ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.. هێرشن نەک ئۆپەراسیۆن.. جیاوازییەکەی چییە؟

8 کاتژمێر پێش ئێستا

دووبارەبوونەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی لایەنی دووەم بە بەئامانجگرتنی ئەو شوێنانەی کە بە بنکەی ئەمریکی لە وڵاتانی کەنداو دایان دەنێت، پرسیارگەلێک دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی ئایا ئەم ئاڵۆزییە سەربازییە دەبێتە هۆی گەڕانەوە بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە، یان تەنها خولێکی تری پێکدادانەکانە کە هاوتەریبە لەگەڵ دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە خولێکی تری هێرشەکانی دژی ئێران تەواو کردووە، و جەختی لەوە کردەوە کە نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان پێکاوە، لەوانە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و کەرەستەکانی چاودێریی کەناراوەکان، جگە لە پێگەکانی کۆگا کردنی موشەک و درۆنەکان و توانای دەریایی و ژێرخانی خزمەتگوزارییە سەربازییەکان لە درێژایی کەناراوەکانی ئێراندا.
هەروەها ڕایگەیاند: "هێرشەکان بۆ ئەوە بوون کە ئێران باجێکی قورس بدات لەبەرامبەر پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربرست، لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی 3 پشتیوانی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا."
لە لایەکی ترەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە ئەو شوێنانەی بە ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکانی هەردوو بنکەی "عەریفجان" و "عەلی ئەلسالم" لە کوێت، و هەردوو بنکەی "ئەلجوفەیر" و "شێخ عیسا" لە بەحرەین دادەنێت، کردووەتە ئامانج. سوپای پاسداران هۆشداریی دایە سوپای ئەمریکا کە "ئەگەر هەر دەستدرێژییەک دووبارە ببێتەوە، وەڵامە توند و وێرانکەرەکانمان بەرفراوانتر دەبن و بنکەکانی تری ئەمریکاش لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە".
هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی تۆمەتی پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆکراوی نێوانیان ئاڕاستەی یەکتر دەکەن، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو ئەو یاداشتە لە ژێر سایەی کەشوهەوای گرژییەکانی ئێستای نێوان هەردوولادا "کۆتایی پێهاتووە".
ئاڕاستەی بەرەو سەرەوە (هەڵکشاو)
لە خوێندنەوەیەکی سەربازیدا بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و پەیامەکانی واشنتۆن لە پشتیانەوە، عەقید نیدال ئەبو زەید، شارەزای سەربازی و ستراتیژی دەڵێت، ئەو هێرشانەی پێرێ ئەنجامدران 80 ئامانجیان گرتەوە و لە ڕێگەی 4 فڕۆکەوە و لە ماوەی 4 کاتژمێردا جێبەجێ کران.
بەڵام ئەوەی لە هێرشەکانی دوێنێدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە 90 ئامانجی سەربازییان گرتووەتەوە و پرۆسەکە 6 کاتژمێری خایاندووە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت ــ وەک عەقید ئەبو زەید بەردەوام دەبێت لە قسەکانی ــ کە ئاڕاستەیەکی هەڵکشاو لە شێوازی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکادا هەیە، و نزیکبوونەوەیەکی کاتی لە پرۆسەکە و یەک سنووری جوگرافیدا هەیە.
ڕوونە کە لایەنی ئەمریکی نایەوێت "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نەریتی" هاوشێوەی ئەوانەی پێش ئاگربرستەکە ئەنجام بدات، بەڵکو ــ بەوتەی عەقید ئەبو زەید ــ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە "ڕاوکردنی ئارام" وەسف دەکرێت، ته‌کنیکێکە کە لەبری چەندایەتی (بڕ) سەرنج دەخاتە سەر جۆرایەتی، و پسوڵەی تێچووەکەشی قورس نییە.
