نیگەرانیی ئیسرائیل لە ستراتیژی نوێی ئەمریکا؛ واشنتۆن گرنگی بە هورمز دەدات و بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران پشتگوێ دەخات

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕوون میدیا
ئیسرائیل نیگەرانییەکی قووڵی خۆی لە ستراتیژی نوێی ئەمریکا دەربڕیوە، بەو پێیەی پێی وایە واشنتۆن هەموو سەرنجی خۆی خستووەتە سەر قەیرانی گەرووی هورمز و بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانی پشتگوێ خستووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "هآرتس"، دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێشبینی دەکەن کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ڕێگەی پێکدادانی سنووردارەوە بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوولا هەوڵ دەدەن لە جەنگێکی گشتگیر بەدوور بن.
سوپای ئیسرائیل لەو بڕوایەدایە کە ئێران بڕیارێکی ستراتیژی داوە و دەیەوێت ناکۆکییەکان تەنیا لەگەڵ ئەمریکادا بمێنێتەوە. هەر بۆیە تاران تاکو ئێستا هێرشی ڕاستەوخۆی نەکردووەتە سەر ئیسرائیل، بەو مەرجەی ئیسرائیل بە ئاشکرا و بە کارا بەشداری هێرشەکان ناکات.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە ئەگەر گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیاتر ببن، ئەوا تاران ڕەنگە بازنەی شەڕەکە بەرفراوان بکات و ئیسرائیل بکاتە ئامانج. هاوکات زانیارییە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران دەستی کردووە بە نۆژەنکردنەوەی بەشێک لەو دامەزراوە ناوەکییانەی کە لە جەنگی پێشوودا زیانیان بەرکەوتووە.
لەم چوارچێوەیەدا، سوپای ئیسرائیل لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئێران، هێشتا لە ئاستێکی بەرزی ئامادەباشیدایە. بەتایبەت هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە دۆخی ئامادەباشیی تەواودایە بۆ هەر ئەگەرێک، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئێران بڕیاری بەشدارکردنی ئیسرائیل لە بازنەی شەڕەکەدا بدات.

ژمارەی خوێندراو : 60 جار

هەواڵی زیاتر