عەباس عێراقچی: پیلانێکی ئەمریکا و ئیسرائیلمان بۆ دابەشکردنی ئێران پوچەڵکردەوە

18 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای دەکات، لە کاتی جەنگی 40 رۆژەدا، ئەمریکا هەوڵیداوە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە نائارامی لە ئێران دروست بکات، بەڵام بە هەڵوێستی توندی تاران و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە، پیلانەکە پوچەڵکراوەتەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ پێگەی "ماجرای روز" سەبارەت بە جەنگی 40 رۆژە، وردەکاریی پیلانێکی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ دابەشکردنی ئێران ئاشکرا کرد.
عێراقچی ڕایگەیاند، لە چوارەمین رۆژی جەنگەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندی بە ژمارەیەک سەرکردەی کوردستانی عێراقەوە کردووە بە ئامانجی نانەوەی نائارامی و ناردنی چەک بۆ ناو خاکی ئێران، بە مەبەستی لاوازکردن و دواجار ڕوخاندنی رژێمی ئێران.
هۆشداری توندی تاران وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە دەستبەجێ پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامداوە و پێی ڕاگەیاندوون: "ئەگەر بچوکترین هەڕەشە لە کوردستانی عێراقەوە ئاڕاستەی ئێمە بکرێت، وەڵامی توند دەدەینەوە و وا مەزانن ئێمە لە شوێنێکی دیکە سەرقاڵین".
عێراقچی جەختی لەوەشکردەوە، لەو بارەیەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، قسەی کردووە و ناوبراو بەڵێنی داوە ڕێگە بە هیچ جوڵەیەکی نائارامکەر نەدات و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات. هاوکات ئاماژەی بە ڕۆڵی تورکیا کرد و رایگەیاند، ئەنقەرە هەڵوێستێکی توندی لە بەرامبەر ئەو پلانەی ئەمریکا نیشانداوە و بەشدارییەکی کارای لە پوچەڵکردنەوەیدا هەبووە.
پاشخانی رووداوەکان ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکادا، میدیاکانی ئەمریکا پشتڕاستیان کردبووەوە کە دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی بە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانەوە کردووە. لە بەرامبەردا، بافڵ تاڵەبانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" باسی لەوە کردبوو کە لەو پەیوەندییەدا تێگەیشتووە پاراستنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانی ئەمریکادایە.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی ئاشکرای کردبوو کە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران قسەیان کردووە، تێیدا عێراقچی نائومێدی خۆی دەربڕیوە لەوەی ئێران ناچار کراوە بچێتە ناو ئەو جەنگەوە و وەک جەنگی "مان و نەمان" مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

ژمارەی خوێندراو : 136 جار

هەواڵی زیاتر