مۆبایل و شاشە
بچووکەکان کە شەو و ڕۆژ لە دەستماندان! زۆربەمان شەوانە پێش ئەوەی چاو دابخەین و
بخەوین بۆ دوا جار سەیرێکی ئەم شاشانە دەکەین. بەلام هیچكاممان نازانین خەریكە چی
روودەدات و توێژینەوە پزیشكیەكان چییان وتوە.
پزیشکانی پسپۆڕی مێشک و دەمار هۆشدارییەک دەدەن
کە ناکرێت گوێی لێ دابخەین. بە تایبەتی بۆ ئەو ئازیزانەی نەخۆشیی «شەقێقە» یان
هەمان ئەو نەخۆشیەی كە خۆمان زۆرجار دەڵێین«لاسەرئێشە»ە، یان تووشی نەخۆشیی «فێ»
بوون، بەکارهێنانی زۆری مۆبایل و تەماشاکردنی شاشە لە درەنگانی شەودا بۆ ئەو
نەخۆشییە وەک بەنزینەكردنە بە ئاگردا!
دکتۆرەکان
دەڵێن، ڕووناکی ئەم شاشانە مێشک هەڵدەخەڵەتێنێت. لە چین توێژینەوەیەکی گەورە لەسەر
زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کراوە، دەرکەوتووە شەوقی شاشە ڕێگە لە دەردانی ئەو هۆڕمۆنە
دەگرێت کە جەستە خاو دەکاتەوە و ئامادەی دەکات بۆ خەو. ئێ کورد ی خۆشمان لە زوەوە
وتویەتی «خەو دەرمانی سەرجەم دەردانە»، بەڵام کاتێک شەوانە سەیری مۆبایل دەکەیت،
خەوت تێکدەچێت، چاوت ئەستوور دەبێت و سەرت ماندوو دەکات. ڕێک ئەم ماندووبوون و
کەمخەوییەش وای لێدەکات هێرشی شەقێقەکەت یان گەشکەی فێکەت زۆر تووندتر بێتەوە و
ئازارت بدات.
جا پیویستە لە ئێستەوە
قەدری ئەو ڕاستییە بزانین كە دەڵیت «خۆپاراستن لە چارەسەركردن باشترە». پزیشکان
داوامان لێدەکەن ئەوەندەی بۆمان دەکرێت ماوەی سەیرکردنی مۆبایل کەم بکەینەوە،
کاتێک سەیری دەکەین بەردەوام پشوو بە چاومان بدەین، ڕۆشنایی شاشەکە کەم بکەینەوە.
له هەمووی گرنگتر، شەوانە پێش خەوتن مۆبایلەکان بنێنە لاوە و ڕێگە بدەین مێشکمان
بە ئارامی بنوێت.
ژمارەی خوێندراو : 17 جار