ڕوون میدیا
دادگای 11ی سزای قورسی ئیستەنبووڵ بڕیارێکی فەرمیی بۆ دەستگیرکردنی نێودەوڵەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەرکرد. بڕیارەکە پەیوەستە بە تۆمەتبارکردنی ناوبراو بە ئەنجامدانی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" لە کاتی ڕێگریکردن لە کاروانی هاوکاریی دەریایی (سمود) بۆ کەرتی غەززە.
دادگاکە کۆمەڵێک تۆمەتی قورسی ئاراستەی نەتەنیاهوو و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیسرائیل کردووە، لەوانە: جینۆساید، ئەشکەنجەدان، بریندارکردنی بەئەنقەست، تاڵانکردن و بێبەشکردنی هاووڵاتیان لە ئازادییەکانیان. ئەم ڕێکارە یاساییە لە درێژەی ئەو دۆسیەیەدایە کە لە تشرینی دووەمی 2025 دەستی پێ کرد و لە نیسانی 2026 دا داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ داوای سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ سەرکردایەتیی ئیسرائیل کردبوو.
ئەم بڕیارە پەیوەستە بە ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە کاروانی دەریایی (سمود)؛ ئەو دەستپێشخەرییە مەدەنییەی کە بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە پێکهێنراوە. کاروانەکە لە 12ی نیسانی 2026 لە بارسیلۆنای ئیسپانیاوە بەڕێکەوتووە و لە 58 کەشتی پێکدێت کە 345 چالاکڤانی جیهانی لە 56 وڵاتی جیاوازەوە تێیدا بەشدارن.
جێگەی ئاماژەیە، کاروانی (سمود) وەک هەوڵێکی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە کۆتایی ساڵی 2025 دەستی پێ کرد، تا ئێستاش ئەم دۆسیەیە وەک یەکێک لە گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوە یاساییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەمێنێتەوە.
ژمارەی خوێندراو : 64 جار