روون میدیا
شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سویسرا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەڕەشە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مێزی گفتوگۆکانیان جێهێشت. شاندەکە ڕایانگەیاندووە کە لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا ئامادەی بەردەوامبوونی دانوستاندنەکان نین و تا واشنتن شێوازی مامەڵەی نەگۆڕێت، ناگەڕێنەوە.
محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران لە سویسرا، پێش جێهێشتنی هۆڵی کۆبوونەوەکە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "تەسنیم"ـی ئێرانی، هەڕەشەکانی ئەمریکای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە هیچ حیسابێک بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا ناکەین. هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بە شێوازێکی دیکە وەڵام بدەنەوە؛ ئەوان تەنیا قسە دەکەن، بەڵام ئەوە ئێمەین کە لە مەیداندا بە کردەوە وەڵام دەدەینەوە."
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو هەر ئەمڕۆ یەکشەممە (٢١-٠٦-٢٠٢٦)، هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاستی باڵا و بە نێوەندگیریی وڵاتانی پاکستان و قەتەر، لە سویسرا کۆببنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک.
بڕیاری کشانەوەی شاندی ئێران دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" هۆشدارییەکی بێپێشینەی دایە تاران و ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ڕاستەوخۆ بە بەرپرسانی ئێرانی گوتووە: "ئەگەر تەنگەی هورمز دابخەن، چیدیکە وڵاتێکتان نابێت و تەنانەت دانوستاندنکارەکانتان ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەتان."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر تاران نەگاتە ڕێککەوتن، ئەمریکا کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز دەکات و وەک "فریشتەی پاراستن"ـی ناوچەکە، ٢٠٪ـی تەواوی ئەو نەوتە بۆ خۆی دەبات کە بەوێدا تێپەڕ دەبێت.
ئەم گرژییە نوێیە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی بە چەند مەرجێک ئامادەی ڕێککەوتنە بەڵام بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت. لە بەرامبەردا ترەمپ هۆشداری دایە پزیشکیان و گوتی: "باشترە ئاگاداری قسەکانی بێت، بە پێچەوانەوە دەست بەسەر بەشەکانی دیکەی وڵاتەکەیدا دەگرین."
ژمارەی خوێندراو : 155 جار