ئەبو زەید جەخت دەکاتەوە کە ناونانی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە لەلایەن لایەنی ئەمریکییەوە بە "هێرشەکان" نەک "ئۆپەراسیۆن"، لەبەر ئەوەیە کە ئەگەر بە ئۆپەراسیۆن دابنرێت، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتادۆن) پابەند دەکات بە وەرگرتنی ڕەزامەندی کۆنگرێس سەرەتا پێش ئەوەی بەرەو ئاڵۆزی بڕوات، ئەمەش ئەو شتەیە کە ئیدارەی ئەمریکا لە ئێستادا خۆی لێ بەدوور دەگرێت.
لە ڕێگەی سروشتی ئەو ئامانجە بەهای بەرزانەی کە لایەنی ئەمریکی سەرنجی خستووەتە سەریان، دەردەکەوێت کە هەوڵ دەدات سوپای پاسداران لەو توانایە دەریاییانەی دابڕنێت کە بۆ تێکدانی جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا بەکاریان دەهێنێت.
بەپێی خوێندنەوەی عەقید ئەبو زەید، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەنیاش نییە بگەڕێتەوە بۆ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و دەریاییە نەریتییەکانی پێشوو، چونکە ئەم ئۆپەراسیۆنانە تێچوویەکی زۆری سیاسی و داراییان هەیە، و نایەوێت بخشێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا.
لەلایەکی ترەوە، لایەنی ئێرانیش بەشێوازی خۆی نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ شەڕی هەمەلایەنە، بەڵکو هەوڵ دەدات هاوسەنگی و هاوتایی خۆی لەگەڵ واشنتۆن نیشان بدات، بە جەختکردنەوە لەسەر هەمان ئامانجە نەریتییەکان و بەکارهێنانی هەمان شێواز و هۆکارەکان.
عەقید ئەبو زەید ئاماژە بەوە دەکات کە بەیاننامەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دوێنێ جەختی لەوە کردووەتەوە کە لێدانی ئێران لە ڕێگەی پارچە دەریاییەکانی ئەمریکا و بە موشەکی ورد ئەنجامدراوە، بەڵام ئێران لەبری لێدانی پارچە سەربازییەکانی ئەمریکا کە لە ناوچەکەدا هەن، لێدانی کوێت و بەحرەین هەڵدەبژێرێت.
پێیوایە لایەنی ئێرانی دەزانێت کە پسوڵەی تێچووەکان زۆر قورس دەبێت ئەگەر پارچە سەربازییەکانی ئەمریکا بکاتە ئامانج، بۆیە بەرەو بژاردە ئاسانەکە دەڕوات کە لێدانی وڵاتانی کەنداوە.
دانوستان لە ژێر ئاگردا
لە ڕوانگەی عەمید ئیلیاس حەنا، شارەزای سەربازی و ستراتیژی، ئەمجارە بازنەی هێرشەکانی ئەمریکا بەرفراوانتر بووە، بە شێوەیەک گەیشتووەتە ناوچە زۆر گرنگەکان، وەک شاری بۆشەهر کە وێستگەی "عەسەلوییە"ی تێدایە، کە %70ی گازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دابین دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد کە وەڵامدانەوەی ئێران پشت بە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و ئاڵۆزکردنی ئاسۆیی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دەبەستێت، ئەمەش بەپێی وتەی ئەم شارەزا سەربازی و ستراتیژییە، کارێکی زۆر مەترسیدارە.
ڕوونیشی کردەوە کە لەناوبردنی سیستمی سەربازیی سوپای پاسداران لە گەرووی هورمزدا ڕەنگە ڕێگە بە گەڕانەوەی گەشتی دەریایی بدات بۆ گەرووەکە، پێشبینیشی کرد کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بگەڕێتەوە ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا بیەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.
هەروەها، لە شیکردنەوەیەکی پێشووتریدا ، سەبارەت بە پێشهاتە سەربازییەکانی ئێستای ناوچەکە، پێیوایە کە سیستمی سەربازیی ئەمریکا بۆ خراپترین سیناریۆ بە ئامادەیی دەمێنێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەگەری گەڕانەوەی شەڕ بەهێز دەکات، بەڵام شارەزا سەربازی و ستراتیژییەکە دەڵێت هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی لە ناوچەی خۆڵەمێشیدا (ناڕووندا) یاری دەکەن، و ناچنە سەر لێدانی بیرۆکەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆکراوی نێوان هەردوولا. دەشڵێت هەردوو وڵات لە ژێر ئاگردا دانوستان دەکەن، بەهۆی ئەو تەمومژاوییەی کە بەسەر بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد کە گەرووی هورمز شانۆی ئەم دانوستانەیە لە ژێر ئاگردا.

ژمارەی خوێندراو : 69 جار

هەواڵی زیاتر