ڕوون میدیا
لە ڕووداوێکی مەترسیداردا لە شاری سلێمانی، کچێکی تەمەن 24 ساڵ بەهۆی پشتبەستن بە ژیریی دەستکرد بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، تووشی ژەهراویبوون و پەککەوتنی ئەندامە سەرەکییەکانی لەش بوو، و پاش چوار ڕۆژ خەوتن لە بەشی چاودێریی چڕدا، گیانی رزگار کرا.
ڕووداوەکە کاتێک دەست پێدەکات کە کچەکە تووشی کێشەی کۆئەندامی هەرس، کەمیی ئارەزووی خواردن و دڵەکزێ دەبێت. بەهۆی شارەزایی لە زمانی ئینگلیزیدა، لەپێناو چارەسەرکردندا پەنا بۆ ژیریی دەستکرد دەبات و داوای ڕێنوێنیی لێ دەکات. پاشان بێ گەڕانەوە بۆ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ، سەرجەم ئەو دەرمانانە بەکاردەهێنێت کە لەلایەن مۆدێلی ژیریی دەستکردەوە پێشنیار کرابوون.
د. باوەڕ بەختیار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو کە سەرپەرشتیی دۆخی تەندروستیی ئەو کچەی کردووە، بۆ میدیاكان ڕایگەیاند:
"سەرەتا نەخۆشەکە بە بێهۆشی هێنراوەتە نەخۆشخانەی شار. دەستبەجێ دەستمان کرد بە شووشتنی ناوسکی و ناردنی پشکنینەکان بۆ دیاریکردنی جۆری ژەهراویبوونەکە، و نەخۆش ماوەی چوار ڕۆژ لە یەکەی چاودێریی چڕدا خەوێنرا تاوەکو باری تەندروستیی جێگیر بووەوە و بەهۆش خۆی هاتەوە."
ئەو پزیشکە هۆشداری دا کە بەکارهێنانی بێپەناگەی ئەو دەرمانانە بوونەتە هۆی:
خوێنبەربوونی ناوەکی لە لەشی نەخۆشەکەدا.
پەککەوتنی لەناکاوی گورچیلەکان و جگەر.
پزیشکانی پسپۆڕ جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژیریی دەستکرد ناتوانێت جێگرەوەی پزیشکی ڕاستەقینە بێت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی و دانانی هێڵی چارەسەردا، و خۆبەدوورگرتن لە ڕاوێژی کلینیکی دەکرێت ببێتە هۆی کارەساتی گیانیی گەورە، وەک ئەوەی لەم حاڵەتەدا ڕووی دا.
ژمارەی خوێندراو : 132 جار