ڕوون میدیا
ئەمڕۆ دووشەممە، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە ڕەسمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆکایەتی پارتی کرێکاران ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە دوای تێپەڕبوونی خولێکی پڕ لە ململانێی ناوخۆیی و دابەزینی ئاستی جەماوەریی پارتەکەی دێت بۆ نزمترین ئاست.
ستامەر، کە لە تەممووزی ٢٠٢٤دا سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کرد بۆ سەرکەوتنێکی مێژوویی، دوای زیادبوونی گوشارە سیاسییەکانی سەر دانیشتنی وەک سەرۆکوەزیران، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی شا چارلزی سێیەم کرد.
ئەم پێشهاتە خێرایە دوای ئەوە هات کە ئاندی بێرنهام، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی مانچێستەر، سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنێکی لاوەکیدا بەدەستهێنا و وەک پەرلەمانتاری نوێی ناوچەی مەیکەرفیڵد چووە پەرلەمان. لە ئێستاشدا بێرنهام پاڵپشتییەکی فراوانی نێوخۆیی هەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا ببێتە جێنشینی ستامەر لە پۆستی سەرۆکوەزیران.
ستامەر: بەدەم داواکاری پەرلەمانتارانی پارتەکەمەوە چووم
ستامەر لەبەردەم نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە داونینگ ستریت گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند:
"ئەو پرسیارەی ئێستا پارتەکەم دەیکات ئەوەیە؛ ئایا من باشترین کەسم بۆ ئەوەی سەرکردایەتییان بکەم لە هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوودا؟ من وەڵامی ئەندامانی پەرلەمانی پارتەکەم بۆ ئەو پرسیارە بیست و بەوپەڕی رێزەوە ئەو وەڵامە قبووڵ دەکەم."
ستامەر ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ قسەی لەگەڵ پاشای بەریتانیا کردووە بۆ گەیاندنی بڕیارەکەی و گوتی: "هەر بڕیارێک کە داومە، لەپێناو خستنەپێشەوەی ئەو وڵاتە بووە کە خۆشم دەوێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی پارتی کرێکاران دەبم."
ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە نوێیە لە کاتێکدایە، کە ئەمە دەبێتە شەشەمین دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ماوەی تەنیا ١٠ ساڵی ڕابردوودا، دوای دەستلەکارکێشانەوەی یەک لە دوای یەکی (دەیڤد کامیرۆن، تێریزا مەی، بۆریس جۆنسن، لیز ترەس و ریشی سووناک).
ژمارەی خوێندراو : 211 جار