پەرلەمانی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز یاسایەکی «بەپەلە» تاوتوێ دەکات

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕوون میدیا

لە درێژەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز، پەرلەمانی ئێران هەوڵ دەدات پڕۆژەیاسایەکی بەپەلە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو گەرووە، دیاریکردنی ڕێڕەوەکانی هاتووچۆ و وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان پەسەند بکات، کە سەرجەم سیاسەتمەداران و سەربازانی وڵاتەکە پابەند دەکات.
پڕۆژەیاساکە ئەرکی دارشتنی ڕادەستی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە کراوە.  پەرلەمان دەیەوێت بە پێدانی ڕەهەندی «بەپەلە» بەم پڕۆژەیە، خێرایی بە پرۆسەی دەنگدان پێ بدات. بۆ ئەوەی پڕۆژەکە ببێتە یاسایەکی پابەندکەر، پێویستە قۆناغەکانی خوێندنەوەی ورد و دەنگدان لەسەر یەکە بە یەکەی بڕگەکان تێپەڕێنێت. پێشبینی دەکرێت پەسەندکردنی ئەم یاسایە لە نێوان دوو هەفتە بۆ مانگێک بخایەنێت، ئەگەرچی بەهۆی یەکگرتوویی هەڵوێستی سیاسی و سەربازیی ئێران لەسەر سەروەریی گەرووەکە، پێشبینی ناکرێت کێشەی جدی لەسەر ناوەڕۆکی پڕۆژەکە دروست ببێت.
هاوکێشەی «گەمارۆ بەرامبەر بە داخستن» دۆخی مەیدانی لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار؛ لە لایەک ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و بە سەدان ئامانجی بۆردومان کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە سوپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی گەرووەکە دەکات لە ڕووی کەشتییە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان. ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە تەنیا بنکە سەربازییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ژێرخانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی وەک تۆڕەکانی کارەباشی کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە بەشێکی زۆری ئێراندا.
ئێران لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە دەیەوێت دوو پەیامی ڕوون بگەیەنێت: یەکەم، ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، و دووەم، پێداگیری لەسەر دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە دەوروبەری گەرووەکە. بەرپرسانی ئێران پێیان وایە هەنگاوەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی ئاشکرای یاداشتنامەکانی پێشووە و دۆخەکەی بەرەو «قەیرانێکی کارەساتبار» بردووە. تاران هۆشداری دەدات کە ئەگەر بێت و گەمارۆکان بەردەوام بن، ئاسایشی وزە و زنجیرەی دابینکردنی جیهانی بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە زیانی بەرچاو دەبینێت.

ژمارەی خوێندراو : 62 جار

هەواڵی زیاتر