گرووپی ئەنسارولڵا (حوسییەکان) لە یەمەن، هاتووچۆی دەریایی بۆ سعودیە لە ڕێگەی بابەلمەندەبەوە قەدەغە کرد، ئەمەش بە تۆمەتبارکردنی شانشینەکە بە سەپاندنی گەمارۆ.
وتەبێژی سەربازیی گرووپەکە، یەحیا سەریع، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە بەپێی ئەوەی ناوی لێناوە "هاوکێشەی گەمارۆ بە گەمارۆ" دێت و ئاماژەی بەوەشکرد کە قەدەغەکردنەکە لەو ساتەوەی ڕاگەیەندراوە، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها جەختی کردەوە کە ئەوان لە ئامادەیی تەواودان بۆ هەموو بژاردەکان، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەر هەنگاوێکی توندوتیژیی گشتگیر لەلایەن ڕیازەوە، بە توندوتیژییەکی گشتگیر و سەخت وەڵام دەدرێتەوە، بەپێی وتەی ناوبراو.
ڕاگەیاندنەکەی حوسییەکان لە کاتێکدایە کە گرژی و هەڕەشەی متقابل لە نێوان حوسییەکان لەلایەک و حکوومەتی یەمەن بە پشتیوانی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی سعودیە لەلایەکی دیکە، بەردەوامە.
ئاستی گرژییەکان بەرزبووەوە دوای ئەوەی کۆمپانیای ماهانی ئێرانی دوو گەشتی لە تارانەوە بۆ یەمەن ئەنجامدا، یەکەمیان لە ٣ی تەمموزی ئەمساڵ بۆ فڕۆکەخانەی سەنعا و دووەمیان لە ١٣ی تەمموز بۆ فڕۆکەخانەی حودەیدە، دوای ئەوەی نەیتوانی لە سەنعا بنیشێتەوە بەهۆی بۆردومانکردنی مەدرەجی فڕۆکەخانەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی یەمەنەوە.
حوسییەکان لەو کاتەدا سعودیەیان بە بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەکە تۆمەتبار کرد و ڕایانگەیاند کە وەک وەڵامێک، فڕۆکەخانەی ئەبهایان لە شانشینی سعودیە بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کردووە.
لەکاتێکدا حوسییەکان جەختیان لەسەر بەردەوامیی ئەنجامدانی گەشتەکان لە تارانەوە بۆ سەنعا کردەوە لە چوارچێوەی ئەوەی بە "کۆتاییهێنان بە گەمارۆ" ناوی دەبەن، ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لە یەمەن جەختیکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک، لە داهاتوودا ڕێگە نادرێت هیچ فڕۆکەیەکی بیانی بێتە ناوەوە یان بنیشێتەوە یان هەر گەشتێکی ئاسمانی بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی خاکی کۆماری یەمەن ئەنجام بدرێت بەبێ ڕەزامەندی حکوومەت و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان.
نزیکەی دوو هەفتەیە حوسییەکان - کە حکوومەتی یەمەن ئێران بە پشتیوانیکردنیان تۆمەتبار دەکات - هەڕەشەی توندکردنی سەربازی لە بەرەکانی جەنگ لە وڵاتەکە دەکەن، هەروەها هەڵوێستی توندیان بەرامبەر سعودیە گرتووەتەبەر و هەڕەشەی کردنە ئامانجی دامەزراوە نەوتی و گرنگەکانی ئەو شانشینەیان کردووە وەک وەڵامێک بۆ بەردەوامبوونی ئەوەی بە گەمارۆ ناوی دەبەن.
لە بەرامبەردا، حکوومەت دەڵێت هێزەکانیان لە ئامادەییدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر توندبوونەوەیەک لەلایەن حوسییەکانەوە، هاوکات هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە لە ٤ی تەمموزی ئەمساڵ ڕایگەیاند کە بە هێزێکی بێ وێنە وەڵامی هەر هەوڵێک دەدەنەوە بۆ کردنە ئامانجی شانشینەکە و دەستکەوتە نیشتمانییەکانی یان هەر هەوڵێک بۆ پێشێلکردنی سەروەریی یەمەن.
ژمارەی خوێندراو : 43 جار