مەترسییەکی گەورە لە ئاسۆی ناوچەکەدا؛ واشنتن و تەلئەڤیڤ خۆیان بۆ تووندترین هەڵمەتی بۆردوومانکردنی ژێرخانی وزەی ئێران ئامادە دەکەن

5 کاتژمێر پێش ئێستا

چەندین سەرچاوەی ئاگادار بە تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس)ـی ئەمریکییان ڕاگەیاندووە، واشنتن و تەلئەڤیڤ سەرقاڵی داڕشتنی یەکێک لە تووندترین هەڵمەتەکانی بۆردوومانکردنی ژێرخانی وزەی ئێرانن و پێشبینی دەکرێت هێرشەکان بەر لە کردنەوەی بازاڕە داراییەکانی جیهان لە ڕۆژی دووشەممە دەستپێبکەن. ئەم گفتوگۆیانە لەبەر نیگەرانیی کاریگەریی بۆردوومانەکانە لەسەر ئابووریی ئەمریکا و جیهان، هەرچەندە تاوەکو ئێستا کاتی کۆتاییهاتنی هێرشەکان بە تەواوی دیارینەکراوە و دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کۆتایی بۆ دەستپێکردنی دەرنەکردووە. ئەم پلانە سەربازییە لە کاتی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی ترەمپ لە ناوچەی کەمپ دەیڤد تاوتوێ کراوە و سەرەڕای دژایەتیی هەندێک لە ڕاوێژکارە سیاسییەکان، ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە توندی لێیان دەدەن. لەم ئۆپەراسیۆنەدا وێستگەکانی کارەبا، پاڵاوگەکان و ڕێگەکانی گواستنەوەی کەرەستە سەربازییەکان دەبنە ئامانجی سەرەکی و تەنانەت گفتوگۆی ئاستبەرز کراوە بۆ بڕینی کارەبا لە سەرتاسەری تاران. هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە عەممان، قودس و بەغدا هۆشداریی ئەمنییان بۆ هاووڵاتییانیان بڵاوکردەوە و داوایان کرد خۆیان بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان ئامادە بکەن.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی تووندی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنە سەربازییەکان و پەیمانشکێنییەکانی واشنتن راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئابادی پێشێلکردووە و لە ئێوارەی 17ی تەمووزەوە دەستدرێژییەکانی دەستپێکردووەتەوە. تاران جەخت دەکاتەوە کە بەپێی مادەی 5 لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئاشتی، بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەی هورمز خراوەتە ئەستۆی ئێران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عومان و وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت ئەم ڕێککەوتنە پەکبخات و ڕێڕۆی هاتووچۆی کەشتییەکان بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێنێت. هەروەها ئێران پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێی کەنداو کرد و هۆشداریی دا کە نابێت خاک و توانایان بخەنە خزمەت هێزە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان و هەر هەڕەشەیەک لە خاکی هەر وڵاتێکەوە بکرێت، وەک سەرچاوەی هەڕەشە دەبینرێت و وەڵامێکی سەختی دەبێت. تاران لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە دانوستاندن بە واتای تەسلیمبوون نایە و هێزە چەکدارەکانیان بە تەواوی توانایانەوە بەرگری لە خاکی ئێران دەکەن.

ژمارەی خوێندراو : 141 جار

هەواڵی زیاتر