهاتوو.
لە لایەکی ترەوە، شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان جەختی کردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن. میدیا جیهانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پاکستان و میسر و تورکیا کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکان پێش کۆتایی هاتنی ئاگربەستی ئێستا لە ٢١ی نیسان.
+ شوێن و ناوەڕۆکی ناکۆکییەکان
سەبارەت بە شوێنی خولی نوێ، جگە لە ئیسلام ئاباد، ناوی جنێفیش وەک بژاردەیەک هاتووە. دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "نیویۆرک پۆست" ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتۆن زیاتر مەیلی بۆ ئیسلام ئاباد هەیە و وتی: "پێویستە دانوستانەکان لەوێ بمێننەوە، چونکە ڕەنگە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شتێک ڕووبدات."
لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە، کێشە بنەڕەتییەکان هێشتا وەک خۆیانن:
-داواکاری ئەمریکا: بێبەشکردنی ئێران لە توانای پیتاندنی یۆرانیۆم و ناردنە دەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
-داواکارییەکانی تر (بەپێی پۆستێکی سڕاوەی پەرلەمانتارێکی ئێرانی): هاوبەشیکردن لە بەرژەوەندییەکانی گەرووی هورمز و ڕاگرتنی مافی پیتاندن بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ.
+ کورتەی دۆخەکە: ئەوەی گۆڕاوە جەوهەری کێشەکان نییە، بەڵکو شێوازی بەڕێوەبردنیانە. ئامادەییەکی ڕوون بۆ خولی دووەم هەیە، بەڵام سێ شتی یەکلاکەرەوە هێشتا نادیارن: کاتی کۆتایی، شوێنی کۆتایی، و ئەو فۆرمۆڵەیەی کە دەتوانێت درزەکانی نێوان هەردوولا پڕ بکاتەوە.
ژمارەی خوێندراو : 66 جار