بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واشنطن پۆست" شەپۆلێکی گەورەی لە واشنطن دروست کرد، پاش ئەوەی باسی لە دروستبوونی گرژی و ناکۆکیی توند کرد لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و وەزیری جەنگ بیت هێگسیس، ئەوەش بەهۆی کێشەی کەمیی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی کە ڕەنگە کاریگەریی خراپی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران هەبێت.
+هۆکاری سەرەکیی تووڕەیی ترەمپ
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، لوتکەی تووڕەیی ترەمپ هەفتەی ڕابردوو لە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کامپ دێڤید ڕوویدا. ترەمپ لە هێگسیس پرسی و ڕوونکردنەوەی دا کە بۆچی پێشتر پێی ڕاگەیاندبوو پرسی کەمیی چەک و تەقەمەنی چارەسەر کراوە، لە کاتێکدا ئێستا دەرکەوتووە کێشەکە زۆر قووڵە و بژاردە سەربازییەکانیان بەرتەسک کردووەتەوە. لە بەرامبەردا، وەزیری جەنگ بەرگری لە خۆی کرد و هۆکاری کێشەکەی خستە ئەستۆی جێگرەکەی، ستیڤن فاینبێرگ، بەهۆی ئەوەی بە تەواوی دۆخەکەی بۆ سەرۆک ڕوون نەکردووەتەوە.
+کاریگەری لەسەر هەڵوێستی سەربازیی ئەمریکا
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم کێشە و قەیرانە لە پاشەکەوتکردنی چەکدا، یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت پاشەکشەکردنی ترەمپ لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بەرفراوانتر بۆ سەر ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە سوپای ئەمریکا بڕێکی زۆر لە مووشەکە بالیستی و تاکتیکییەکانی، لەوانەش مووشەکە بەناوبانگەکانی "ئاتاكمز"ی لە هەفتە سەرەتاییەکانی جەنگدا بەکارهێناوە، تاوەکو ئەوەی ئێستا کۆگاکانیان بەرەو خاڵی سفر چوون و شتی ئەوتۆیان تێدا نەماوە. ئەم دۆخە ناچاری کردووە کە سوپا شێوازی بڕاردان و تاکتیکەکانی سەبارەت بە بەکارهێنانی تەقەمەنی دژی هەڕەشەکانی داهاتوو بگۆڕێت.
+ڕەتکردنەوەی فەرمی و هەڕەشەکانی ترەمپ
لە بەرامبەر ئەم هەواڵانەدا، کارۆلین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕاپۆرتەکەی واشنطن پۆستی بە تەواوی ڕەتکردەوە و بە "هەواڵی درۆ و خەیاڵی" وەسف کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە ترەمپ متمانەی تەواوی بە وەزیر هێگسیس هەیە و کەسێك دەیەوێت ناوبانگی لەکەدار بکات. هەروەها پێنتاگۆنیش ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە هەڵخەڵەتاندنی سەرۆک یان ناکۆکیی ناوخۆیی ڕەتکردەوە.
سەرباری ئەم ڕەتکردنەوە فەرمییانە، خودی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی توندی لەوانە کرد کە ناویان دبات بە "درۆزنە خیانەتکارەکان" و ئەوانەی زانیاری دەدەنە دەرەوە، و رایگەیاند کە سزادانی قورسی زیندانیکردن چاوەڕێیان دەکات. ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا خاوەنی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنییە و کارگەکانی بەرگریش بەردەوامن لە بەرهەمهێنان و ناردنیان.
+داوای بودجەی زیاتر
لە لایەکی ترەوە، کێشەی نەبوونی پێداویستییە سەربازییەکان لە مانگەکانی پێشووشدا لە کۆنگرێس باسی لێوە کرابوو. لە مانگی تەمموزدا، لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی پیراندا، هێگسیس لەگەڵ دیموکراتەکاندا تووشی دەمەقاڵە بوو، و داوای لە یاسادانەران کرد کە بڕی ٦٧ ملیار دۆلار وەک بودجەی سەربازیی زیادە تەرخان بکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە گەورەیەی لە کۆگاکانی سوپادا دروست بووە، ئەوەش وەک پێویستییەکی بەپەلە بۆ بەڕێوەبردن و بەردەوامیدانی جەنگەکە.
ژمارەی خوێندراو : 60 جار