گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکادا نییە

2 کاتژمێر پێش ئێستا


ڕوون میدیا
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە دۆخی سیاسی و سەربازیی وڵاتەکەی خستەڕوو، لەوانەش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئۆکراینا، رەتکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و هۆشداریی ددانپێدانەدان بە هەنگاوەکانی بولگاریا.
لە گرنگترین پەرەسەندنەکاندا، بەقایی ئاماژەی بە هێرشکردن سەر کەشتییەکی بازرگانیی وڵاتەکەی لە دەریای قەزوێن کرد لەلایەن ئۆکرایناوە، کە تێیدا دەریاوانێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. ناوبراو ئەو کارەی بە "سەرکێشییەکی مەترسیدار و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان" وەسف کرد و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە بێوەڵام نامێنێتەوە، داواش لە یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانانی ئۆکراینا کرد زێلینیسکی کۆنترۆڵ بکەن. لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمیر زێلینیسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاندبوو کە هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگیی رووسیا و چەند کەشتییەکی دیکەی گواستنەوەی باری سەربازیی پەیوەست بە ئێرانەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەموو دەنگۆیەکی سەبارەت بە داواکردنی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە و جەختికردەوە کە "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە نیگەرانییەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆمانە." ناوبراو ڕوونیشیکردەوە کە هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆ لەنێوان تاران و واشنتندا لە ئارادا نییە و تەنها گفتوگۆکانیان لەگەڵ عومان لە تاران لەسەر میکانیزمی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمز چڕ بوونەتەوە.
لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، تاران هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی بولگاریا کرد لەسەر ڕێگەپێدانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ جێگیرکردنی کاتیی هەشت فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگری ئەمریکی، و بە هەنگاوێکی نایاسایی و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانی نابرد کە بولگاریا دەکاتە هاوبەشی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمییش، بەقایی دووپاتی کردەوە کە پیتاندنی ئاشتییانەی یۆرانیۆم مافی ڕەوای هەموو ئەندامێکی پەیماننامەی قەدەخەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییە و هەنگاوەکانی ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوێستیان نابێت.

ژمارەی خوێندراو : 51 جار

هەواڵی زیاتر