روون میدیا - وەرگێران
مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیشت ئەو وێنەیەوە تێپەڕێت کە ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی، موجاهید بەنی مفلح، لە هەژماری ئینستاگرامەکەی بڵاوی کردووەتەوە. ئەوە تەنها لقطەیەکی بەڵگەیی نییە، بەڵکو شۆکێکی بینراوی هێندە قورسە، تەنها بە سەیرکردنی، دەتوانیت گوێت لە هاواری بێدەنگی ئەو مرۆڤانە بێت کە لە پشتی دیوارە تاریکەکانی زیندانەکانی داگیرکەردا دەژین. وێنەیەک کە بەڵگەیەکی زیندووی هۆڤایەتییە و لە ناو چاوە قووڵاچووەکانیدا، حیکایەتی کۆمەڵکوژییەکی بێدەنگ دەگێڕێتەوە.
کورتەمێژوویەکی پڕ لە ئازار
موجاهید، ئەو گەنجە خوێنشیرین و دەم بە خەندەیەی کە هاوڕێکانی بە وزە و ئامادەیی هەمیشەیی دەیانناسی، لە کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٥ کاتێک هێزەکانی داگیرکەر هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە شارۆچکەی "بێتا" لە باشووری نابلس، ڕفێندرا. پاشان بۆ ماوەی ١٤ مانگی ڕەق و تاقەتپڕوکێن لە زیندانی "مەنشە"ی سەر بە سەربازگەی "سالم" هێڵدرایەوە.
ئەوەی لەم دواییانەدا لە گەشتی چارەسەریی درێژخایەنی پزیشکیدا دەرکەوت، جەرغبڕ بوو؛ بەشێک لە کەللەسەری موجاهید بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی جەستەییەوە زیانی قورسی پێگەیشتووە. کەللەسەرێک کە ئێستا نەک هەر برین، بەڵکو چیرۆکی ستەمکاری دەگێڕێتەوە.
فەلسەفەی ئازار لە عتمەی ژوورەکاندا
موجاهید تەنها وێنەی جەستە شێوێنراوەکەی بڵاونەکردەوە، بەڵکو لەگەڵیدا پەیامێکی نووسی کە زیاتر لە شیعرێکی غەمگین، ناخی مرۆڤ دەهەژێنێت. ئەو بە زمانێکی پڕ لە حەسرەتەوە دەڵێت:
"چواردە مانگ لە زیندان و گەشتە درێژەکەی چارەسەری، بەس بوون بۆ ئەوەی من بۆ هەمیشە بگۆڕن. لەوێ فێربووم چۆن سوپاسگوزار بم، و مانای برسیێتی ڕاستەقینەم فام کرد؛ کاتێک چاوەڕێی پارووە نانێک دەکەیت کە تێرت ناکات، بە زەبری ئازاری گەدەتەوە دەخەویت و بە هەمان هەستەوە بەئاگا دێیتەوە. فێربووم چۆن نانێک دەبێتە خەون، و قومێک ئاوی سارد وەک نیعمەتێک لە ئاسمانەوە دێتە بەرچاو."
ئەم ڕۆژنامەنووسە باس لە قورسترین جۆری ئەشکەنجە دەکات، کە شکاندنی کەرامەتی مرۆڤە:
"مانای سەرشۆڕیم فێربوو کاتێک وردەکارییەکانی ڕۆژانەت دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی کەسێکی ترەوە؛ کەی دەخۆیت، کەی دەخەویت، کەی دەوەستیت. ئەوەی مافت لە سادەترین شتەکاندا لێ زەوت بکرێت. کاتێک شەو هێندە درێژ دەبێتەوە کە دەگاتە ئاستێکی ترسناک؛ تێیدا لە نێوان ئازاری جەستە و قورسیی بیرکردنەوەکاندا دەتلێیتەوە، کاتژمێرەکان بە خاوی دەژمێریت و چاوەڕێی سپێدە دەکەیت وەک ئەوەی ڕزگاربوون بێت."
گەشتی چاکبوونەوە و گەڕان بەدوای ژیاندا
تەنانەت دوای ئازادبوونیشی، مۆدێلی ژیانی موجاهید نەگەڕایەوە سەر دۆخی جاران. گەشتی چاکبوونەوەی خۆی لە نەخۆشخانەکاندا بە "جەنگێکی تر" وەسف دەکات:
"لە گەشتی چارەسەریدا، مانای دەستەوستانی و بێدەسەڵاتیم فێربوو؛ کاتێک هەستان لەسەر جێگا دەبێتە جەنگ، و یەک هەنگاو دەبێتە دەستکەوت، و هەناسەدان بێ ئازار دەبێتە ئاوات... ئێستا ئینجا تێگەیشتم کاتێک هەموو شتێکمان لێ زەوت دەکرێت، زیاترین شت کە بیری دەکەین شتە گەورەکان نین، بەڵکو ئەو وردەکارییە بچووکانەن کە پێشتر بێ سەرنجدان تێیاندا دەژیاین: وەک ئەوەی نان بخۆیت تا تێردەبیت، ئاو بخۆیتەوە تا تینوێتیمان دەشکێت، بە تەنیا ڕێ بکەیت، بە دڵنیاییەوە بخەویت، و بێ ئازار خەبەرت ببێتەوە."
کاردانەوەکان: تەیفێک لە ئازار
ئەم وێنە و گەواهیدانە کاریگەرە، بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورە لە خەم و توڕەیی لە نێو تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا. هاوڕێ و چالاکوانان وێنەی ڕابردوو و ئێستای موجاهیدیان پاڵ بە پاڵ دانا؛ گۆڕانکارییەکە هێندە شۆککەر بوو کە باوەڕنەکراو بوو.
بەکارهێنەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بە خەمخۆرییەوە نووسیویەتی:
"ئەمە ئەو شتەیە کە زیندانەکانی داگیرکەر لە ماوەی تەنها ١٤ مانگدا بە مرۆڤێکیان کردووە! ئەمەیان بە موجاهیدی دۆست و میهرەبان کردووە... ڕوخسارێکی داڕماو، جەستەیەک کە ماندوێتی دایڕزاندووە، و چاوگەلێک کە قورسیی ساڵان و تاریکیی ژوورە تاکەکسییەکانیان هەڵگرتووە."
ڕۆژنامەنووسێکی تر لە کۆمێنتێکدا نوسیویەتی:
"ئەمە تەنها وێنەیەک نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی زیندووە کە نیشانی دەدات چۆن ستەم و ئەسارت تەندروستیی گەنجێک دەخۆن و دەیکەنە تەیفێک لە ئازار. لە نێوان هەردوو وێنەکەدا چیرۆکی ئازارێک کورتکراوەتەوە کە وشەکان ناتوانن لەخۆی بگرن.. وجعێک لە برسی کردن، سەرشۆڕکردن، و داڕزانی جەستەیی و دەروونی."
موجاهید بەنی مفلح، تەنها نموونەیەک نییە بۆ قوربانیانی زیندان، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە تێیدا ئازاری هەزاران ئەسیری فەلەستینی دەبینرێت، کە لە پشت تاریکییەوە، ڕۆژانە بە بێدەنگی دادەرزێن و کەرامەت و جەستەیان دەبێتە ئامانجی جەنگێکی دڕندانە.
ژمارەی خوێندراو : 205 جار