ئا : ڕوون میدیا
لەو ڕۆژەی چەکەکان بێدەنگ بوون و بەیانییەکەی
مژدەی کۆتاییهاتنی بۆردومانەکانی هێنا، هیوایەک لە دڵی هەزاران ئاوارەی لوبنانیدا
چەکەرەی کرد بۆ گەڕانەوە و پشکنینی پاشماوەی ماڵ و حاڵیان. لە نێو ئەو خەڵکەدا، محەمەد
حەسەن و هاوڕێکەی عەلی، بە سواری ماتۆڕسکیلەکەیانەوە بەرەو باشوور
بەڕێکەوتن؛ بەڵام ئەوان نەیانزانی کە ئەم سەفەرە دەبێتە دەستپێکی چیرۆکێکی
تەمومژاوی و بەجێهێشتنی خێزانەکانیان لە چاوەڕوانییەکی کوشندەدا.
+
گەشتێک بەڕێگای ئاشنادا.. پێش ئەوەی هێڵەکە بپسێت
چیرۆکەکە لە گوندی
"دێرکێفا"وە دەست پێ دەکات. محەمەد هاوسەرەکەی لە ڕێگای نامە و گرتەی
ڤیدیۆییەوە سات بە سات لەگەڵ خۆی دەکاتە هاوبەش. ڤیدیۆیەک بۆ گۆڕی باوکی عەلی،
وێنەیەک بۆ خانووەکەیان، هەموو شتێک سروشتی بوو. کاتژمێر بەرەو ٤ی ئێوارە دەچوو،
کاتێک محەمەد و عەلی لە ڕێگای پەیوەندی ڤیدیۆیی و تایبەتمەندی "پێگەی
ڕاستەوخۆ" (Live
Location) بەرەو شارۆچکەی "بەرعەشیت"
دەڕۆیشتن.
بەڵام لە چرکەسَاتێکدا، شاشەکە ڕەش
بوو، هێمای سەر نەخشەکە وەستا و پێوەندییەکە بۆ هەمیشە پچڕا.
خێزانەکانیان خێرا کەوتنە گەڕان.
یەکێک لە خزمەکانیان شوێنی کۆتا نیشانەی نەخشەکەی پشکنی، بەڵام هیچ شوێنەوارێک نە
لە خۆیان و نە لە ماتۆڕسکیلەکەیان نەبوو. نە ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕووی دابوو، نە
ئاسەواری شەڕ و پێکدادانێک لە ناوچەکەدا هەبوو؛ تەنیا غەیببوونێکی گۆڕاو بۆ
نادیاری.
+ شایەتحاڵێک و ٥٠٠ مەتر لە مەترسی
گومانەکانی خێزانی عەلی و محەمەد
کاتێک بوونە ڕاستی کە شایەتحاڵێک پەیوەندی پێوە کردن و پێی ڕاگەیاندن: «من چوار
گەنجم لەسەر دوو ماتۆڕسکیل لەو ڕێگایەدا بینی کە بەرەو بەرعەشیت دەچوون، تەنیا ٥٠٠
مەتر لەو لایانەوە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل جێگیر ببوون، بوار نەبوو ئاگاداریان
بکەمەوە».
ئەم شایەتییە، گریمانەی ڕفاندنی ئەو
دوو گەنجە مەدەنییەی لەلایەن سوپای داگیرکەرەوە کردە یەقین. خێزانەکانیان جەخت
دەکەنەوە کە محەمەد و عەلی هیچ پێوەندییەکیان بە حیزب و لایەنی سەربازییەوە نییە،
عەلی پێشتر سەربازی سوپای لوبنان بووە و ئێستا مەدەنییە، ئەوان تەنیا ویستوویانە
سەردانی زێدی خۆیان بکەن و لە سنووریش لانەیان نەداوە.
کاتژمێری
چاوەڕوانی و بێدەنگیی نێودەوڵەتی
لە ماڵی محەمەد حەسەن، کات بە سستی
تێپەڕ دەبێت. منداڵەکانی ڕۆژانە پرسیاری باوکیان دەکەن و دایکیان هیچ وەڵامێکی پێ
نییە جگە لە فرمێسک. هاوسەری محەمەد دەڵێت: «ئێمە لە دۆخێکی مرۆیی زۆر سەختدا
دەژین».
خێزانەکان هاناویان بۆ سوپای لوبنان،
سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران بردووە و داوا دەکەن دەوڵەت
بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگرێت. تەنانەت ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیش دۆسیەکەی
تۆمار کردووە، بەڵام وەڵامەکەیان سارد بووە: «ئەمە کاتی دەوێت، چونکە لایەنی
ئیسرائیلی هیچ وەڵامێک و هاوکارییەک لەسەر چارەنووسی دەستبەسەرکراوان نادات».
+
تەڵەی باشوور؛ ئەمە یەکەمجار نییە
چیرۆکی محەمەد و عەلی، ڕووداوێکی
تەنیا نییە، بەڵکو بەشێکە لە زنجیرە ڕفاندنێک کە سوپای ئیسرائیل لە ناوچە
سنوورییەکانی وەک "کەفرشوبا" و "هەبارییە" پەیڕەوی دەکات.
هەر لە مانگی ئایاری ڕابردوودا بوو،
کاتێک هێزێکی ئیسرائیلی هێرشیان کردە سەر جوتیاران لە مۆڵگەی "ڕاشیا
ئەلفەخار" لە کاتی چاندنی زەوییەکانیاندا، مۆبایلەکانیان لێ سەندن و دوای
چەند کاتژمێرێک بەشێکیان ئازاد کردن، بەڵام تا ئێستاش سێ کەس لە هەمان بنەماڵە
(براکانی ئەحمەد و شەوقی عەتێیە، لەگەڵ عەلی عەتێیەی ئامۆزایان) کە خەڵکی گوندی
"حەلتا"ن، لە زیندانەکانی داگیرکەردا بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ، خێزانە لوبنانییەکان لە نێوان
هیوای گەڕانەوە و ترسی مانەوە لە زیندانە تاریکەکانی ڕژێمی داگیرکەردا دەژین؛
چاوەڕوانی دەنگێک، نامەیەک، یان هەواڵێک کە ئازاری ئەم دابڕانە ناچارییە کۆتایی پێ
بهێنێت.
ژمارەی خوێندراو : 50 جار